راپۆرت
چین گوێدرێژەكانی ئەفریقا دەدزێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
خواردنی ئاژەڵە كێویی و دەگمەنەكان لەلایەن چینییەكانەوە، مەترسیی لەناوچوونی لەسەر ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵی جیاواز لە جیهان دروستكردووە، نوێترین مەترسیش لە ئێستادا لەسەر لەناوچوونی گوێدرێژەكانی ئەفریقا و جیهانە بە گشتیی، پاش ئەوەی ماوەی 12 ساڵە بە شێوەیەكی بەردەوام ئەو ئاژەڵە بازرگانیی و قاچاخچییەتی بەرەو چین پێدەكرێت.
كێشەكە چۆن دەستیپێكرد؟
گوێدرێژ، ئەو گیاندارەی هەمیشە كاری سەخت و ماندووكاری پێئەنجامدەدرێت، یەكێكە لە هاوڕێكانی مرۆڤ لە دێرزەمانەوە هەتا ئێستا، مامەڵەكردن و كڕین و فرۆشتنی ئەو ئاژەڵە لە نرخێكی گونجاودا بوو، كەچی لە ساڵی 2011دا نرخەكەی لەنێوان شەو و رۆژێكدا فڕی و تا ئێستا بە زێڕ و خشڵی گرانبەها مامەڵەی پێوەدەكرێت.
نرخی كڕین و فرۆشی گوێدرێژ لەئێستادا لەودیو خەیاڵەوەیە، گوێدرێژەكانی ئەفریقا و تەنانەت جیهانیش مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی خواستی چینییەكان بۆ گۆشت و پێستەكەی، هۆكار و نهێنی ئەم هەموو خواست و ویستە بۆ گۆشتی گوێدرێژ بووەتە پرسیار و پاش بەدواداچوونی میدیای جیهان دەركەوتووە، ساڵی 2011 بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیی ناوخۆی چین كە ملیۆنان چینیی تەماشاكاری بوون پەخشكرا و تێیدا باس لە مێژووی پزیشكیی پێشینانیانیان كرا تایبەت بە بەكارهێنانی مادەی "ئیژیاۆ" كە لە پێستی گوێدرێژدا بوونی هەیە، وەك دەرمانێك بۆ جوانتر بوونی پێست و لایەنی تەندروستیی و چالاككاری جەستەیی كە لە پێشینانی چین بەكاریانهێناوە.
پەخشكردنی تەنها یەكەم زنجیرەی ئەو بەرنامەیە بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان چینی بەدوای ئەم ماددە "سەرنجڕاكێشەدا" بگەڕێن ئەو ماددەیەی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا پێشینانیان بەكاریانهێناوە، مادەی "ئیژیاۆ" لە پرۆتینی "كۆلاجین"ی دروستبوو لەناو پێستی گوێدرێژ بەرهەمدەهێندرێت بە بۆچوونی چینییەكان ئەو مادەیە گەنجتر و چالاكتریان دەكات.
لەناوچوونی گوێدرێژەكان لە جیهان
لەئاكامی ئەو بەرنامە تەلەڤزیۆنییەی ساڵی 2011 لە چین، خواست لەسەر گوێدرێژ گەیشتە ئەوپەڕی تەنانەت لەوكاتەوە تا ئێستا نرخەكەی بێئەندازە گرانبەهایە، كێشەكەش ئەوە بوو چین هێندە گوێدرێژی نەبوو كە خواست لەسەر گۆشت و پێستەكەی بۆ دانیشتوانی وڵاتەكەی پڕبكاتەوە، سەرەنجام هەوڵیدا هاوردەی گوێدرێژ بكات لە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی بە دیاریكراوی (ئەفریقا) كە رێژەیەكی زۆر لەو ئاژەڵەی تێدا بوو.
گوێدرێژەكان لەلایەن خەڵكی وڵاتانی وەك مالی، تانزانیا و زیمبابوێ بەكاردەهێندران لەمیانی بەڕێكردنی كاری سەختی رۆژانەیان، كاتێكیش خەڵكی ئەو وڵاتانە رازینەبوون ئاژەڵەكانیان بفرۆشن بە چین، قاچاخچییەتی و دزین دەستیپێكرد.
جوتیارە بێدەسەڵاتەكان ئاژەڵە بەنرخەكانی خۆیان دەبینی بە كەوڵكراویی و پاشماوەكانیان بەجێهێڵرابوو بۆ پووكانەوە، بەپێی بەداواداچوونەكان ساڵانە چین زیاتر لە پێنج ملیۆن گوێدرێژی دەوێت بۆ بەرهەمهێنانی خواستی دانیشتوانەكەی، نزیكەی دوو ملیۆن لەناو چین بەردەستدەبێت، بەڵام زیاتر لە سێ ملیۆن گوێدرێژ، واتە لەسەدا 35ی خواستی ساڵانە لە وڵاتانی ترەوە و بە رێگەی "دزین" بەدەستدەهێنێت.
ئێستا، پاش چەندین ساڵ لە بازرگانیكردن بەو ئاژەڵەوە و دروستبوونی مەترسیی لەناوچوونی هەندێك لە وڵاتە ئەفریقییەكان بڕیاریانداوە بەرامبەر ئەو كارە بوەستن، هەریەك لە وڵاتەكانی تانزانیا و نایجیریا بە یاسا سەربڕین و كەوڵكردنی گوێدرێژیان یاساغكردووە.
1000 دۆلار بۆ یەك گوێدرێژ
چاودێرانی بوارەكانی ئاژەڵ و بازرگانیی دەڵێن دزیكردن و مامەڵەی قاچاخ بە گوێدرێژەكانی ئەفریقاوە بۆ چین ناسروشتییە، بە جۆرێك پێشتر لە زیادكردنی ئاشكرادا گوێدرێژێك بە 30 دۆلار دەفرۆشرا بەڵام ئێستا لە چین نرخی گوێدرێژێكی دزراو زیاترە لە 1000 دۆلار، ئەوەش هەڵئاوسانی بازاڕی مامەڵەكردن بە گوێدرێژ دەردەخات لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا و لە زیادبوونیشدایە.
لێكەوتەكانی دزینی گوێدرێژی ئەفریقا لەلایەن چین؟
وێڕای ئەوەی زیاتر بەمەبەستی وەرگرتنی (ئیژیاۆ) لە چین خواست لەسەر گوێدرێژە و وەك دەرمان بەكاریدێنن، بەڵام ئەو كارە دەبێتە هۆی كوشتنی هەزاران گوێدرێژ و مەترسیی لەناوچوونی ئاژەڵەكەی دروستكردووە لە جیهاندا كە بە گوێرەی نوێترین ئاماری 2023 ژمارەیان لە جیهاندا تەنها 44 ملیۆنە و زۆرینەیان لە ناوچەكانی ئەفریقان، لەئێستادا تەنها 600 گوێدرێژ لە ئەسیوپیا، ئێریتێریا و سۆماڵیا ماونەتەوە، لەكاتێكدا بە شێوەیەكی گشتی خولی ژیانی گوێدرێژێك تەنها 40 ساڵە.
هاوكات رەتكردنەوەی فرۆشتنی گوێدرێژەكانیان لەلایەن جوتیاران و خەڵكی كیشوەری ئەفریقا بووەتە هۆی ئەوەی باندی دزینی گوێدرێژ دروستبێت و پاش دزینیان بە پارەیەكی خەیاڵی مامەڵەیان پێوەدەكرێت.
لەلایەكی دیكەشەوە دزینی ئەو ژمارە زۆرەی گوێدرێژ كێشەی كار و خوێندنی بۆ هاوڵاتیانی "كیشوەری دایك" دروستكردووە كە بەهۆی نەمانی ئاژەڵەكانیانەوە، هەندێكیان ناتوانن رێی دوور بۆ كێڵگە و باخەكانیان ببڕن و هەندێكیشیان منداڵەكانیان لە خوێندن وەستاون بەهۆی دووری رێگەیان بۆ خوێندنگە.
لە توێژینەوەیەكی زانستیی زانكۆی ئۆكسفۆردیشدا هاتووە، چەندین ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی لەلایەن بازرگان و قاچاخچییە مەترسیدارەكان دانراوە بەمەبەستی فرۆشتنی پێست و گۆشتی گوێدرێژ بە نرخێكی كەم بەڵام لە راستیدا دەرمان و ماددەی هۆشبەر دەفرۆشن و كارەكەیان بە بازرگانیكردن بە گوێدرێژ دەشارنەوە.