راپۆرت
ئەردۆغان هیوای لەسەر كوردەكانی كابینەكەی هەڵچنیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی توركیا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لە كابینە نوێیەكەی حكومەتی توركیادا، كورد دوو پێگەی هەستیاری پێدراوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هیوای بە دوو كوردی كابینە نوێیەكەی هەیە چارەسەری كێشەكانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی دیكە و قەیرانی ئابووریی وڵاتەكەی بكات.
4ی حوزەیران 2003 كابینە نوێیەكەی حكومەتی ئەردۆغان راگەیەندرا، لەم كابینە نوێیەی حكومەتی ئەردۆغاندا كۆی گشتیی چوار كورد پێگەیان پێدراوە، بەڵام دوان لەوانە كە پێگەكانی وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینە و دارایی توركیان، هێندە هەستیارن كە چاوی جیهان لەسەریانە.
لە ئێستادا گەورەترین كێشەكانی توركیا بریتین لە قەیرانی هەڵئاوسانی ئابووریی و پەیوەندییەكانی وڵاتەكە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهان بەتایبەت لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكانی رۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل.
ئەمجارە بۆ پێگەی وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كابینەی نوێدا هاكان فیدان دەستنیشانكراوە، كە بەنەژاد كوردە، خەڵكی وان-ە و لەنێو (میت) دەزگای زانیاریی توركیا و هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەس (ناتۆ) و پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتە مێژوویەكی دێرینی هەیە.
بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی توركیاش، محەمەد شیمشێك كە بەنەژاد كوردە، تەمەنی 56 ساڵە و خەڵكی ماردین-ی باكووری كوردستانە، بە وەزیری گەنجینە و دارایی كابینە نوێیەكەی ئەردۆغان دەستنیشانكرا.
ئەو دوو وەزیرە كوردە لە كابینە نوێیەكەی توركیا، لەئێستادا لەلایەن ئەردۆغان و گەلەكانی توركیاوە هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچندراوە، لەكاتێكدا ئابووریی توركیا لەماوەی دوو ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا بەرەو خراپتر دەڕوات، بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی پێیوایە شیمشێك كە ئابووریناسێكی بەتوانایە و پێشتر یاریدەدەری سەرۆك كۆمار بووە و ساڵی 2008 لەمیانی قەیرانی ئابووریی جیهانیدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە هەستانەوەی ئابووریی توركیا، ئەمجارەش ئابووریی توركیا هەڵدەستێنێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە هاكان فیدان كە تەمەنی 54 ساڵە و لە ساڵی 2010ەوە سەرۆكی (میت) دەزگای زانیاریی توركیایە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پەیوەندییە سیخوڕییەكانی نێوان توركیا و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی 2023وە كاتی حوكمداربوونی ئاكپارتی هەتا ئەم دەمە لە چەندین پێگەی جۆراوجۆری سەربازیی و حكومیی رۆڵی هەبووە.
نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2015 یەكێك بووە لە دیارترین ئەو بەرپرسانەی حكومەتی توركیا بەشداربووە لە كۆبوونەوە و دانوستانەكانی ئاگربەست و ئاشتیی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بەمەبەستی چارەسەركردنی دۆزی كورد لە ناوچەكەدا.
ساڵی 2012 یەكێك لە داواكارە گشتییەكانی توركیا بە تۆمەتی "پشتیوانیكردنی تێرۆر" هەوڵیدا لێپێچینەوە لەگەڵ هاكان فیدان بكات بەهۆی ئەوەی لە دانوستانەكانی نێوان ئەنقەرە و پەكەكە هەوڵی جددی داوە، بەڵام ئەردۆغان پارێزبەندیی (حەسانە)ی بۆ فیدان و چەند بەرپرسێكی دیكە دەركرد، ساڵی 2016 هەمان داواكاری گشتیی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزاڤتی خزمەت، پارتەكەی فەتحوڵا گیولێن دەستگیركرا.
لەمیانی یەكەمین لێدوانیدا وەك وەزیری نوێی گەنجینە و دارایی توركیا، محەمەد شیمشێك وتی "توركیا دەبێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و جێگیركردنی نرخەكان ئامانجی سەرەكیمان دەبێت".
لەوبارەیەوە ئاورا سابادوس، توێژەر لە ناوەندی شیكاریی سیاسەتی ئەوروپی وتی "دەستبەكاربوونی شیمشێك هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ بازاڕەكانی توركیا و هاوپەیمانانی و دەتوانێت كاری باش ئەنجامبدات".
پێچەوانەی سەرجەم كاربەدەستانی توركیاش، هاكان فیدان خۆی دووردەگرێت لە چاوپێكەوتن و دەركەوتنی میدیایی، تەنانەت لەو كاتانەش كە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، ئەوەش وایكردووە جێی سەرنج بێت لەسەر ئاستی جیهان و مەراقێكی زۆری لەسەر دروستبووە.
ئەم دوو وەزیرە بەنەژاد كوردەی توركیا، لەئێستادا هیوان بۆ داهاتووی توركیا و لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانیش بە چڕیی چاودێریی هەنگاوەكانیان دەكرێت.
شادان ع.ع
شادان ع.ع