کوردستانی

"کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە و سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی خۆی پیادەکردووە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە و سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی خۆی پیادەکردووە"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت "بەپێی یاسا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە"، ئاماژە بەوەشدەکات کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە رێککەوتن و سازانی نیشتمانی هەیە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە مەودا میدیای راگەیاند "کۆمسیۆن کارانەکراوەتەوە، چونکە بەو میکانزمە کاراناکرێتەوە کۆبوونەوەی رۆژی 22ی ئایاری 2023 کە تیادا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مادەی 18 بڕگەی سێیەم پیادەی دەسەڵاتی خۆی کردووە و دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێنا".

ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئاڵۆزییەکان دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهێنرا لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، ئەوەی دەوترێت جێگری سەرۆکی پەرلەمان درێژەی بە کۆبوونەوەکە داوە و پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی خراوەتە دەنگدانەوە ناپەیڕەوی و نایاساییە، چونکە تەنها کاتێک لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی پەرلەمان جێگرەکەی دەتوانێت دانیشتنەکە بەڕێوەبەرێت".

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی "بەپێی یاسا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە، چونکە بڕیار و نووسراوەکان بەپێی مادەی 18 بڕگەی 12 دەبێت سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان واژۆیان بکات".

وتیشی "کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە رێککەوتن و سازانی نیشتمانی هەیە، هەروەها نابێت بەو یاسا کۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە کۆنەی کۆمسیۆن هەڵبژاردن بکرێت، چونکە زیاتر لە 700 هەزار ناوی دووبارە و ساختە و مردوو هەیە، هەموو ئەم رێکارانە مەرجی پێش هەڵبژاردنن، تاوەکو هەڵبژاردنێکی بێ ساختە و پاک ئەنجام بدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواکەوێت باشترە وەک لەوەی زەمینە سازییەکی سیاسی و جەماوەری بۆ نەکرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، بەڵکو گرنگە ئەم رێکارانە سەرجەمی جێبەجێ بکرێن ئەوکات بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، ناکۆکییەکانی لایەنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بەردەوامی هەیە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan