راپۆرت

حاجیان دەبنە قوربانیی بڕیارەکانی سعودیە و حکومەتی هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


حاجیان دەبنە قوربانیی بڕیارەکانی سعودیە و حکومەتی هەرێم
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کێشە بۆ حاجیانی ئەمساڵ دروستدەکرێت بەهیچ جۆرێک لە بانکەکان دیناریان لێوەرناگیرێت و دۆلارییان لێوەردەگیرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەشێک لەو کەسانەی کە ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ هاتووەتەوە.

یەکێک لەو هاوڵاتییانەی کە ناوی بۆ حەجی ئەمساڵ هاتووەتەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "چووینەتە بانکەکان پارە بدەین دیناریان لێوەرنەگرتووین، بەڵکو داوایانکردووە پارەکە بگۆڕینەوە بە دۆلار کە ئەمەش بڕێکی زۆر لەسەر حاجیان دەکەوێت بەهۆی ئەوەی بەهای ئێستای دۆلار بەرزە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بێت لە دامەزراوەکاندا پێویستە بە بەهای 130 هەزار دینار مامەڵە بە دۆلارەوە بکرێت، بەڵام ئەمان پابەندنین بە بڕیارەکەوە".

هەروەها نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە مەودا میدیای وت "ئێمە لەگەڵ سعودیە بە دۆلار مامەڵەدەکەین، بۆیە هەردەبێت پارەی حاجیان بە دۆلار وەربگرین".

لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نیاز نەقشبەندی وتی "ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی کە دراوە لەبارەی ئەوەی بەهای دۆلار 130 هەزار دینار بێت حاجیان ناگرێتەوە، هەر دەبێت خۆیان لە دەرەوە دۆلار بکڕین و بیدەن بە بانکەکان".

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بێت، بۆ حەجی ئەمساڵ نزیکەی چوار هەزار حاجی ناویان بۆ بەجێهنانی فەریزەی حەج هاتووەتەوە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan