راپۆرت

بەڕۆژووبوون هەتا مردن..ئەو رووداوەی جیهانی تووشی شۆك كردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەڕۆژووبوون هەتا مردن..ئەو رووداوەی جیهانی تووشی شۆك كردووە
مەودا میدیا- شادان ع.ع

لە رووداوێكدا كە جیهانی تووشی شۆك كرد، كۆتایی مانگی نیسانی 2023 پۆلیسی كێنیا دۆزینەوەی رووفاتی زیاتر لە 100 كەس و گۆڕێكی بەكۆمەڵی راگەیاند كە لەنێویاندا منداڵ هەبوو، بەپێی راگەیاندنەكەی پۆلیس "لەپێناو بینینی پەیامبەر عیسای مەسیح خۆیان برسیكردووە هەتا مردن"،  لێكۆڵینەوەكانیش دەریدەخەن رووداوەكە ژمارەیەكی زیاتر قوربانیی هەیە.

لەناو كۆمەڵەیەكی كریستیاندا "بەڕۆژووبوون هەتا مردن" بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 كەس و منداڵیشیان تێدایە و ئەو كارەیان بەمەبەستی "بینینی پەیامبەر عیسای مەسیح" ئەنجامداوە، بەڵام بەدواداچوونەكان دەریدەخەن ئەو 100 كەسە تەنها قوربانییەكانی ئەمدواییەن و ساڵانی رابردوو چەندین رووداوی دڵتەزێنی هاوشێوە هەبووە تێیدا سەدان كەس پێكەوە كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی روفاتەكان رووی لە زیادبوونە، راگەیاندنی كێنیا دەڵێت "نزیكەی 213 كەسیش كە لە ناویاندا 122 منداڵ هەیە بێسەروشوێنن و ترسی ئەوە هەیە لەئێستادا برسی بن و ئەگەر زوو نەدۆزرێنەوە گیانیان لەدەستبدەن".

بە تۆمەتی "شوشتنەوەی مێشكی شوێنكەوتووانی"، قەشە پۆڵ ماكنزی كە پێشڕەویی كۆمەڵەیەكی ئاینی كریستییانییە و لە ساڵی 2003 دایمەزراندووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدەدرێت، ئەوەش پاش ئەوەی بۆیان روونبووەتەوە "داوا لە شوێنكەوتووەكانی دەكات بەڕۆژووبن هەتا مردن هەتا پاش مەرگ حەزرەتی عیسا ببینن"، ماكنزی ئەو باوەڕەشیان بۆ دروستدەكات كە توانای راستەوخۆ قسەكردنی لەگەڵ خودا هەیە.

گێڕانەوەی بەشێك لە قوربانییەكانی ئەو رووداوە كە لە ساڵی 2016ەوە درێژەی هەیە بووەتە هۆی شۆك بۆ جیهان، فیڵۆمینا كیڵو، خانمێكە لە رزگاربووانی ئەو رووداوە و بە هێزە ئەمنییەكانی راگەیاندووە "توانیویەتی پارچەیەك زەوی بە نرخێكی زۆر هەرزان لە ناوچەی شاكاهۆلا بكڕێت كە لەژێر دەسەڵاتی ماكنزی بووە، دواتر سێ پیاو چوونەتە كوخەكەی و پلانێكی درشتیان پێداوە سەبارەت بەو كارانەی پێویستە لەسەری ئەنجامی بدات بە درێژایی رۆژ".

بەپێی رێساكانی ماكنزی و دارودەستەكەی، سەرەتا منداڵان بەڕۆژوودەبن هەتا مردن "بۆ بینینی خودا"، دواتر ژنان و لە كۆتاییشدا پیاوان هەتا مردن بەڕۆژوودەبن (بەمەبەستی هەڵهاتن لە نەهامەتییەكانی ئەم جیهانە).

رێكخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتیی بە هێزە ئەمنییەكانیان راگەیاندووە، لەئێستادا دەیان كەسی دیكە كە ژمارەیان بە 311 كەس هەژماردەكرێت  بێسەروشوێنن و 150 منداڵیشیان تێدایە و ئەگەری ئەوە هەیە بەشێكیان خۆیان شاردبێتەوە لە پانتایی چەندین كیلۆمەتری ناوچەی شاكاهۆلا و لەكاتی دۆزینەوەشیاندا رەتیبكەنەوە خواردن بخۆن و گیانلەدەستبدەن، چونكە پێشتر رووبەڕووی ئەو رووداوە بوونەتەوە، هەندێكیشیان چەندین ساڵە بێسەروشوێنن.

رۆبێر ئەلفارس، توێژەری بواری مێژووی قیبتی لەوبارەیەوە روونیدەكاتەوە، ئەو دیاریدەیەی لە كێنیا هەیە بە درێژایی مێژووی مەسیحییەت هەیە، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵەلێكدانەوەی هەندێك تێگەیشتنی ئایینییە كە لە بنەڕەتدا پێی دەوترێت (مەرگی سپی) و بە واتای دابڕانی تەواو لە ژیان دێت لە رووی رۆحییەوە، بەڵام هەندێك كەس لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان و بەدەستهێنانی پارە و سامان بە شێوەیەكی توندڕەوانە لێكیدەدەنەوە و هاوشێوەی ماكنزی خەڵكێكی زۆر بەرەو مەرگ دەبەن بە بیانووی (بینینی پەیامبەر عیسا).

ئەو توێژەرە دەشڵێت "گەورەترین مەترسیی ئەم بابەتە لەسەر منداڵانە كە دەستبەجێ فەرمانی دایك و باوكیان جێبەجێدەكەن بێ پرسكردن و دڵنیان لەوەی دایك و باوكیان زیانیان پێناگەیەنن"، مەترسییش هەیە لەپێناو پاراستنی پارە و سامانە بەدەستهاتووەكانیان ئەو جۆرە كەسانە ببننە چەكدار و بجەنگن، چونكە لەئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە فشارێكی زۆریان لەسەرە.

جەختیشیكردووەتەوە لەوەی "بەشێوەیەكی گشتی ئاینی مەسیحی خودكوژیی یاساغ و حەرام كردووە و زۆرینەی كڵێساكان نوێژخوێندن لەسەر خودكوژ رەتدەكەنەوە بەو هۆیەی (خودكوژ رەتیكردووەتەوە رازیبێت بە كێشەكانی لە دنیادا و بڕیاریداوە كۆتایی بە ژیانی بهێنێت).

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان