راپۆرت

چۆن فیلمەكان مێشكمان دەخوێننەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆن فیلمەكان مێشكمان دەخوێننەوە؟
مەودا میدیا-


چەند لە فیلمە جیهانییەكانت بینیوە؟   بە چەند لە دیمەنی ئەو فیلمانە ئاشنایت كە لەمێژە بەرهەمهێندراون و هەتا ئێستاش لەسەر زاری تەماشاكار و هەوادارانی فیلم و سینەما و تەنانەت كەسانی دیكەش ماونەتەوە؟

هەرگیز پاش ئەوەی سەیری فیلمێكت كردووە تووشی سەرسوڕمان بوویت؟ فیلمێك بۆچوونی تۆی لەبارەی بابەتێكەوە یان لەبارەی خۆتەوە گۆڕیوە؟ یان لە كاتێكی سەختی ژیانتدا بە هەڕەمەكیی سەیری فیلمێكت كردووە كە وا دەربكەوێت رێگەچارەی ئەو دۆخەت پیشاندەدات؟ لەوانەیە  دیمەنی فیلمێك كە لەمیانی تەنگژەیەكی دەروونیدا دەیبینیت وات لێبكات لە روانگەیەكی ترەوە لەو دۆخەت بڕوانیت و ئەگەرە جیاوازەكان تاقیبكەیتەوە.

ئەوە كاریگەریی فیلم و درامایە، لەوانەیە تۆ تەنها بە مەبەستی كاتبەسەربردن تەماشای فیلمێك بكەیت،  بەڵام  ئەو پەیام و دیمەنانە چەندین رۆژ لە هزرتدا دەمێنێتەوە و جاری وا هەیە دەستەواژەكانی فیلمەكە دەبنە بەشێك لە دەربڕینەكانی رۆژانەت چونكە فیلمەكان توانایان هەیە بمانهێننە پێكەنین یان گریان، بمانترسێننیان هەستی جیاوازمان بدەنێ.

لەوانەش گرنگتر، لە رێگەی فیلمەكانەوە، دەتواندرێت مێشكی مرۆڤەكان بخوێندرێتەوە، ئەو فیلم و درامایانەی سەیریاندەكەین كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر شێوازی ژیان و بڕیارەكانمان بە گشتی و زۆرینەی دامەزراوە و كۆمپانیاكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی فیلم لەسەر بنەما زانستیی و دەروونزانیی و كۆمەڵناسییەكان دیمەن و دەستەواژەكان بەرهەمدێنن.

 
چۆن فیلمەكان كاریگەریی لەسەر تاك و كۆمەڵگە دروستدەكەن؟

هەموومان وەك مرۆڤ ئەزموونی زۆر لە هەستەكانمان كردووە لەدەرەوەی جیهانی فیلم و پاش چەندجارێك دووبارەبوونەوەی ئەو هەستانە، جەستەمان پێمان دەڵێت چۆن كاردانەوەمان لەگەڵ ئەو هەستانە هەبێت لە ئەگەری چەندبارە بوونەوەیان، ئەوەش پێیدەوترێت (میكانیزمی رووبەڕووبوونەوە – هەڵهاتن – سڕبوون و رازیكردن).

كاتێكیش بۆ یەكەمجار سەیری فیلمێك دەكەین و رووداوی هاوشێوەی ئەو هەستانە دەبینین كەپێشتر ئەزموونمان كردوون، جەستەمان هاوشێوەی ئەزموونەكانی پێشوومان بەرامبەر هەستە جیاوازەكان پەرچەكرداری دەبێت.

بەدەرلەوە، فیلمەكان وەك رێگەیەكن بۆ دووركەوتنەوە لە جیهانی راستەقینە، تێیدا بینەر هەست بە هەستەكانی رۆڵگێڕ و كاراكتەرەكان دەكات و دادەبڕێت لە  دۆخ و كێشەكانی جیهانی راستەقینە، بەوشێوەیە ئاوێتەدەبێت بە هەستێكی (ڤیرچواڵ) واتە راستەقینە و بەرجەستە نییە، بەڵام بەتەواوی وات لێدەكات هەستێكی قووڵ لەگەڵیدا ئاوێتەبكەیت.


