ئەدەب و هونەر
نیگارکێشێکی رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی تابلۆکانییەوە پەیام و ئازارەکانی نەتەوەی کورد دەگەیەنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا- ئەیاز محەمەد
حیكمه‌ت ئیبراهیم، نیگارکێشێکی خه‌ڵكی رۆژئاوای کوردستانه و ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەت دۆخی کورد لە رۆژئاوا له رێگه‌ی وێنە و تابلۆكانی پیشان ده‌دات، هەروەها تابلۆكانی دیمه‌نی وێرانكارییه‌كانی به‌سه‌ر گەلی کورد و ئازار و چەوساندنەوە و ئازادی و خۆشەویستی لەخۆدەگرێت.
ئیبراهیم سەرەڕای ئاسته‌نگی ئابووری له رۆژئاوای کوردستان، توانیویه‌تی پێشانگایەکی تایبەت بۆ كاره هونه‌رییه‌كانی له شاری قامیشلۆ بکاتەوە، پەیام و ئازارەکانی نەتەوەی کورد لە رێگەی وێنەكانییه‌وه به خه‌ڵكی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و جیهان بناسێنێت و بگه‌یه‌نێت.
حیكمه‌ت ئیبراهیم بۆ مەودا میدیا وتی "ئامانجم ئەوەیە لە رێگەی تابلۆکانمەوە پەیامی ئاشتی و ئێش و ئازاره‌كانی نەتەوەی کورد بە هەموو پارچەکانی تری کوردستان بگەیەنم، بەڵام تواناکانم سنووردارە و ئومێده‌وارم رۆژێك تابلۆکانم لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و ئامەد و مەهاباد نمایش بكه‌م و بڵاوبکەمەوە، به‌تایبه‌تی دەمەوێت ئازار و مەینەتییەکانی نەتەوەی كورد بگەیەنم به خه‌ڵكی کوردستان، چونکە ژێرده‌ستی و بنده‌ستییه‌كی زۆرمان بینیوه و به‌شێك له نەخۆشی و جوانییه‌كانی نەتەوەکەمان لە رێگەی 150 وێنە و تابلۆ لە هۆڵی رۆشنبیریی قامیشلۆ نمایشکردووە و خەڵکی شارەکە رۆژانە سەردانی دەکەن. هه‌روه‌ها پەیامێکه بۆ خەڵکی په‌رۆشی نەتەوەکەمان و دۆستانی ئه‌م هونه‌ره به‌مه‌ستی هاوکاری و پشتیوانیم بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌م بیروكه‌یه، هەروەها بیرۆکەی باشترم هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام پێویستم بە پاڵپشتییه".
وتیشی "بێ جیاوازی کارەکانم جێبه‌جێ كردووه و دیمه‌نی ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان پیشانداوه، به‌تایبه‌تی یەکەم وێنەکێشانم لەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە بووه، دواتر مه‌م و زین و ئەحمەدی خانێ، ویستم لە مانگی ئاداردا تابلۆکانم تەواوبکەم و نمایشیان بكه‌م، چونکە بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی رابردوو زۆربەی ناخۆشییەکانی نەتەوەی کورد لە مانگی ئاداردا روویانداوە، بەڵام دەرفه‌ت نه‌بوو، زۆر رووداوی تریش هەبوون کە پێویست بوو کاری لەسەر بكه‌م، وەک جینۆسایدی شنگال و شه‌ڕی سه‌پێنراوی داعش بەسەر نەتەوەی کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بەڵام کات کورت بوو، هەروەها ئاماژه‌م بە یەکڕیزی و یه‌كێتیی کوردان لە بەرهەمەکانمدا کردووه و چۆنێتی پاراستن و داکۆکیکردن لە ئازادی و مافەکانمان کاتێک سەربكه‌وین".
ئه‌و نیگاركێشه ئەوەش ده‌ڵێت، هیوادارم تابلۆکانم لە دەرەوەی کوردستان و وڵاتانی دیکەی جیهان نمایش بکەم و خەڵکی جیهان زیاتر ئاگاداری ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد بن، بەتایبەت بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دۆستان و ئەوانەی په‌رۆشی دۆزی نەتەوەی ستەملێکراوی کوردن. بۆیە لە رێگەی رۆژنامەی مەودا میدیاوە کە هەمیشە نوێیه، داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەر دەکەم پشتیوانی ئەم هونەرە بکەن کە ماوەیەک لەمەوبەر دەستمپێکردووە و هونەرێکە کە دەنگ و ره‌سه‌نی خۆی هەیە و جێگەی خۆی لە کوردستان بەتایبەت لە جیهاندا هەیە.
هاوكات نیگارکێشی پیشەیەکی کۆنە و بەدرێژایی مێژوو نیگارکێشان پەیام و پێشنیاز و سەرنجی خۆیان لەسەر وێنە و تابلۆكان لەسەرهەموو بابەتەکان بڵاوده‌كه‌نه‌وه،هونەرێکی گرنگە لە کوردستان و جیهاندا. زۆرجار خۆشەویستی و برایەتی له‌نێوان گەلان دروستدەکات، نیگاركێشی هونەرێکی بینراوە سەبارەت بە دروستکردنی پەیوەندی وگه‌یاندنی ده‌ربڕینێک.
خ.غ