راپۆرت
بێدەنگیی پەرلەمانتاران و ناكارایی پەرلەمانی كوردستان بە داتا و دۆكیومێنت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018ەوە هەتا هەنوكە بەردەوامە لە كارەكانی، هەرچەندە شەش مانگە ماوەی یاسایی كاركردنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كۆتاییهاتووە و ئەوەش ناكۆكی لەناو فراكسیۆنەكان و پارتە سیاسییەكانی هەرێم دروستكردووە، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكان و كار و چالاكییەكانی ئەم خولەی پەرلەمان درێژەیان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا چاودێرانی سیاسی و چالاكڤانانی مەدەنی بە شێوەیەكی بەردەوام و هێندەی ئەو زانیارییانەی بەپێی توانا دەستیاندەكەوێت، هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
بەپێی نوێترین راپۆرتی (ئینستیتیوتی پەی) كە بەردەوام بە داتا و ژمارە و بە وردیی چاودێریی كارەكانی پەرلەمان دەكات، لەماوەی ساڵی رابردوودا و لەمیانی كاروچالاكییەكانی پەرلەمان بۆ هەردوو خولی بەهارە و پایزە، كۆی گشتی 25 دانیشتن لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، تێیدا ژمارەیەك پەرلەمانتار كەمترین بەشدارییان هەبووە، لەوانە:
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتار لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان لەماوەی ساڵی رابردوودا هیچ قسەی نەكردووە.
بەختیار شوكری سلێمان، پەرلەمانتار لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكانی خولی پایزەدا واتە لە كۆی 15 دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان تەنها (7 چركە قسەی كردووە).
جیهاد حەسەن، پەرلەمانتار لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی 25 دانیشتنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستان تەنها (هەشت چركە) قسەیكردووە.
سەباح مەحمود، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكانی خولی بەهارە تەنها 18 چركە و كۆی گشتیی یەك خولەك قسەی كردووە.
سەعید مستەفا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكانی خولی پایزە هیچ قسەیەكی نەكردووە و كۆی گشتی تەنها 59 چركە قسەی كردووە.
سەلمە فاتح، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆی 15 دانیشتنی خولی پایزە 11 دانیشتن ئامادە نەبووە و كۆی گشتی لەماوەی دانیشتنەكانی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستان تەنها 20 چركە قسەی كردووە.
بە شێوەیەكی گشتی قسەكردنی پەرلەمانتارانی پێكهاتە جیاوازەكان لە پەرلەماندا لەنێوان هیچ بۆ 6 خولەك بووە و لە زۆرینەی دانیشتنەكانیشدا بێدەنگبوون.
لە بەرامبەردا، هەریەك لە ئیسماعیل عەلی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەریی زیاتر لە دوو كاتژمێر لەو 25 دانیشتنەدا قسەیان كردووە.
هاوكات لە كۆی 111 ئەندام پەرلەمانی كوردستان، لەماوەی 25 دانیشتنی ساڵێكی كاركردندا تەنها 56 كاتژمێر و 18 خولەك و 46 چركە قسەیان كردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی (ئینستیتیوتی پەی) لەماوەی ساڵی رابردوودا لە پەرلەمان 17 یاسا پەسەندكراوە كە یەكێكیان یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانە، بەڵام لەكاتێكدا پێویست بوو لەم خولەدا پەرلەمان یاسای بودجەی ساڵانی 2019 هەتا 2023 پەسەندبكات، هیچكامیانی پەسەندنەكردووە.
لەماوەی 25 دانیشتنی ساڵی رابردوودی پەرلەماندا، 10 دانیشتن لە خولی بەهارەدا و لەنێوان 1ی ئازاری 2022 بۆ 31ی ئابی 2022 بووە، 15 دانیشتنیش لە خولی پایزە و لەنێوان 1ی ئەیلوولی 2022 بۆ 28ی شوباتی 2023 ئەنجامدراوە، ئەو دانیشتنانەش سەرجەمیان تەنها 135 كاتژمێر و 11 خولەكی خایاندووە، بەوپێیەش پەرلەمانی كوردستان لەماوەی زیاتر لە ساڵێكدا تەنها 5 رۆژ و نیو كۆبووەتەوە.
هاوكات 56 ئەندام واژۆیان لەسەر هیچ یاداشتێك نەكردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێكی گشتیی بۆ گفتوگۆكردن لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە بریتین لە 44 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، 10 پەرلەمانتاری پێكهاتە جیاوازەكان و یەك پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
لە هەمانكاتدا پەرلەمانتارێكی پارتی و دوو پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی پێكهاتە جیاوازەكان لەكاتی گفتوگۆی پرۆژە یاساكاندا هیچ قسەیەكیان نەكردووە، لەماوەی ساڵی رابردووشدا هیچ بیرۆكەیەك لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشنەكراوە.
11 پەرلەمانتار لەماوەی یەك ساڵی كاری پەرلەماندا واژۆیان لەسەر هیچ پێشنیازە یاسایەك نەكردووە، پێكهاتوون لە سێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە چوارەمیان لە پەرلەمان دوورخراوەتەوە و دوو پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری، سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و یەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سەردەم.
هەرچی لەبارەی بەیاننامە و بڵاوكراوەكانی پەرلەمانی كوردستانیشە، سەرجەمیان تەنها بریتین لە (پیرۆزبایی، پرسەنامە، هاوخەمیی، پاڵپشتیی، سوپاسنامە و ئیدانەكردن)، هاوكات هیچ پەیامێك لەلایەن هیچ وڵات و كەسایەتییەكی جیهانیی و ناوخۆیی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە تا ئێستا ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوامە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو، لەلایەن بەرپرسانی وڵاتانی جیهانیشەوە چەندینجار هۆشداریی دراوەتە بەرپرسان و دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم سەبارەت بە رێكنەكردنەوەی پارسەنگی بەڕێوەبردنی ناوچەكە.
ش.ع.ع