خوێندنەوەی هزر لەرێگەی فیلمەكانەوە

ئالفرێد هیچكۆك، یەكێك لە كاریگەرترین سینەماكارە دێرینەكانی جیهان لەبارەی فیلمەوە دەڵێت "دروستكردنیان بەتەواوی بەندە لەسەر زانستی كاردانەوەی بینەر" دەیان ساڵ دوای وتەكەی هیچكۆك، زانایانی مێشك و دەمار توێژینەوەدەكەن لەسەر مێشكی بینەر سەیردەكەن هەتا بزانن كام شێوازەی دروستكردنی فیلم زیاترین كۆنترۆڵی مێشكی بینەر دەكات ئەو زانستە پێیدەوترێت "نیورۆسینەما".

لە زانستی نیورۆسینەما، توێژەر و زانایان تیشكدەخەنە سەر كاردانەوەكانی مێشكی مرۆڤ بەرامبەر تەواوی هەستەوەرەكانی لەكاتی بیستن و بینینی دیمەنێكدا، كاتێك بینەرێك فیلمێكی نوێ دەبینێت، مێشك لەژێر ژمارەیەك میكانیزم كاردەكات، ئەو میكانیزمانە كاریگەریی لەسەر سەرنج و هەڵسەنگاندن و یادگەی كەسەكە دروستدەكەن.

بۆیە دەبینین هەندێكجار دیمەنی فیلمێك، یان كردەی كاراكتەری فیلمێك لە رووداوە جیهانییەكان، یان لەناو تاك و كۆمەڵدا بە ئاشكرا رەنگدەداتەوە، زۆرجار بەهۆی كاریگەریی فیلمێك لەسەر كۆمەڵگە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نمایشكردن و پەخشكردنی یاساغكراوە، بۆ نموونە دیمەنەكانی فیلمی جۆكەر لە خۆپیشاندانەكانی دژ بە نەژادپەرستی لە ئەوروپا و ویلایەتەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە ئاشكار دیاربوون.

چەندینجاریش، بەهۆی كاریگەریی فیلم و دراماكان، توانراوە سەنگی رای گشتیی بۆ بابەتێك ئاراستەبكرێت و تەنانەت بڕیاری گەورە لەلایەن وڵاتانەوە دژ بە فیلمەكان دراوە، بۆ نموونە  فیلمی 14ی تەمموز كە باس  لە نادادییەكانی دەسەڵاتی تورك دەكات دژ بە زیندانییانی كورد لە ئامەد، بووە هۆی ئەوەی توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی شاری سلێمانی بۆ وڵاتەكەی رابگرێت وەك سزایەك، چونكە لە سلێمانی رێگەدرا فیلمەكە پەخشبكرێت.

یان هەندێكجار پیشەیەك دەكرێتە نموونەی باڵا و خواست و ویستی لەسەر زیاددەكرێت، بەتایبەت كاتێك دامەزراوە باڵاكانی حكومەت هاودەستدەبن لە بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە، رێكدەكەون ئەو پیشەیەی پێویستە بایەخی پێبدرێت لە فیلمەكاندا بە ئەرێنی بەرجەستە بكرێت. 

ئەم زانستە بەوەشەوە نەوەستاوە و بە یەكگرتنەوەی لەگەڵ ژیریی دەستكرد، كاری سەرسوڕهێنەری دیكە ئەنجامدەدات.


لە زنجیرە راپۆرتەكانی دواتری هونەر و سینەما، لە مەودا میدیا ئەم بابەتە زیاتر رووندەكرێتەوە.....

 

دەق؛ شادان عەلی

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان