راپۆرت

جەنگیز چاندار.. دۆستی دێرینی كورد و نەتەوە ستەمدیدەكان

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەنگیز چاندار.. دۆستی دێرینی كورد و نەتەوە ستەمدیدەكان
مەودا میدیا-


لەگەڵ ئەوەی لە توركیا كەمترین كات دان بە مافەكانی كورد دەنرێت و بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1923ەوە هەتا ئەم دەمە، بەڵام بە درێژایی ئەو مێژووە ئەگەر كەمیش بن، ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی و ئەكادیمیی ئەو وڵاتە كە بە نەژاد توركن، هەوڵێكی زۆریانداوە بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی چارەسەركردنی دۆزی كورد و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد.

یەكێك لەو كەسایەتییە دیارانە بە نەژاد توركە و دەڵێت "بە گیان كوردستانیم"، نەوەی دەسەڵاتدارانی عوسمانییەكانە و راوێژكاری تایبەتی سەرۆك كۆماری پێشووتری توركیا بووە، لە هەمانكاتدا شارەزای بواری رۆژهەڵاتی ناوەندە و رۆژنامەنووسێكی دیاری نێودەوڵەتییە.

چاندار كێیە؟

ناوی جەنگیز چاندار-ە، بە پشتیوانیكردنی لە نەتەوە ستەمدیدەكان ناسراوە و كۆتاجاریش بەهۆی پشتیوانیكردنی لە كورد فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە؛ ناوی تەواوی (عوسمان جەنگیز چاندار)ە و نەوەی كارا خەلیل خەیرەدین-ی خانەوادەی چانداڕڵی عوسمانییەكانە، كە بە زمانی ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی پادشا مورادی یەكەمی عوسمانییەكان بووە.

ساڵی  1948 لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەدایكبووە و هەر لەو شارە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە خوێندنگەی تاڵاسی ئەمەریكیی تەواوكردووە، دەرچووی كۆلێژی زانستە سیاسییەكان، بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی  زانكۆی ئەنقەرەیە.

ساڵی 1970 سەرنووسەری بابەتەكانی گرووپی "رۆشنگەریی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا" بووە، دواتر بووەتە ئەندامی جووڵانەوەی "رۆشنگەریی" و پاش ساڵێك لێیان جیابووەتەوە، بەڵام بە وتەی خۆی تاكە پەشیمانیی لە ژیانیدا جیابوونەوە بووە لەو جووڵانەوەیە.

 

لەمیانی رووداوەكانی 12ی ئازاری 1971 لە دەستی دەسەڵاتی ئەوكاتەی توركیا بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵات، لە چوارچێوەی رێكخراوەكانی تایبەت بە فەڵەستین ماوەیەك لە شام و دواتر لە بەیروت ماوەیەكی زۆر ماوەتەوە.

ساڵی 1974 بۆ ماوەی چوار مانگ خزمەتی سەربازیی لە چاناككالێ لە توركیا ئەنجامداوە، دواتر لەنێوان ساڵانی 1976 هەتا 1991 بەتەواوی سەرقاڵی كاری رۆژنامەنووسیی بووە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و لە ژمارەیەكی زۆر گۆڤار و گەورە رۆژنامەی ناوخۆی توركیا سەرنووسەر بووە و كاریكردووە.

 

هاوسۆزیی لەگەڵ كورد و گەلانی ستەمدیدە

چاندار لەو ماوەیەی لە بەیروت ماوەتەوە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووتری عیراق یەكدییان ناسیوە و دواتر 1973 چووەتە پاریس و پاشان ئەمستردام، لە ئەمستردام خوێندنی ماستەری دەستپێكردووە و لەگەڵیدا كاریكردووە.

نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1993 راوێژكاری تایبەتی تورگوت ئۆزال، سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی توركیا بووە، هەر لەو ماوەیەدا پێشەنگ و دەستپێشخەری سەرەكیی دروستكردنی پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكایەتیی توركیا و دوو حزبی دەسەڵاتداری باشووری كوردستان بوو لە ساڵی 1991 و بەوهۆیەوە بوو هەریەك لە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی سەردانی سەرۆكایەتیی توركیایان كرد لە هەمان ساڵدا.

لەمیانی رووبەڕووبوونەوەی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی تێرۆریستیی داعش لە رۆژئاڤای كوردستان، دوای ئەوەی یەكێك لە شەڕڤانانی یەپەژە بەناوی ئایشێ دێنیز كاراجاگیل كە بە (كچە رەفتە سوورەكە) ناسرابوو و لە رەققە شەڕێكی سەختی لەگەڵ چەكدارانی داعش كرد شەهیدكرا، چاندار لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیبووی:

"كچە رەفتە سوورەكە، فریشتەكەی خاوەنی جوانترین زەردەخەنە كە ناخمانی گەرمدەكردەوە، لەبەردەم رەققە كەوتەسەر زەمین و بەرەو ئەستێرەكان بەرزبووەوە و دووبارە ناخمانی سووتاند".

بەهۆی ئەو توویتەوە و بە تۆمەتی "پیاهەڵدان بە تاوان و تاوانباردا" رێكەوتی 19ی كانوونی دووەمی 2021 لە توركیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

لە 2016ەوە هەتا ئێستا چاندار وەك پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەند لە پەیمانگەی سویدیی تایبەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە و لە توركیاش وتەبێژێكی تایبەتە بە پرسەكانی كورد و رۆژهەڵانی ناوەند.

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) 14ی ئایاری 2023 بانگهێشتی كرد بۆ بوون بە كاندیدی لیستی پارتی سەوزی چەپ كە لیستی هەدەپەیە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی توركیا و چاندار بانگهێشتەكەی پەسەندكرد و بووە كاندیدی ئامەد و دەنگی پێویستی بەدەستهێنا.

چاندار خاوەنی حەوت پەرتووكە و زۆرینەی بابەتەكانی پەیوەستن بە دۆزی نەتەوە چەوسێندراوەكانی جیهان و دیارترینیان كورد و فەڵەستینە، یەكێكیشە لەو كەمینە رۆشنبیرانەی تورك كە دانیناوە بە جینۆسایدی ئەرمەنییەكان لە ساڵی 1915 لەلایەن عوسمانییەكانەوە و داوای لێبوردنی لەو گەلە كرد.

لە دواترین لێدوانیشیدا دەڵێت "بووم بە پەرلەمانتار لە لیستی تایبەت بە شاری ئامەد، چونكە بە نەژاد توركم و بە گیان كوردستانیم".

 

شادان ع.ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان