کوردستانی

گەندەڵیی لە دوو ملیار دیناری پۆشاكی سەربازیی، ئەفسەرێك دەنێرێتە زیندان

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەندەڵیی لە دوو ملیار دیناری پۆشاكی سەربازیی، ئەفسەرێك دەنێرێتە زیندان
مەودا میدیا-

بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی لە كەركوك، سزای زیندانیکردنی بە شێوازی ئامادەنەبوون لە دادگا (غیابی) بۆ ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک دەركرد.

سزاكە بەهۆی گەندەڵیی لە زیاتر لە دوو ملیار دینار بووە، فەرمانگەی دەستەی دەستپاكیی سەبارەت بە فەرمانەكە کە کۆمسیۆن بەدواداچوونی بۆ کردووە و ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەریی کردووە رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ دەستەی دووەم سزای ئەفسەرێکی بنکەی پۆلیسی ئەلمیرە لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بە 15 ساڵ زیندانیی داوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی ئەنجامدانی گەندەڵیی لە بڕی دوو ملیار و 48 ملیۆن و 390 هەزار (2,048,390,000) دینار، ئەو ئەفسەرە سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەوەش هاتووە، ئەو بڕە پارەیەی تۆمەتبار لەسەری سزادراوە بۆ کڕینی جلوبەرگی سەربازی تەرخانکراوە، جگە لەوەی سەرپێچی دیکەی ئەنجامداوە و كەسانی دیكەی تۆمەتباریش هەن كە هاوڕێی بوون لە گەندەڵییەكانیدا.

پاش ئەوەی لە پەڕاوەكاندا كاری ژماردن و وردبینی و پێداچوونەوە كراوە، تێبینی ئەوە کراوە کەرەستەکان لە کۆگادا نەبوون.

بەپێی دادگای تاوانەكان، دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی لێکۆڵینەوە، بەڵگەی پێویست هەبووە  بۆ بەتاوانبار لەقەڵمەدانی ئەو ئەفسەرە، لەكاتێكیشدا لە دادگا ئامادەنەبووە، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

ئەو بڕیارەش بەپێی بڕگەکانی مادەی 316ی یاسای سزادان و بە ئاماژەدان بە مادەکانی ئابونە (47 و 48 و 49)ی هەمان یاسا دراوە.

هەر لەو بڕیارەدا فەرماندراوە بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە گەشتكردنی بۆ دەرەوەی عیراق و پاڵپشتیکردنی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سامانەكەی لە خانووبەرە و كەلوپەل.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan