راپۆرت

ژیریی دەستكرد جێگەی دەستی كاری مرۆڤ دەگرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژیریی دەستكرد جێگەی دەستی كاری مرۆڤ دەگرێتەوە
مەودا میدیا- 


لە حەفتاكانی دەیەی رابردووەوە هەتا ئێستا، لە كەرتەكانی هونەر و سینەما و زانست و تەكنەلۆجیا بە شێوەیەكی گشتیی باس لە تەكنەلۆجیا و ژیریی دەستكرد كراوە و لە ئێستادا بە دیاریكراویی باس لەوەدەكرێت چیدی كارێك نامێنێت رۆبۆتەكان و ژیریی دەستكرد نەتوانن ئەنجامیبدەن.

دیمەنەكانی یەكێك لە فیلمە ئەنیمەیشنەكانی 15 ساڵ لەمەوبەر، لە كارتۆنی WALL-E نیشانیدەدات لە داهاتوودا مرۆڤ بێجگە لە خواردن و كاتبەسەربردن هیچی دیكە ناكات و رۆبۆتەكان خزمەتیاندەكەن.


ئێستاش گەورەكۆمپانیاكانی جیهان و شارەزایانی بواری تەكنەلۆجیا دەڵێن "چاوەڕێبن، رۆبۆتەكان جێگەی دەستی كاری مرۆڤ دەگرنەوە"، لەلایەكی دیكەوە ریشی سوناك، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری تەكەنەلۆجیا ئاماژە بەوەدەكات "ژیریی دەستكرد هێندە بەهێزدەبێت دەتوانێت تەنها لە دوو ساڵدا ژمارەیەكی زۆر مرۆڤ لەناودەبات".


ئایا پێویستە بترسین؟ دەبێت رووبەڕووی بینەوە؟ یان ئەمەش گۆڕانكارییەكی سادەیە لە جیهانی مرۆڤایەتییدا و مەترسیی نییە؟


 

جاران هەر شتێكی سەرەتاییمان لە بەرنامەكانی كۆمپیوتەر بزانیایە دەستبەجێ لە پێشینەی كارەكانمان دەماننووسی، بەڵام ئێستا چاخێكی نوێ دەستپێدەكات

لەم چاخە نوێیەدا تەنها ئەو كەسانەی خوێندەواریی "زیرەكیی دەستكرد"یان هەبێت، لە خوێندنگە، ئیش و هەر شوێنێكی هاوشێوە سەركەوتوودەبن.

 

ئەی ئای چییە؟

سیری، گووگڵ ئەسیستانت، مای ئەی ئای، لەم ساڵانەی دواییشدا لەناو جیهانی كار و خوێندن و تەنانەت فیلم و كارە هونەرییەكانیش وشەی (AI) دەبیستین؛ ئەی ئای كورتكراوەی (Artificial Intelligence)ە و بە واتای "ژیریی دەستكرد" دێت.

 

ژیریی دەستكرد پرۆسەی لاساییكردنەوەی ژیریی مرۆڤ و بەكارهێنانییەتی لەسەر ئامێرەكان بەتایبەتی سیستمی كۆمپیوتەر و رۆبۆتەكان، ئەو بوارانەی بە شێوەیەكی سەرەكیی لە ژیریی دەستكرددا كاریان لەسەر دەكرێت بریتین لە:

-سیستمەكانی تایبەت بە پسپۆڕییەكانی وەك پزیشكی و ئەندازیاری و هاوشێوەكانیان

-زمانەوانیی و وەرگێڕان

-توانای گفتوگۆ و بینینی ئامێریی

نموونەیەك لەو پرۆسەیە خزمەتگوزاریی مای "ئەی ئای"ە لە سناپچات، كە رۆبۆتێكی تایبەت بە قسەكردنە (واتە چاتبۆت)ێكە، كە لەگەڵ بەكارهێنەرانیدا دەدوێت و وەڵامی هەر پرسیارێك دەداتەوە كە لێیدەكرێـت، ئەو خزمەتگوزارییە بەشێكە لە AI

ئێستا ئاستی ژیریی دەستكردی رۆبۆتەكان گەیشتووەتە قۆناغێك، ئەو كارانەی مرۆڤەكان دەكەن كە پێویستیی بە بەكارهێنانی هزر و ژیرییەكی ئاستبەرز هەیە.

 

ئایا دەبێت بترسین؟

سەرەتای ئەم مانگە IBM وتی زیرەكیی دەستكرد دەبێتە جێگرەوەی 7 هەزار و 800 كارمەندی كۆمپانیاكە.

بەشێك لە خەڵك ئەم چەرخە نوێیەی تەكنەلۆجیا بە مەترسیی دەبینن، ئایا زیرەكیی دەستكرد هەموو كارەكان لە مرۆڤ باشتر، كاریگەرتر و خێراتر ئەنجامدەدات؟ ئەمە یەكێكە لە بۆچوونەكان.

 

هەندێكی تر دەڵێن وەك سەرەتای دروستبوونی "ئامێرەكان" چاخەكە دەگۆڕێت، ئامێرەكان جێی هەندێك لە كارەكانی مرۆڤیان گرتەوە بەڵام ژمارەیەكی زۆر كاری دیكە هاتە مەیدان.

 

زیاتر بیرۆكەی ژیریی دەستكرد روونبكەینەوە

ساڵی 2012، كاتێك هێشتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت بەم ئاستەی ئێستا بەرفراوان نەبوون، زنجیرەبازاڕەكانی تارگێت لەرێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیایەكی زۆر سادەتر بەراورد بە ئێستا، دەیانتوانی تەنها لە رێگەی ئەو كارتە ئەلیكترۆنییانەی كڕیاران بۆ كڕینی كاڵا بەكاریدەهێنن خانمانی دووگیان لە كڕیارەكانی دیكە جودابكاتەوە تەنها بە شێوازی كڕینی كەلوپەل و جۆرەكانیان.

تەنانەت دەیتوانی رەگەزی كۆرپەكەش دیاریبكات بەپێی ئەو رەنگانەی خانمانی دووگیان هەڵیدەبژێرن، بەو شێوەیە بە ئیمەیڵ و نامە رێكلامی كەلوپەلی تایبەت بە كۆرپەی تازەلەدایكبووی بۆ ئەو كڕیارانە دەنارد.

لە رووداوێكیشدا باوكێك لە رێگەی ئیمەیڵ و نامەكانی ئەو خزمەتگوزارییەی تارگێتەوە دركی بەوەكرد كچەكەی دووگیانە.

 

دەبێت چی بكەین؟

پێشبڕكێی مرۆڤ لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد دەمێكە دەستیپێكردووە، بترسین؟ شۆك بین و سەرمان سووڕبمێنێت؟ كارەكانمان لەدەستدەچێت؟ درەنگە بۆ ئەو پرسیارانە و كار لەمانەدا نەماوە.

چەند ساڵێك لەمەوبەر بیرمەند و شارەزایانی بواری تەكنەلۆجیا باسی ئەو بابەتانەیان كرد، ئەم تەكنەلۆجیایە زۆر نوێ نییە، ساڵی 1996 ژیریی دەستكردی كۆمپیوتەرێكی ئەو كاتە توانی لە یاریی شەترەنج لە گاری كاسپارۆڤ، پاڵەوانی جیهانیی ئەو یارییە بباتەوە.


كەواتە تەواو، مرۆڤ ئەوەی لەبەردەستدایە كە تەنها "خۆی لەگەڵ بگونجێنێت"، چونكە تەنها ئەوانەی دەتوانن خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، دەتوانن لە ململانێكان بەرامبەر زیرەكیی دەستكرد بیبەنەوە.

 
ئەم راپۆرتە بە شێوەیەكی زنجیرەیی لە مەودا میدیا بەردەوامدەبێت بۆ باسكردنی ژیریی دەستكرد هەنگاو بە هەنگاو

 
شادان ع.ع
 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان