راپۆرت

بۆچی رەوتی چەپ لە كوردستان لە پاشەكشەی بەردەوامدایە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆچی رەوتی چەپ لە كوردستان لە پاشەكشەی بەردەوامدایە؟
مەودا میدیا-

"چەپ" وەك زاراوە بۆ یەكەمینجار لەنێوان ساڵانی 1789 بۆ 1799 لە شۆڕشی فەڕەنسا بەكارهێندرا لەلایەن دژانی شانشینی ئەو وڵاتە، بەڵام مێژووی (شیوعییەت) –كۆمیونیزم؛ لە نیوەی دووەمی سەدەی 19 لە ئەوروپا دەستیپێكرد.

 كاریگەریی بزووتنەوەی چەپ و هزرەكەی پاش پەرەسەندنی شۆڕشی 17ی ئۆكتۆبەری رووسیا، بە زۆرینەی جیهان و عیراق و كوردستانیشدا بڵاوبووەوە و كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبوو، بە تێپەڕینی كاتیش هزر و رەوتی چەپ لە جیهاندا و بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەند كاڵبووەوە و تا ئێستاش پێشكەوتنێكی ئەوتۆی نییە.

 

چەپ لە باشووری كوردستان

ساڵی 1934 حزبی شیوعی عیراق دامەزرێندرا و ژمارەیەك لە دامەزرێنەران و ئەندامانی باڵای حزبەكە كورد بوون، نێوان ساڵانی 1949 بۆ 1950ش ئەمینداری گشتیی حزبەكە بەهادین نووری بوو كە بەهەمانشێوە كورد بوو.

ساڵی 1945  لە یەکەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی عیراقدا  بە رەچاوکردنی تایبەتمەندێتی نەتەوەیی، بەناوی لقی کوردیی حزبی شیوعی عیراق، حزبی شیوعی كوردستان راگەیەندرا؛ کانوونی یەکەمی 1967 ناوەكەی گۆڕدرا بۆ رێکخراوی ھەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عیراق، پاش راپەڕینی كورد ساڵی 1991 رێکخراوی ھەرێمی کوردستان ناوی خۆی كردە حزبی شیوعی کوردستان ـ عیراق.

دێرتر لە حزبی شیوعی، 10ی حوزەیرانی 1970 كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان یان کۆمەڵە (كە پێشتر ناوی کۆمەڵەی مارکسی–لینینیی کوردستان بوو دامەزرا و ساڵی 1989ش ھەڵوەشایەوە و بەشێك لە سەركردە دیارەكانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیان دامەزراند.

هەر لە ساڵانی حەفتاكان و بە دیاریكراوی ساڵی 1976 حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  لەژێر ئایدیای سۆشیالیزم دامەزرا، كە رەوتی حزبەكە لەژێر هزری چەپ كاردەكات.

 

هزری چەپ چی دەوێت و چۆن پەرەی سەند؟

بە دیاریكراویی بیری چەپگەرایی "شیوعییەت" یان "كۆمیونیزم" ئایدیۆلۆجیایەكە بەندە لەسەر باوەڕێك پێیوایە وەبەرهێنان هاوتایە بە داگیركاریی بۆیە پێویستە تەنها لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت و سەرمایەداریی بوونی نەبێت، بەوشێوەیە لە كۆمەڵگەدا چینایەتیی نامێنێت و یەكسانیی ئابووریی لەناو تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروستدەبێت.

 
كۆمیونیزم یان شیوعییەت پێنج تایبەتمەندیی سەرەكیی هەیە و داوادەكات:

-هۆكارەكانی وەبەرهێنان تەنها لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتدا بێت

- چینایەتیی لە كۆمەڵگەدا نەمێنێت و یەكسانیی ئابووریی لەنێوان تاكەكاندا هەبێت

- سامانی تاكەكەسی رێپێنەدراو بێت

-هاوكات دژە بە دیموكراسی چونكە لەگەڵ دامەزراوەی تایبەتدا نییە
 

سەرەنجامی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی و دروستبوونی سەرمایەداریی بیرۆكەكە پەرەی سەند، بەڵام لە ساڵانی 40 و پەنجاكاندا بەتەواوی بڵاوبووەوە و تەشەنەی پەلی هاویشتە نێو وڵاتانی جیهان.

لە كوردستانیش بەهۆی سەردانیكردنی كەسانی چەپ بۆ ناوچەكە، یاخود هەندێك كورد كە دیلی دەستی رووسیا بوون، پاش گەڕانەوەیان هزرەكەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە.

دیارترین نموونەی وڵاتانی شیوعی لە ئێستادا بریتین لە "چین، كوبا، ڤێتنام و كۆریای باكوور" هەرچەندە هیچكام لەمانە نەیانتوانیوە بەتەواوی شیوعییەت پەیڕەوبكەن، تەنها لەنێوان هەنگاوناندان لە سەرمایەدارییەوە بەرەو سۆسیالیست بوون.

 
پاشەكشەی چەپ و هۆكارەكانی

هەرچەندە هەڵگرانی هزری چەپ پێیانوایە ئەو رەوتە هەر ماوە و بە شێوەیەكی گشتیی گەلانی ژێردەستە هزری چەپیان هەیە، بەڵام وەك بەرەیەك چەپگەرایی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەند و لە جیهانیش بە گشتیی لە پاشەكشەدایە.

بەشێك لە شیكەرەوە سیاسییەكان پێیانویە یەكێك لە هۆكارەكانی كاڵبوونەوەی هزری چەپگەرایی لە كوردستان و ناوچەكە لاسایی كردنەوەیە ، چونكە چەپ بوون وەك دەرەنجامی گۆڕانكاریی و پێداویستیی كۆمەڵگەی كوردیی نەهاتووەتە كایە.

هەندێكیش دەڵێن بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵكی ناوچەكە شوێنكەوتووی ئاینی ئیسلام و ئاینەكانی دیكەن، هزری چەپ رەتدەكەنەوە بەهۆی ئەوەی هزرەكە بانگەشەی بێدینیی دەكات و ئەوەش نەگونجاوە لەگەڵ كەلتوور و خەڵك.

لەلایەكی دیكەوە، توێژەرانی سیاسیی دەڵێن ئەوانەی لەم ناوچانە پێشەنگی چەپگەرایی بوون لە بنچینەدا چینی كرێكار و هەژار نەبوون و كە دەسەڵاتیان وەرگرت پێچەوانە بوونەوە و بورژوازییانە مامەڵەدەكەن و بەرگی چەپیان لە خۆیان داماڵیوە.

هاوكات لە حەفتاكاندا چەپی باشووری كوردستان كاریگەر بوو بە چەپی نوێ (ماوییەكان) كە لە چین سەریهەڵدابوو، بەڵام لەوەشدا سەركەوتوو نەبوون و هەر خۆیان بەرەو رەوتی سەرمایەداریی هەنگاویاننا.

هۆكاری دیكە بابەتی نەتەوەیە، مێژوو دەڵێت وێڕای ئەوەی جەماوەرێكی باشیان هەبوو، لایەنی كۆمیونیست لە كوردستان دژی ئەوە بوون حكومەتی كوردی دروستبكرێت لەداوی راپەڕین. 


دەق؛ شادان عەلی
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان