راپۆرت
مەحسون كرمزگیول، لەنێوان دۆستبوون و دژبوون بە گەلەكەی لە كوێدایە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هاوشێوەی دەستپێكی ژیانی ملیۆنان كورد، چیرۆكی ژیانی ئەم هونەرمەندە بەنەژاد كوردە كە جیهان بە تورك دەیناسێت، پڕە لە سەختیی و بە سەختییش دەگاتە لوتكە لە توركیا، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە چۆن هاواری پێكەوەژیان دەكات، ئازادانە و بوێرانە بە تەواویی باس لە شوناسی خۆی بكات.
مەحسون كرمزگیول، 1969 لە ئامەدی پایتەختی كوردستانی گەورە كە ئێستا پێیدەوترێت دیاربەكر لەدایكبووە، وێڕای ئەوەی باوكی لە ژیاندا بووە، بەڵام بێباوك گەورە بووە و سەرەتاكانی ژیانی لەوپەڕی هەژاریدا ژیاوە، هەتا پێنج ساڵییش خاوەنی ناسنامە نەبووە بەهۆی دۆخی سیاسی ئەو كاتەی توركیا.
برا گەورەكەی، مەحموود لەجێی باوكی بووە، هەر ئەویش لەرێی تەماشاكردنی فیلمە سینەماییەكانی دەرهێنەری كورد یڵماز گیونێی، بە سینەما و جیهانی هونەر ئاشنای كردووە، بەڵام هەر زوو مەحسون براكەی لە كارەساتێكی دڵتەزێن لەدەستدەدات.
لە منداڵیدا بنێشت و ئاو و جگەرەی فرۆشتووە بۆ ئەوەی هاوكاریی دایكی بكات لە پەیداكردنی بژێوی، بەڵام دەستیشی لە خوێندن بەرنەداوە و سەرەنجام كۆلێژی هونەرەجوانەكان، بەشی دەنگی تەواوكردووە.
سەرەتای دەركەوتنی پاش چوونی بووە بۆ ئیستانبوڵ، لەوێ ماوەتەوە و سەرەنجام دوای چەندین هەوڵ و ماندووبوون نازناوی "پادشا"ی پێبەخشرا كە لە گۆرانییەكی خۆی بەناوی "تۆ پادشایت" وەرگیرابوو.
وێڕای ئەوەی زۆرینەی هاوڕێ و هاوپیشەكانی باوەڕیان بە سەركەوتنی نەبوو لە كەرتی سینەمادا، بەڵام كرمزگیول بە چەندین فیلمی سینەمایی بووە یەكێك لە بەناوبانگترین دەرهێنەرەكان لەسەر ئاستی توركیا و وڵاتانی چواردەور، تەنانەت فیلمەكانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كاری دەرهێنانی بۆ دەكرا و لەوێش پەخشكراون.
لە سەرەتاكاندا و لەژێر كاریگەریی یڵماز گیونێی، كڕمزگیول گۆرانیی سیاسیی دەچڕی و رەنگی پەیامەكان لە گۆرانییەكانیدا دیاربوون، بەوەشەوە نەدەوەستا و یەكێك بوو لەو كەسە بەناوبانگانەی هاوشێوەی گەنجانی یاخیی ئەو سەردەمە لە دادگاكان بوو.
ساڵی 1999 كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان زیندانیكرا، هاوشێوەی ئەحمەد كایا پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی و لە ساڵانی دواتریشدا كۆنسێرتی بۆ سازدا، بەڵام لە كۆتاییدا چارەنووس و هەڵوێستەكانیان لەگەڵ كایا زەمین و ئاسمان جیاوازیی هەبوو.
ناو و ناوەرۆكی گۆرانییەكانی هەمیشە شێوازێكی یاخیبوونیان پێوە دیاربوو "نەرووخاوم بەپێوەم، ماندووبووم، لێ دایێ، گۆرانیی برایەتیی و لە ئێمە نییە"، سەرجەمیان باس لە ستەم و نادادیی دەكەن و ناراستەوخۆ نەهامەتییەكانی كورد باسدەكەن.
لە وتەكانیدا زۆرجار وتوویەتی نكوڵیی لە شوناسی خۆی ناكات بێئەوەی ناوی كورد بوونی بهێنێت، زۆرجاریش لە كۆنسێرتە كۆنەكانیدا پاش چەندین داوای لێبوردن گۆرانیی كوردی چڕیوە، بەڵام ئەو شەوەی كە بووە هۆی پرسیاركردن لە راستگۆیی كڕمزگیول بەرامبەر بە هەڵوێستەكانی بەرامبەر گەلەكەی، ئەو شەوە بوو كە زۆرینەی كەسایەتییەكانی توركیا هێرشیانكردە سەر ئەحمەد كایا، سترانبێژی بەناوبانگی كورد لە باكوور.
ئەو شەوە بەشێك لە هونەرمەندانی بەنەژاد كورد شانبەشانی هونەرمەندان و بازرگانانی تورك بەشداربوون لە هێرشكردنەسەر ئەحمەد كایا، سەرەتا بە وتنەوەی مارشی ساڵی 10یەمی ئەو توركیا و پاشان بە هێرشكردنەسەری بە چەتاڵ و چەقۆ.
لە دیمەنەكاندا كرمزگیول پێچەوانەی تاتڵسێس پاش پێداگریی رێها موهتار، یەكێك لە هاوڕێكانی هەڵدەستێت، بەڵام زوو لەناو چەپڵەرێزانی دژ بە كایا دادەنیشێتەوە، دواتریش بەهۆی ئەوەی دوو كوردی دیاری ناو هونەری توركیان، هەردوكیان بانگدەكرێنە سەر ستەیج و لەكاتێكدا نێوانیان تەواو نییە، ناچاردەكرێن وا پیشانیبدەن ئاشتبوونەتەوە و ئەو كارە دژ بە كایا دەكەن.
ساڵانێكی زۆر دواتر، كرمزگیول داوای لێبوردنی كرد، بەڵام هەتا ئێستاش ئەوە پرسیارە لای هەر كوردێك هۆشیاربێت بە دۆخی ئەو كاتەی كورد لە جیهان و توركیا بەتایبەت، ئەگەر مەحسون بەڕاستی نەژادی خۆی لەیادنەكردووە، بۆچی هاوهەڵوێستی كایا نەبوو، یان لانیكەم دژایەتیی نەكردایە، ئەگەریش لەیادیكردووە، بۆچی جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە ئەو منداڵی ئامەد-ە و هەمیشە دەزانێت رەچەڵەكی چییە.
شادان ع.ع
شادان ع.ع