کوردستانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێم: چاوەڕێین عیراق پشکی هەرێم بنێرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هیچ ئەرک و پابەندییەک لەسەر شانمان نەماوە کە جێبەجێی بکەین و لەئێستادا چاوەڕێی حکومەتی عیراقین کە پابەندی رێککەوتنەکەمان بێت و بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023 پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پابەندییەکی لەسەر شان نەماوە بەرانبەر بە عیراق کە ئەنجامی بکات سەبارەت بە ناردنی پشکی هەرێم و لە ئێستادا چاوەڕوانی حکومەتی عیراقین تاوەکو بەشە بودجەی هەرێممان بۆ بنێرێت ".
باسی لەوەشکردووە "هاوڵاتییانی هەرێم لە نارەحەتییەکی زۆرەدان بەهۆی پابەدنەبوونی حکومەتی عیراق، هیچ حەقێکیشی تێدا نییە کە بابەتی مووچە تێکەڵ بەو بابەتانە بکرێت کە سیاسییە و برسیکردنی هاوڵاتییانی هەرێم بە کارێکی نادرووست و نادەستووری و پێچەوانەی رێککەوتنەکەش تەماشای دەکەین ".
روونیشی کردووەتەوە "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق خۆی هاوکارمانە هەوڵدەدات تاوەکو ئێمە بگەینە چارەسەر پێکەوە و زیاتر ئەم کێشانە زەق نەبنەوە ".
پێشەوا هەورامانی جەختیشی کردووەتەوە " دیوانی چاودێری دارایی عیراق كە هاتوونەتە هەرێم بۆ ماوەی هەفتەیەك ماونەتەوە و هەموو شتێك خراوەتە بەر دەستیان، وەفدەكانی ئێمەش كە چوونەتە بەغدا، رێككەوتنییان كردوە و ئەوەی پێویست بوو بێت لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێمان كردووە، بۆیە ئێستا رێك لەو وادەیەداین كە دەبوو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت بەڵام تاوەكو ئێستا نەنێردراوە."
بیروڕا


