کوردستانی
ئاوی سلێمانی: بۆرییە شکاوەکەی دوکان سلێمانی چاککراوەتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەهۆی شکانی هێڵی یەکی ئاوی دوکان – سلێمانی رۆژی پێنجشەمەی رابردوو ئاوی چەند گەڕەکێکی سلێمانی بڕا و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند کە بە هیوان لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ئاو بگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنانە.
ئەمڕۆ شەممە 26ی ئابی 2023 ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی هێڵی یەکی ئاوی دوکان – سلێمانی لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شکا و بەهۆیەوە چەند گەڕەکێکی دەرەوەی شەقامی شەست مەتریی سلێمانی بێئاوبوون، لەئێستادا هێڵەکە چاککراوەتەوە".
باسی لەوەشکرد "هەر لەگەڵ شکانی هێڵەکەدا دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و دەستکرا بە چاککردنەوەی هێڵی ئاوەکە، بەڵام دوای چاککردنەوەی راستەوخۆ ئاو ناگات بەو ماڵانە و پێویستە ماوەیەک چاوەڕوانبن".
روونیشی کردووەتەوە "لە کاتژمێر حەوتی ئەم بەیانییەوە ئاو گەڕاوەتەوە بۆ ئەو گەڕەکانە، بەڵام پێویستیان بە 48 کاتژمێر هەیە تاوەکو بەپێی بەرنامەی دابەشکردن، ئاو بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکان".