دۆزی ژن

خاتوو کوێستان: بەهۆى شارەوانییەوە توانیومە دەیان خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنم

مەودا میدیا - سلێمانی |


 خاتوو کوێستان: بەهۆى شارەوانییەوە توانیومە دەیان خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنم
مەودا میدیا- نەرمین عوسمان

خاتوونێک، هەموو خەسڵەت و پێوەرە پێویستەکانى ژنێکى بەتوانا و سەرکەوتووى تیا کۆبووەتەوە. بەهێزە لە رووبەڕووبوونەوەى کێشە و گرفتەکان، سەرکەوتووە لە کارەکانى، خاوەن بڕیارە، کۆمەڵایەتییە، پشتی بە هێز و تواناى خۆى بەستووە بۆ پەیداکردنى بژێویی ژیان و پەروەردەکردنى منداڵەکانى، هێمن و لەسەرخۆ و سادە و ساکارە، دۆستى هەژار و نەدارانە، نەیهێشتووە گەردەلوول و گێژاوەکانى ژیان چۆکی پێ دابدات. ئەو خاتوونە، کوێستان ئەکرەم فەرەجە.

خاتوو کوێستان، لە شارى هەڵەبجەى شەهید، لە 26/3/1966 لە گەڕەکى سەرا هاتۆتە دونیاوە. خوێندنى سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواو کردووە، لە پەیمانگاى تەکنەلۆژی لە کەرکوک لە ساڵی 1986 – 1987 بڕوانامەى دبلۆمى بەدەستهێناوە. 

+سەرەتا دەمەوێت کورتە باسێکى ئەو خێزانە بکەیت کە تیایدا چاوت بە دونیا هەڵهێناوە؟
-باوکم و دایکم، ئامۆزاى یەکتر بوون، لە شێخانى عەبابەیلێن، هەرچەند باوکم مامۆستا بوو و هانى دەداین بۆ رەوشتى باش، بەڵام تا رادەیەکى زۆر پابەندى دابونەریتى کۆمەڵایەتى و شێخایەتیی بوو، دایکیشم لەو توندتر. پێنج خوشک و برایەک بووین.

+زوو تێکەڵاوى کارى سیاسیی بوویت، چى وایلێکردیت و کێن ئەوانەى هاندەرت بوون؟
-ئەوانەى هاندەرم بوون بۆ چوونە ناو سیاسەت و کار و چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی، ماڵی خاڵوانم بوون. مامۆستا پشکۆ خاڵمە و حەمە ئاوات پورزامە، ئەو کاتانەى کە مامۆستا پشکۆ پێشمەرگە بوو، دایکم دەچوو بۆ سەردانى، بەڵام ئێمەى لەگەڵ خۆى نەدەبرد، بەهۆى خۆشەویستیم بۆ خاڵم و ئەوان واملێهاتبوو لە کەسوکارى پێشمەرگە نزیک دەبوومەوە و کاریگەرییان بەسەرمەوە هەبوو. 

کاتێک لە پۆلی چوارى ئامادەیی بووم، خوێندن دەبوو بە عەرەبی، خوێندکارە چالاکەکانمان هاتن بۆ لام بۆ ئەوەى بەشداریی خۆپیشاندانەکان بکەم، خزمان هانیاندام بۆ بەشداریکردن. دواى بەشداریم، پورزایەکم (براى حەمە ئاوات) پەیوەندیی پێوەکردم بۆ چوونە ناو ریزەکانى کۆمەڵەى رەنجدەرانى کوردستان. 

زۆربەى رۆژ نیو کاژێر پێش دەوام دەچوومە ماڵی پورم بۆ کۆبوونەوە، ماڵی بەڕێوەبەرەکەمان (مامۆستا ئیمتیاز) نزیک ماڵی پورم بوو، ناوبەناو دەیبینیم پێش دەوام لەوێوە دەڕۆم بۆ خوێندن، بە باوکمى وتبوو کە ئەو کچەت لە ماڵی پورى دەژى؟ ئەو رۆژە کە گەڕامەوە ماڵەوە، باوکم زۆر لێم تووڕە بوو، زللەیەکى لێدام و وتى: "بەهیچ جۆرێک نابێت زوو لە ماڵ دەرچى."

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم؛ کاتێ لە پۆلی سێی ناوەندیی دەرچووم، بەتەمابووم بچمە پەیمانگای مامۆستایان، بەڵام وەرنەگیرام بەهۆى ئەوەى بەعسیی نەبووم. 

ئەو کاتانەى کە لە ماڵی پورم کۆدەبووینەوە، من و ئەحمەدى پورزام و سەرتیپ عەبدوڵڵا کە لەدواییدا بوو بە هاوژینم، بەهۆى هەڕەشەکەى باوکم کارەکەم گۆڕا، نووسینەوەى کتێبەکانى ماو تسى تۆنگ و بەیانەکانیان دەدامێ و بە کاربۆن چەند کۆپییەکم دەنووسییەوە، ئەو کارەم لە ماڵەوە دەکرد. هەروەها بەشداریی سەرجەم خۆپیشاندانەکانم دەکرد، گەورەترین خۆپیشاندانمان ئەوکاتە بوو کە لە قۆناغی شەشی ئامادەیی بووم لە ساڵی 1985، وا بڕیار بوو ئێمە و ئامادەیی کوڕان بەیەکەوە ئەو کارە ئەنجامبدەین، دیاربوو رژێم لە رێگاى سیخوڕەکانییەوە پێیانزانیبوو، سەربازێکى زۆریان بڵاوەپێکردبوو، هەرکەسێ جلی خوێندنگاى لەبەردابوایە دەکەوتنە لێدانى. من بەر لێدانەکە کەوتم و رامکردە ناو کۆڵانێک و خۆمکرد بە ماڵێکدا، دەرکەوت ماڵی هاوڕێیەکمە (ماڵی عزەت بەگ) تا بانگى ئێوارە لەوێبووم، بۆ ئەوەى دایکم دڵی هیچ نەکات، هاوسەرى عزەت بەگ چوو بۆ ماڵی باوکم و ئاگاداری کردنەوە، بۆ ئێوارە دایکم هات منى بردەوە. باوکم زۆر تووڕە بووبوو، لێدانێکی زۆرى لێدام و نەیهێشت دوو رۆژ بچمەوە بۆ خوێندن. ئەوسا وەک نەریتێک شوورەیی بوو کچ زیندانیی بکرێت.

+دواى ئەوەى بەهۆى خوێندنەوە لە هەڵەبجە دووردەکەویتەوە و دەچیتە کەرکوک، چۆن لە کار و چالاکیی بەردەوامبوویت؟
-دواى تەواوکردنى ئامادەیی، چوومە پەیمانگاى تەکنەلۆژی لە کەرکوک، ئەحمەدى کوڕی پوریشم لە قۆناغی دووى هەمان پەیمانگا بوو، رۆژێک ئەحمەد بەپەلە هات وتى: "سەرتیپ بەهۆى نامەیەک کە بۆ ناو پێشمەرگەى ناردووە و دەست رژێم کەوتووە، گیراوە. دەبێت هەردووکمان خۆمان بشارینەوە و پەیوەندیی بە هێزى پێشمەرگەوە بکەین نەوەک سەرتیپ نەیتوانیبێ لە ژێر ئەشکەنجەدا خۆڕاگربێ." بەهۆى ماڵی باوکمەوە من نەمتوانى و خۆم خستە دەستى قەدەر، بەڵام ئەحمەد وازی لە خوێندن هێنا و چوو بوو بە پێشمەرگە. خۆشبەختانە، سەرتیپ زۆر خۆڕاگر بوو. 

لە بەشى ناوخۆیی بووم لە کەرکوک، بەعسییەکان بە بەرنامە چەند بەعسییەکیان دەخستە نێوان ئەو کچانەى کە سلێمانییەوە چووبوونە کەرکوک، بەمەبەستى ترساندن. ئێمە چوار کچى سلێمانى و دوو کچى عەرەب لە ژوورێکدا بووین. دووان لەو کچانەى سلێمانی زۆر بوون بە هاوڕێم، بێگەرد فوئاد، برایەکى پێشمەرگە بوو. ڤیان حەمە نوریش کچێکى کوردپەروەرى زۆر باش بوو. لە قۆناغی یەک چەند جارێک لەلایەن (ئیتیحادى تەلەبە)ی بەعسییەکانەوە بانگ دەکرام، زۆر جاریش هەواڵی مامۆستا پشکۆیان لێدەپرسیم؛ نکۆڵیم نەدەکرد کە خاڵمە، بەڵام دەمووت: هیچ لەبارەیەوە نازانم.

هەرچۆنێک بێت قۆناغی یەکەمم تەواوکرد، لە قۆناغی دووەمى پەیمانگا، لەلایەن برایەکى سەرتیپ ئاگادارکرامەوە کە سەرتیپ حوکمدراوە بە بەندکردنى هەتایی، هەروەها وتوویەتى: "ئەگەر دەتوانێ، سەردانم بکات لە زیندانى ئەبوغرێب."

بۆ بێگەردى هاوڕێم باسکرد، وتى: "منیش لەگەڵتا دێم." ئەو هەفتەیە بە ماڵی باوکم وت کە ناتوانم بگەڕێمەوە. ئیتر تەگبیرمان کرد؛ من و براکەى سەرتیپ و بێگەرد بەیەکەوە بچینە بەغدا. لەوێ چووین بۆ بەشى ناوخۆیی کچان بۆ لاى هاوڕێیەکى بێگەرد، لە بەشى ناوخۆیی پێش حەوتى بەیانیی دەرگا نەدەکرایەوە، بە خافڵاندنى دەرگاوانەکە لەلایەن کچەکانەوە، من و بێگەرد لە پشتەوە چووینە دەرەوە. 

ئەو سەردەمە دژوار بوو، هیچ شتێک بەئاسانیی نەدەکرا.
گەیشتینە ئەبو غرێب، ناو زیندان پڕبوو لە گەنجى کورد، هەموویان لەناو چادر دانابوون، زۆربەیان چاوەڕوانى سەردانى کەسوکار بوون، هەرچۆنێک بوو ئەو سەردانە بەبێ کێشە رۆیشت. بۆ جارى دووەم؛ رێکخستن نامەیەکیان بچووک کردبووەوە و دایان پێم بیبەم بۆ ناو زیندان بۆ سەرتیپ، منیش لە شوێنێکى تایبەت لەناو جەستەمدا شاردمەوە و بردم. کاتى پشکنین کاسێتێکى فەیروزم پێبوو، بەهۆى کاسێتەکەوە منیان بردە شوێنى لێکۆڵینەوە و پرسیاریان لێکردم و کاسێتەکەیان لێدا، بۆ ئەوەى زیاتر نەمپشکنن، لەتاوا وتم: "کاسێتەکە بۆ خۆتان" و دواى تۆزێک رێگایاندام ئەو سەردانە بکەم. 

+ئەوکات هیچ هەستێکى تایبەتی هەبوو لەنێوان تۆ و سەرتیپدا، یاخود هەر وەکو هاوڕێ و هاوخەبات بوون؟
-ئەوەى راستیی بێت، من و سەرتیپ بەڵێنمان دابوو هەر دەرفەت هەبێت هاوسەرگیریی بکەین و یەکتریمان زۆر خۆشدەویست، وەک دوو هاوڕێى کۆمەڵە زۆر گونجاوبووین بۆ یەکتر. لەم سەردانەدا، سەرتیپ وتى: "حوکمەکەم هەتاییە، بۆیە تۆ ئازادبە و پێویست ناکات چاوەڕوانم بکەى." منیش بەڵێنم بۆ تازەکردەوە و چارەنووسى خۆمم بەوەوە بەستەوە.

+دواى دەستگیرکردنەى سەرتیپ، کار و چالاکییەکانى رێکخستنت چۆن ئەنجام دەدا؟
-لە قۆناغى دووى پەیمانگا، پەیوەندیم بە رێکخستنەوە کردەوە، رێکخەرەکەم (برایم بۆینی) بوو، ئەو پەیوەندیی بە سەرتیپیشەوە هەبوو. 

+کاتی تاوانى کیمیابارانەکە، گەڕابوویتەوە هەڵەبجە، یاخود هێشتا لە کەرکوک بوویت؟ بەسەرهاتى خێزانەکەتان چۆن بوو لە کاتى ئەو تاوانەدا  گەورەیەدا؟
-پەیمانگام تەواوکرد و گەڕامەوە بۆ هەڵەبجە و تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجە ئەنجام درا، ئەو تاوانە گەورەیەم بە چاوى خۆم بینی. لەگەڵ خێزانەکەم ئاوارە بووین بەرەو ئێران، دواى سێ مانگ رژێم لێبوردنی گشتیی دەرکرد، لە رێگاى قاچاغ و لە قەندیلەوە گەڕاینەوە و لە رانیە خۆمان دا بەدەستەوە و چووین بۆ بنکەى پۆلیس، لەوێ وتیان: "لێبوردن تەواو بووە" و دەستگیریان کردین، دواى دوو رۆژ، ئێمەیان هێنایە ئەمنى سلێمانى و ژنان و پیاوانیان جیاکردەوە و ئێمەیان بردە زیندانى ژنان. من و دایکم و دوو خوشکمیان خستە ژوورێکی پێنج بە پێنج کە نزیکەى (35 - 40) ژنى تیا بوو. زیندانییەکان کە زانییان ئێمە هەڵەبجەیین، زۆر رێزیان لێ دەگرتین، دوو رۆژ ئێمەیان هێشتەوە، لەو دوو رۆژەدا دوو جار بانگیان کردین بۆ وەرگرتنى زانیاریی. دواى دوو رۆژەکە، هاتن بە دواماندا و لە حەوشەى ئەمنەکە رایانگرتین، بەڕێکەوت کەوتبوومە سەر شیشبەندێک، کە سەیرى خوارەوەم کرد، بینیم کوڕێکى گەنجی زیندانیی، سەرى بەرزکردبووەوە و بە جووڵەى دەست دەیپرسى؛ ئێوە چی دەکەن؟ منیش دەورم پڕبوو لە ئەمن، نەمدەتوانى وەڵامى بدەمەوە. ئەم دیمەنە، وەک فیلم ناوبەناو دێتەوە بەرچاوم و سەدان پرسیار بە بیرمدا دێت. 

دواى تۆزێک دوو پاسیان هێنا و ئێمەیان برد، پاسەکان هەر نەدەگەیشتن و نەماندەزانى بەرەو کوێمان دەبەن. دواى چەند کاژێرێک گەیشتینە تۆپزاوە بۆ ناو سەربازگەیەکى گەورە کە چوار هۆڵی گەورەى لێ بوو، دوو بۆ ژنان و دووانیش بۆ پیاوان. هۆڵەکەى ئێمە پڕبوو لە ژن، نزیکەى (300) کەسى تیابوو. زۆربەمان هەڵەبجەیی بووین، هەر خێزانە لەسەر بەتانییەک کۆبووبووینەوە. ئەو خێزانانەى نزیک ئێمە بوون؛ نازدارى عەلى حاجى فەرەج، کە تەنها چل رۆژ بوو منداڵی بووبوو، لەگەڵ دوو خوشکى (ژیان و نادیە). هەروەها مەلیحە هاوار، کە ئێستا بارى دەروونیی تەواو نییە بەهۆى ئەو هەموو نەهامەتییەى بەسەریدا هاتووە. 

+ماوەى چەند لەو زیندانەدا مانەوە و بارودۆختان چۆن بوو؟
-دوو مانگ لەو زیندانەدا ماینەوە، بەیانیان یەک سەمون و چایەکیان دەداینێ بەبێ پێخۆر. نیوەڕۆیان شۆربایەک کە زۆربەى جار بۆ ئازاردانمان سەری پڕ دەبوو لە مێش، مێشەکانمان لادەبرد و بە ناچاریی دەمانخوارد. چەند کەسێک بەهۆى برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دا و بیستمان کە بە بێ کفن چاڵێکیان هەڵدەکەند و دەیانناشتن. رۆژانە دوو جار دەرگایان بۆ دەکردینەوە، ئاودەستى لێ نەبوو، دەبوایە دوورکەوینەوە و لەو دەشتە دەست بە ئاو بگەیەنین.

یەکێک لە سەربازە ئێشکچییەکان  عەرەب بوو، ناوى محەمەد بوو، پیاوێکى باش بوو، لە لای باوکمەوە شتى بۆ دەهێناین و هەر جارێک مۆڵەتى هەبوایە دەهات دەیووت: "چیتان پێویستە؟" 
دواى دوو مانگ، لە 14/7/1989 بە لێبوردنى گشتیی، ئازادکراین، کە ئەو بڕیارە بۆ هەموو زیندانیانى سیاسیی بوو و ئێمەش وەک زیندانیی سیاسیی ئەژمار کرابووین. سەرتیپیش بە هەمان لێبوردن ئازاد کرا.

+دواى ئازادکردنتان گەڕانەوە بۆ هەڵەبجە؟
-نەخێر، بەهۆى ئەوەى هەڵەبجە لە ناوچە (موحەڕەمەکان) قەدەغەکراوەکان بوو، لە سلێمانی نیشتەجێ بووین. باوکم بەهۆى تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجەوە و دوورکەوتنەوەمان، لە کارەکەى لایانبردبوو، بارى داراییمان باش نەبوو، بەهۆى ناسیاوێکمانەوە لە کارگەى (کلینیکسی ناز) دامەزرام. لەو ماوەیەدا دوو جار سەرتیپم بینی و دوو جاریش هاتن بۆ داوام، بەڵام ماڵەوەمان رەزامەند نەبوون بەتایبەتى دایکم. یەکەم؛ لەبەرئەوەى سەرتیپ بەهۆى سیاسەتەوە نەیتوانیبوو خوێندن تەواو بکات. دووەم؛ ماڵی باوکم خۆیان وەک شێخى عەبابەیلێ دەبینى و ئەوانیش هەژار بوون، هەرچەندە ئەو هەژارییەیان لاى من سەربەرزیی بوو. برایەکى پێشمەرگە بوو، براکەى تریشى زیندانیی بوو. 

+دواى ئەوەى ماڵی باوکت رازیی نەبوون بە هاوسەرگیریى تۆ و سەرتیپ، کاردانەوەى تۆ چی بوو؟
-ئەو رەزامەندنەبوونەى ماڵی باوکم، منیان وا لێکرد بڕیار بدەم بە نهێنیی هاوسەرگیریی لەگەڵ سەرتیپ بکەم و بیانخەمە بەر (ئەمرى واقیع). بۆ ئەو مەبەستە چووین بۆ دادگا و مارەییمان بڕی بەهۆى هاوڕێیەکى سەرتیپ بەناوى (سەروەر) کە یەکێک بوو لە شاهیدەکان، کۆپییەکى مارەییەکەمان خستە زەرفێکەوە و ناردمان بۆ ماڵی باوکم و شەوەکەى چووین بۆ ماڵی کاک سەروەر. 

بۆ رۆژى دواتر چووینە رانیە بەمەبەستى دەربازبوونمان بۆ ئێران، لەوێ چووینە ماڵی هاوڕێیەکى زیندان بەناوى (سیروان). لە رانیە بوارمان نەبوو بچینە ئێران، رانیەمان جێهێشت و چووینە هەولێر بۆ ماڵی هاوڕێیەکى ترى زیندان، بۆ ماڵی کاکلە رەشى دەشتى هەولێر، زۆر بە گەرمیی پێشوازییان لێکردین. خانوویەکى دوو نهۆمییان هەبوو، دوو هاوڕێی ترى زیندان (غەفور و قادر) سەرەوەیان بۆ چاککردین، بوو بە ماڵێکى خنجیلانە و تیایدا نیشتەجێ بووین. ئەو ماوەیە دڵم زۆر لاى ماڵی باوکم بوو و نەمدەزانى کاردانەوەیان چۆن بووە. 

ماوەى سێ مانگ لە هەولێر ماینەوە، دوایی مامۆستا کاکل و غەفور قادر بەیەکەوە لە هەولێرەوە چوونە سلێمانى بەمەبەستى پێدانى هەواڵی ئێمە و هێورکردنەوەى باوکم و دایکم. باوکم وتبووى: "کچ کچى خۆمە با بێتەوە." ئیتر چوومەوە بۆ سەردانیان، کە گەیشتم باوکم سەرى ماچکردم، لەو ماڵە تەنها دوو ژوورمان هەبوو، یەک پانکەش، شەو من لە ژوورێکیان خەوتم، باوکم نیوەشەو پانکەکەى بۆ من هێنا. ئەو رووداوە بچووکانە کاریگەرییان زۆر لە رووداوی گەورە مەزنترە. 

+ئەى هەڵوێستى کەسوکارى سەرتیپ چۆن بوو؟
-دواتر کەسوکارى سەرتیپ بە مەلاوە هاتنە ماڵەوە و بە مەلا مارەیان بڕیم وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتى، وردە وردە پەیوەندیمان باشتر بوو. 

+دواى ئەوەى ئەو کێشەیەتان نەما و گەڕانەوە، بارودۆخى ژیانتان چۆن بوو؟ دەستتانکردەوە بە چالاکییە سیاسییەکان؟
هەر لەو ساڵەدا حکومەت بە بڕیارى 737 هەندێک تەمەنى بۆ سەربازیی داوا کرد، سەرتیپیشى دەگرتەوە. سەرتیپ دە رۆژ چوو بۆ سەربازیی و هەڵهات. بەهۆى ئەوەى بە لێبوردن لە زیندان ئازاد کرابوو و هەر زیندانییەکیش دەستبکاتەوە بە کارى سیاسیی حکومەکەى زۆر قورس دەبوو، خۆى شاردەوە. 

لەو ماوەیەدا چوار خانوومان گۆڕی بەمەبەستى دووربوون لە چاوى دوژمن. هەر لەو ساڵەشدا زێریڤانى کچم لەدایکبوو. بوونى زێریڤان، پەیوەندیی من و ماڵی باوکمی زۆر باشتر کرد.
شەوى پێش راپەڕینی سلێمانى لە 7/3/1991، ئەوانەى لە رێکخستن بوون کۆبوونەوەیەکیان کردبوو بەمەبەستى خۆئامادەکردن و پلان داڕشتن، شەوەکەى سەرتیپ هاتەوە ماڵەوە وتى: "دەمانچەیەکم وەرگرتووە و خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئازادکردنى سلێمانى و بەتەماشین بەندینخانەى گەورە بشکێنین و هاوڕێکانمان ئازاد بکەین." 

بۆ رۆژى7ى ئادارى 1991 کاتێک دەچن بۆ شکاندنی دەرگاکانى بەندینخانە، رووبەڕووى پیاوانى رژێم دەبنەوە و گوللە هاوەنێک دەهاوێژرێ و سەرتیپ سێ ساچمە بەر سەرى دەکەوێت و بریندار دەبێت. کاژێر 12ی نیوەڕۆ بوو پیکابێک هاتە بەر دەرگاى ماڵمان و سەرتیپى بە بریندارى تیا بوو، هەر بەو پیکابە گەیاندمانە نەخۆشخانە، بەردەمى نەخۆشخانە وەک رۆژى حەشر وابوو. جگە لە دوورینەوەى شوێنى برینەکانى، نەیانتوانى هیچ چارەسەرێکى ترى بۆ بکەن، ساچمەکان لە ناو سەریدا مانەوە. هەر بەو بریندارییە کۆڕەوەکەش روویدا، لەگەڵ ماڵی باوکم بەرەو هەڵەبجە رۆیشتین و لەوێشەوە بەرەو ئێران. پاش کۆڕەوەکە گەڕاینەوە بۆ سلێمانى. ئیتر ئەوەبوو هەڵەبجە وەک ناوچەى قەدەغەکراو نەما و وەک یەکێک لە خێزانە سەرەتاکان گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە.

+بارى تەندروستیی سەرتیپ چی بەسەرهات، کەس هەوڵی نەدا بۆ چارەسەرکردنی؟
-رۆژ بەڕۆژ بارى تەندروستیی سەرتیپ بەهۆى ساچمەکانى ناو سەری خراپتر دەبوو، بنەماڵەکەیان وەک عەشیرەت چووبوون بۆ لاى مام جەلال، مامیش وتبووى: "دەتوانم بە تەنها بینێرم." ئەویش نەڕۆیشت، وتى: "بە بێ کەسى ناڕۆم." 

+ئەى کەواتە بارودۆخى بە چی گەیشت، چۆن چارەسەرى بۆ دەکرا و بژێویی ژیانتان چۆن دابین دەکرد؟
-یەکێک لە ساچمەکان وردە وردە نزیکى مێشکی دەبووەوە تا وایلێهات بارى دەروونیی زۆر خراپ بوو و بوو بەهۆی تووشبوونى بە نەخۆشیی (شیزۆفرینیا). هەرچەندە سەرەتا تەندروستیشى باش نەبوو، بەڵام رێگریی لێ نەدەکردم بۆ کارى رێکخستن و کار و چالاکیی رێکخراوەیی و هاوکاریشم بوو. لە ساڵی 1993 بە هەڵبژاردن، بووم بە لێپرسراوى لقى ژنانى شارەزوور و ئەندامى کۆمیتەى رێکخستنیش بووم لە هەڵەبجە.

سەرتیپ بەهۆى ئەو نەخۆشییەوە چەند جارێک داخڵی نەخۆشخانە کرا، نەخۆشی دکتۆر نەجات و دکتۆر جەمالی دەروونیی بوو، چارەسەرە سەرەتاییەکانى پشتگوێ دەخست و دەرمانەکانى بەکارنەدەهێنا. ئەو نەخۆشییە وایلێکردبوو گومانى لە هەموو کەسێک هەبوو تەنانەت لە من و دایکیشى. جارێکیان بە چەقۆ هێرشی کردە سەرم و دەموچاوى بریندار کردم و بوو بەهۆى بڕینى دەمارێکی هەستیارى روخسارم کە تائێستاش ئاسەوارەکەى ماوە، خۆشى لە سەربانەوە فڕێدابووە خوارەوە. لە نەخۆشخانە بۆیان دووریمەوە و چوومە ماڵی باوکم. کە چاکبوومەوە گەڕامەوە ماڵەوە، چونکە لام روونبوو لە رقەوە ئەو کارەى نەکردووە، بەڵکو بەهۆى نەخۆشییەکەیەتى.

+کاتێک شەڕی ناوخۆ روویدا، ناوچەى هەڵەبجە یەکێک بوو لەو شوێنانەى کە شەڕی تیادا بوو، ئێوەش وەک کادیرێکى یەکێتی، کاریگەریی ئەو شەڕە چی بوو لەسەر ژیانتان؟
-لە ساڵی 1994، کوڕێکمان بوو، باوکم ناوینا (دابان). کاتێک شەڕی ناوخۆ روویدا، یەکێتی لە هەڵەبجە کشایەوە، منیان ئاگادار نەکردبووەوە. من وەک کادیرێکى چالاکی دیار، لە ناو هەڵەبجە بووم، شەو کاژێر سێ، کادیرێکى پارتی بەناوى (زولفەقار) کە هاوڕێی زیندانیی سەرتیپ بوو، ئاگاداریکردینەوە و ئێمەى بردە ماڵی خۆیان، چونکە خۆى کادیرێکى سەربازیی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو. ماوەى (10) رۆژ لە ماڵی ئەوان و خوشکەکەى (پەری خان) زۆر بەڕێزەوە ماینەوە، دواتر لە رێگاى ناوەندگیریی برادەرانى حیزبی شیوعی ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ دوو بریندارى پارتى پێکردین و منیان گەیاندە سنوورى یەکێتی لە سەراى سوبحان ئاغا. ئەوسا بەرپرسى مەڵبەندى شارەزوور مامۆستا جەمالی حاجى محەمەدی هەڵەبجەیی بوو، لەوێ دایاننام. دواتر هاتینە سلێمانى لە ماڵى باوکم ماینەوە و دواى ئەوە رۆیشتین بۆ هەڵەبجەى تازە. 

بەهۆى شەڕی ناوخۆوە مەڵبەندى (9) هاتبووە شارۆچکەى عەربەت، لەوێوە رۆژانە هاتووچۆى عەربەتم دەکرد بۆ کاروبارى رێکخستنی ژنان. ئەوکات شۆڕش ئیسماعیل لێپرسراوى مەڵبەند بوو، بەردەوامبووم لە کار و چالاکییەکان. لە هەڵەبجەى تازە لە ماڵی خاتوونێکى کادیری حیزبی شیوعی کە کەسێکى زۆر باش بوو، ژوورێکى پێدابووین و چاودێریی منداڵەکانیشمی دەکرد، ناوى مریەمى ئامە ساویکە بوو.
بەهۆى خراپیی بارى تەندروستیی سەرتیپەوە، گەڕاینەوە بۆ سلێمانى، لە سلێمانیش چووینە ماڵی ئامۆزایەکى سەرتیپ بەناوى کاک (حەمە تایەر)، خانوویەکى گڵی کۆنی هەبوو لە برایم پاشا، دوو ماڵی ئاوارەى تیادا نیشتەجێ کردبوو، ئێمە و ماڵی مامۆستا جەلال عوسمان.

+دواى ئەوەى شەڕى ناوخۆ کۆتاییهات هەر لە سلێمانى مانەوە، یان گەڕانەوە بۆ هەڵەبجە؟ چارەنووسى نەخۆشییەکەى سەرتیپ چی بەسەرهات؟
-دواى کۆتاییهاتنى شەڕی ناوخۆ و رێککەوتنى لایەنە سیاسییەکان، گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە و لە ماڵی خەسووم دادەنیشتین. بەهۆى بارى تەندروستیی سەرتیپەوە، بە نامەیەک وازم لە کارى سیاسیی هێنا، هەریەکە لە کوردۆ قاسم و شۆڕش ئیسماعیل بە سوپاسەوە لێیان وەرگرتم و وتیشیان: "هاوکاریی هاوژینەکەت کە بەهۆی راپەڕینەوە بریندار بووە وەک خزمەتى رێکخستن وایە و لەجیاتى ئێمە ئەو ئەرکە هەڵدەگری."

سەرتیپ، بەهۆى نەخۆشییەکەیەوە، گومانى لە هەموومان هەبوو، وایدەزانى هەموومان گەلەکۆمەکیی لێ دەکەین و پیلان بۆ لەناوبردنى دادەڕێژین، خەیاڵی زۆرى بۆ دەهات. بەهۆى خراپیی بارى داراییمان، لە شارەوانى هەڵەبجە دامەزرام.

لە 27/9/1999 ئێوارەکەی وتى: "دەچمە ماڵی نورى برام، چونکە ئەمشەو دێن بۆ گرتنم." کە ئەو رۆیشت منیش چووم بۆ ماڵی باوکم، لەو ماوەیەدا چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتنى دابوو بە خۆخنکاندن. لە دەوام بووم کە دابانى کوڕم بەپەلە هات بۆلام، منداڵ بوو، تەنانەت پێڵاوەکەى تاکەوتاک لەپێ کردبوو، وتی: "باوکم خۆى سووتاندووە." بە راکردن گەڕامەوە، کەسوکار گەیاندبوویانە نەخۆشخانە. لە هەڵەبجە وتیان: "رێژەى سووتانەکەى لەسەدا 95ە." بەپەلە بە ئۆتۆمبێلى فریاگوزاریی گەیاندمانە نەخۆشخانەى فێرکاری لە سلێمانى، لە دکتۆرەکەم پرسى؛ هیواى چاکبوونەوەى هەیە؟ منى بردە لایەکەوە و وتى: "رەنگە نەگاتە ئێوارە، چونکە رێژەى سووتانەکەى لەسەدا 98 و هەردوو گورچیلەى لەکارکەوتووە." ویستم بەپەلە بچمە لاى دایکم و ئەو هەواڵەى پێ بڵێم، چونکە دایکم تەندروستیی زۆر خراپ بوو، دکتۆر ئاگادارى کردبووینەوە هیچ شتێکى بە کتوپڕیی پێ نەڵێین، بەڵام بەداخەوە فریانەکەوتم و سەرتیپ گیانی سپارد. 

لەگەڵ تەرمەکەى گەڕامەوە بۆ هەڵەبجە، دایکم سەیرى تەلەفزیۆن دەکات و دەبینێ نووسراوە؛ "سەرتیپ عەبدوڵڵا بە کارەساتێکى دڵتەزێن گیانى لەدەستداوە و پرسەکەى لە هەڵەبجە دەبێ." یەکسەر تەندروستیی دایکم تێکدەچێت و بەپەلە دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، ئەوەندەى پێناچێت دایکیشم کۆچی دوایی دەکات کە کەمتر لە (24) کاژێریان نێوان بوو، پرسەکەمان کردە یەک پرسە، مردنى دایکیشم ئەوەندى تر بارى دەروونیی خراپتر کردم و هەستم دەکرد من هۆکارى مردنیم، چونکە نەمتوانى خۆم بچم بۆلاى.
هیچ وشەیەک نادۆزمەوە باسى ئەو کارەساتە یەک لەدواى یەکەت بۆ بکەم، جگە لە خۆخواردنەوە و ئازار چەشتن.

