تەندروستی

چی بەسەر جەستەماندا دێت كاتێك نانی بەیانی ناخۆین؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چی بەسەر جەستەماندا دێت كاتێك نانی بەیانی ناخۆین؟
مەودا میدیا-

نانی بەیانی بە گرنگترین ژەمی خواردنی رۆژانە هەژماردەكرێت، بەهۆی ئەوەی ڤیتامین و سەرچاوەی خۆراكیی گرنگی تێدایە بۆ ئەنجامدانی كار و چالاكییەكانی رۆژ، بەڵام چی روودەدات ئەگەر بە بەهانەی دابەزاندنی كێشی لەش نانی بەیانی نەخۆین؟

توێژینەوە پزیشكییەكان لەمبارەیەوە گەیشتوون بە چەندین ئەنجامی جیاواز و سەرجەمیان كۆكن لەسەر ئەوەی نەخواردنی ژەمی بەیانیان دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەكان.

بەپێی كۆمەڵەی پزیشكانی دڵ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، نەخواردنی ژەمی بەیانیان دەبێتە هۆی زۆربوونی فشاری خوێن و كۆلێسترۆڵ، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ دروستدەكات بەتایبەت ئەگەر نەخۆشییەكە مێژووی هەبێت لە باواندا.

هاوكات نەخواردنی ژەمی بەیانیان دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە چەوریی زیاتر بسووتێنێت و ئەوەش بۆ هەندێك كەس شەكەتیی لێدەكەوێتەوە، خواردنی ئەو ژەمە گرنگەش جەستە لە هەوكردن دەپارێزێت.

لەلایەكی دیكەوە ژەمی بەیانیان ئاستی گلوكۆز هاوسەنگ رادەگرێت، كە مادەیەكی گرنگە بۆ پاراستنی جەستە لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی قەڵەوی و شەكرە لە جۆری دووەم.

پزیشكان هۆشداریش دەدەن، نەخواردنی ژەمی بەیانی بەمەبەستی دابەزاندنی كێشی لەش دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی لە كاتژمێرەكانی دواتری رۆژەكەدا ویستت بۆ خواردن زیاتربێت و خواردنی پڕ لە كالۆری بخۆیت.


ژ.ع


Qaiwan
Qaiwan