کوردستانی

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان ئاشكرادەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەرۆكی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان ئاشكرادەكرێت
مەودا میدیا-

ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكانی سنوورەكە كۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا تاوتوێكرا.

دكتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئاب 2023 رایگەیاند، لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا نەوتیەکان کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری داد و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێم ئامادەبوون.

سەبارەت بە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش ئەوە هاتووە، وێڕای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت، تیشک خرایەسەر دوایین سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆچوونی حکومەتی هەرێم لەم رووەدا و ناردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بۆچوونی بەغدا لەم رووەدا خرایەڕوو.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوەكەدا، لە کۆبوونەوەکەدا کار و چالاکیی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بەرزنرخێندران و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بە هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەتی هەرێم باسیان لێوەکرا.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە  كۆمپانیاكان بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق بە مەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستور و پڕۆژەیاسای بودجە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكە باس لەوەشكراوە، بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق لەبارەی پڕۆژەیاساکە خرانەڕوو.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەتا ئێستا رێككەوتنی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم نەگەیشتووەتە ئەنجام و سادەترین شایستەی دارایی كە تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆانی هەرێم هەتا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە، بە جۆرێك هەتا ئێستا مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران رەوانەنەكراوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan