راپۆرت

جونبوڵات بەنەژاد كورد و سەركردەیەكی دیاری سیاسیی لە مێژووی لوبنان

مەودا میدیا - سلێمانی |


جونبوڵات بەنەژاد كورد و سەركردەیەكی دیاری سیاسیی لە مێژووی لوبنان
مەودا میدیا-

"كوردەكان مافی ئەوەیان هەیە لە پەرلەمانی لوبنان ئەندامیان هەبێت، ئێمە لە بنەڕەتدا وەك باوكم (كەمال جونبوڵات) وتوویەتی، شانازیدەكەین بە كەلەپووری كوردیی خێزانەكەمانەوە" ئەمە وتەكانی وەلید جونبوڵاتە.

وەلید جونبوڵات (سەرۆكی حزبی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیستی لوبنان) یەكێك لە گەورەترین و دیارترین سەركردەكانی عەشیرەتی درزییە و دیارترین گەمەكارەكانی سیاسەتی لوبنانە.

وێڕای ئەوەی بە كوشتنی باوكی تۆمەتباربوو هاوپەیمانییەتی لەگەڵ رژێمی حافز ئەسەد كرد، لەنێوان پارت و هاوپەیمانییە جیاوازەكانی لوبنانیش بازبازێنی زۆری كردووە.

وەلید جونبوڵات لە شارۆچكەی موختارەی قەزای ئەلشوف لە لوبنان لەدایكبووە، كوڕی بیرمەند و سیاسەتوانی بەناوبانگ "كەمال جونبوڵات"ە، كە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە بەرەچەڵەك خێزانێكی كوردن، كەمال جونبوڵات دامەزرێنەری پارتی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیست و سەرۆكیشیی بوو، كە  لەلایەن حافز ئەسەد، باوكی بەشار ئەسەد-ەوە كوژرا بەهۆی ناكۆكیی گەورەی سیاسیی نێوانیان.
 
وەلید ساڵی 1977 لە زانستە سیاسییەكان بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە، پاش كوژرانی باوكی چووە ناو مەیدانی سیاسەت، لەمیانی جەنگی نێوخۆی لوبنانیشدا نزیكترین حزب بوو لە هێزەكانی ئەسەد.

لەبارەی هۆكاری هاوبەشیی لەگەڵ هێزەكانی ئەسەد وەلید جونبوڵات "زۆر بە راشكاوی دەیڵێم ئەو كاتە ئامانجم چەكداركردن و راهێنان و ئامادەكردنی حزب بوو بۆ رووبەڕووبوونەوە، ئەوە ئامانجم بوو، ئەو كاتە بە هاوكاریی روسیا، سۆڤییەتی ئەو كاتە و سوریا".

لەگەڵ كۆتاییهاتن بە شەڕی ناوخۆی لوبنانیش، یەكێك لە لایەنەكانی هاوپەیمانیی تائیف بوو، چووە ناو حكومەت  بە پلەی وەزیری كاروباری پەنابەران هەتا ساڵی 1998، هەتا مردنی حافز ئەسەد لەناو حكومەتی لوبنان مایەوە.


دوای ئەوەی حیكمەت شەهابی هاوپەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای سوریا لە ئەركەكەی دوورخرایەوە چووە ناو هاوپەیمانییەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنە مەسیحییەكان، ساڵی 2005 پاش كوژرانی رەفیق حەریری، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی لوبنان لەگەڵ سەعد حەریری و سەمیر جەعجەع "شۆڕشی سەربەخۆیی"ان راگەیاند و بووە یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی جووڵانەوەی 15ی ئازار كە داوای سەربەخۆیی لوبنان و كشانەوەی هێزەكانی ئەسەدیان لە ناوچەكە دەكرد.

دواتر جونبوڵات چووە پاڵ جوڵانەوەی 8ی ئازار بە سەرۆكایەتیی حزبوڵا و جووڵانەوەی هیوا، بەڵام ساڵی 2011 پشتیوانیی شۆڕشی سوریای كرد دژی بەشار ئەلئەسەد، لە زۆر بۆنەی جیاوازدا هێرشیدەكردەسەر بەشار ئەلئەسەد، دژ بە دەستێوەردانی سەربازیی حزبوڵاش لە سوریا وەستایەوە

داوای لە درزییەكانیش كرد لە جووڵانەوەكانیان لەگەڵ "شۆڕشی" سوریا پشتیوان بن، جونبوڵات لە زۆرێك لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە بەنەژاد كوردە.

ئێستاش پاش 46 ساڵ لە سەرۆكایەتیی كردنی حزبی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیستی لوبنان، رێكەوتی 25ی ئایاری 2023 دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە سەرۆكایەتیی حزبەكە و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن راگەیاند، بەئامانجی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە سیاسی و حزبیەكانی لەگەڵ تەیمووری كوڕی.

 

شادان ع.ع

Qaiwan
Qaiwan