+چۆن بەرەنگاری ئەو نەهامەتییانە بوویتەوە و بڕیاریت دا چى بکەیت؟
-دواى ماوەیەک بڕیارمدا بەرنامەیەک بۆ ژیانى خۆم و منداڵەکانم دابڕێژم بۆ ئەوەى بتوانم زاڵبم بەسەر نەهامەتییەکانم و منداڵەکانم بەشێوەیەکى باش پەروەردە بکەم، گەڕامەوە شارەوانى و لە شارەوانى قۆناغەکانم بە سەرکەوتوویی بڕی لە سەرۆک بەشەوە تا جێگری سەرۆکى شارەوانى و ئێستاش سەرۆکى شارەوانیی هەڵەبجەم. 

+هەستدەکەیت لە کارەکەتدا سەرکەوتوویت و توانیووتە خزمەت بکەیت؟
-توانیومە بەهۆى کارەکەمەوە خزمەتێکى زۆر بە سەرجەم توێژەکان بکەم و هاوکاریی دەیان خێزانى بێ دەرامەت بکەم، هەروەها پشتگیریی گەنجان بکەم. توانیومە لەسەر داوای خۆیان سەرپەرشتیی گروپى کچانى هەڵەبجە بکەم کە سەرجەمیان دەرچووی پەیمانگاى هونەرە جوانەکان بوون، چەندین کارى ناوازەیان لەناو هەڵەبجە کردووە و گەشتى دیدەوانیم بۆ رێکخستوون. پەیوەندییەکى باشم لەگەڵ سەرجەم رێکخراوەکان هەیە وەک کارێکى مۆدێرن و شارستانی.

+ئەو کارە چییە کە زۆر شانازیی پێوە دەکەیت وەک سەرۆک شارەوانى هەڵەبجە؟
-یەکێک لەو کارانەى کە زۆر شانازیی پێوە دەکەم؛ لە کاتى دروستکردنى شەقامى سەرەکیی لە یەکێک لە گەڕەکەکانى هەڵەبجە، کچێک هەبوو بە ناوى (رۆشنا) بارى دەروونیی تەواو نەبوو کە بەهۆى تاوانى کیمیابارانەوە لە گوندى سازان دەکەوێتە خوارەوە و مێشکى دەدا بە زەویدا و بارى دەروونیی تێکدەچێت. بەردێکى گەورە لە بەردەم ماڵەکەیان هەبوو، رۆشنا بەردەوام لەسەر ئەو بەردە دادەنیشت، ئەو بەردە مێژوویەکى بۆ زۆربەى گەنجانى هەڵەبجە هەبوو. دایکى رۆشنا هات بۆلام وتى: "ئەگەر بێتوو ئەو بەردە لابدەن، دەبێ هەر رۆژە کچەکەم لە کۆڵانێک بهێنمەوە." چونکە ئەو بەردە بەر شەقامەکە دەکەوت. منیش ستافى پرۆژەکەم لێ ئاگادارکردەوە، رەزامەندیم وەرگرت ئەو زەوییەى بەردەکەى لەسەر بوو زەوی نیشتەجێبوون بوو، ئەو زەوییەشم هێنایە سەر شارەوانى بەپێی یاسا و باخچەیەکیشمان بۆ کرد و ناوماننا (باخچەى رۆشنا) لە 8ى مارسى 2011 کردمانەوە. ئەو رۆژە لەخۆشیدا رۆشنا هەلهەلەیەکى لێدا و دایکیشى لەخۆشیدا دەگریا.

+لەکۆتاییدا دەمەوێت بپرسم؛ ئاسوودەیت لە ئەرکەکەتدا و بە چى دیکەشەوە سەرقاڵیت؟
-بەهۆى شارەوانییەوە، توانیومە دەیان خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنم، تاڕادەیەک ویژدانم ئاسوودەیە، لەگەڵ ئەوەى تووشى دەیان ململانێی سیاسی و کارگێڕیی بوومەتەوە، بەڵام متمانەم بە خۆم ساردی نەکردوومەتەوە. لە پاڵ کارەکەشم خوێندکارم لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى هەڵەبجە بەشى ئێواران و لە قۆناغى سێیەمى زانستە کۆمەڵایەتییەکانم. کوڕ و کچەکەشم زانکۆیان تەواوکردووە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە



News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش