خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

وێنەیەکی دیکەی سوید دەکێشم

ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت سوید ئەندامێکی پەکەکەی رادەستکردوونەتەوە، ئەوەشی وتووە کە هەفتەی رابردوو لە ستۆکهۆڵم بووە و ئەمەی بە بەرپرسانی سوید وتووە "هەتا ئەوکاتەی بوونی پەکەکە لەوێ کۆتایی نەیەت و تاوەکو ئەوکاتەی کۆتایی بەو دۆخە نەیەت کە پەکەکە توانا و زەمینەی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاردەهێنێت، ناتوانن ببنە ئەندامی ناتۆ".

دیمەنی دوای ئەو هەڕەشەیەی تورکیا ئەمەبوو: سوید ئەندامێکی پەکەکەی رادەستی تورکیا کردەوە.

سوید لە بیرەوەریی کوردانی ئەوێ و ئێمەشدا وێنەیەکی دیکەی هەیە، وڵاتی دیموکراسی و ئازادی ومافی مرۆڤ، بەڵام ئەمانە بنەما نین بو هەڵسەنگاندنی وڵاتێک و کێشانی وێنەکەی، بەڵکو شتێکی دیکەیە کە کورد زۆر کەمتر لەبەرچاوی دەگرێت، چونکە سۆز بەسەر بیرکردنەوەماندا زاڵە؛ ئەویش ئاسایشی نیشتیمانییە.

ئێستا دیمەنەکە گۆڕاوە، سوید بۆ پاراستنی خۆی، پێشتریش بەجۆرێک هەروای کردبوو و دانی نابوو بەوەی پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەڵام ئێستا قسەکەی دەکاتە کردار و ئیتر پەکەکەییەکان وردە وردە رادەستی تورکیا دەکاتەوە.

کارتی تورکیا لەو سەودا و مامەڵەیەدا بەهێزە، بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ، پێویستە هەموو ئەندامانی رازی بن، ئەگەرنا داواکەی رەتدەکرێتەوە، تورکیا بە مەرج رازی بوو، فینلاند و سوید بەڵێنیاندا داواکانی تورکیا جێبەجێبکەن و وادەستیان پێکرد، لێرەدا پەکەکە قوربانییە، پێویستە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو جۆرە کارکردنە وردە وردە هەموو وڵاتان لەقاڵبی دەدەن.

وێنەکەی دیکەی سوید نەرێنی نییە، بەڵکو رێڕەوی خەباتی کورد بەگشتی بە ئاراستەی سەرکەوتن هەڵەیە، سیاسەتی ریالیستی ئەوەیە رێگەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوە سەرکەوتوو بێت، سێ هەزار ساڵ نەتەوەیەک نەیتوانیبێت دەوڵەتێک بۆ خۆی دروسبکات و بیهێڵێتەوە، ناکرێ هەر لۆمەی ئەوی دیکە بکات، سوید بۆ ئەندامێکی پەکەکە رادەستدەکاتەوە.

هەڵبژاردنەکانی سوید دەریخست ئاراستەی بوونە ئەندامی ناتۆ، چونکە هەست بەوە دەکرێ مەترسییەکان لەسەریان گەورەن و پێویستیان بە ناتۆیە لە رووسیا بیانپارێزێت، سەرکەوت، بەوەش حکومەتی ئێستای سوید دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا و وردە وردە چالاکییە ئاشکراکانیان لەو وڵاتە کزدەکات.

وێنەکەی دیکەی سوید ئەوەیە بۆ پاراستنی وڵات و خەڵکەکەی، هەر خۆی دەبینێت و کێ پێویست بێت دەیکاتە قوربانی، سوید ئیتر هاوپەیمانی تورکیایە و پەکەکەی پێ تیرۆریستە، نەتەوەکەی لە پەکەکە و کورد لا گرنگترە.. وێنەکە زۆر روونە، بەس کورد ئەزموونی لێ وەرناگرێت.

 خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan