رامیار جەمال

رامیار جەمال

تکایە بڕوانامەیان پێمەدەن!

وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دوێنێ لە بڕیارێکیدا سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژ و زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بە نەکەوتوو دادەنێت، واتا سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ بۆ ساڵی 2022-2023 دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرن. ئەمە گورزێکی کوشندەیە لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکە، لە داهێنان و داهاتووی خوێندکاران. 

مەترسی ئەم بڕیارە لەوەدایە خوێندکار سبەی داوای کاردەکات کە دەستی ناکەوێت، بازاری کار داوای زمان و کارامەیی لێدەکات کە نایزانێت. جگە لەوانە، ئەم دەرچووانە ناتوانن دەرفەتی خوێندن لە زانکۆ باشەکانی دەرەوە پەیدابکەن، چونکە وەها بڕیارێک ئاستی ئەکادیمی زانکۆ عیراقییەکان دادەبەزێنێت. بیریشمان نەچێت هەرێمی کوردستانیش باجی ئەم بڕیارە دەدا، ئێمەی هاوڵاتییانی کورد هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێشکەوتووش بن هێشتا وەکو زانکۆ عێراقیەکان دەخەمڵێنرێن. گرفتێکی گەورەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عیراق ئەوەیە بڕوانامە بە ئاسانی دەدەن بە خوێندکار، بۆیە خوێندکار بە هەڵسەنگاندنێکی دروستدا ناڕوات. بە پێچەوانەشەوە رەهەندێکی گرنگی پێشەکەوتنی زانکۆ نێودەوڵەتییە رۆژئاواییەکان ئەوەیە کە خوێندکار زێدە ماندوو دەکەن، نمرە زۆر سەخت دەدرێت بە خوێندکار وە بەلایانەوە ئاساییە خوێندکار دەرنەچێت و بڕوانامە وەرنەگرێت. 

بیریشمان نەچێت خوێندن لە زۆر وڵات تێچوویەکی زۆری هەیە، چەندین کەس تائێستا لەبەر تێچووی مادی نەیتوانیوە بخوێنێت. بەپێی راپرسیەک ژمارەی ئەو کەسانەی کە بروانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە نزیک بە لە 50%یە. لەئێستادا ملیۆنان کەس بێ بڕوانامەن و دەرفەتی خوێندنیان نەبووە لە بەر هۆکاری مادی و هەژاری. ئەم وولاتانەی خەڵکەکەی دەرفەتی خوێندنیان نەبووە وڵاتە نیمچە گەشەکردووەکان دەگرێتەوە کە لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و لاتینی ئەمەریکان. بەڵام جێگەی باسیشە ئەوە بڵێین لە ولاتێکی پێشکەوتووی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەزاران کەس بێبەشن لە خوێندن بەو هۆکارەی خوێندن لەوێ زۆر گرانە و تێچووی زۆری هەیە. خوێندکار لەوێ پارە قەرز دەکات لە زانکۆ یان حکومەت، دوای چەندین ساڵ خوێندن و خۆ ماندووکردن دەبێت چەندین ساڵ ئیش بکات تا بتوانێت پارەی خوێندنەکە بداتەوە. بەپێی ئامارێک یەک ترلیۆن و 600 هەزار دۆلار قەبارەی ئەم قەرزەیە کە لەلایەن 43 ملیۆن خوێندکارەوە بۆ تێچووی خوێندنەکەیان وەریانگرتووە. 

ئەمەیە سەختی و نەهامەتی خوێندن لەدەرەوە و ئاسانی دابەشکردنی بڕوانامە لە ولاتی ئێمە و وڵاتانی نیمچە گەشەکردوو. پێشنیار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەم، ئەگەر خوێندکار شایەنی بروانامە نییە، تکایە پەی مەدە! خوێندکار بە وەرگرتنی بڕوانامە وێنەیەکی خودی (Self image) هەڵە بۆخۆی دروستدەکات. تۆ کە هەروا بە ئاسانی بروانامەی پێدەدەی، سبەی بە مافی خۆی دەزانێت، داوای کار و ژیان و گوزەرانی خۆش لەتۆ بکات. وەزیری خوێندنی باڵا خۆی ماوەیەک لەمەوبەر لە بۆنەیەکدا "وتی 1/3ی ئەوانەی بڕوانامە وردەگرن کاریان دەستناکەوێت کە من دلنیام رێژەکە لەوە زیاترە".

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan