عارف قوربانی

عارف قوربانی

دوێنێ کەرکوک لە قودس دەچوو

عەبدولڕەحمان خاڵسى، باوکى شێخ رەزاى تاڵەبانى نزیکەى 150 ساڵ لەمەوبەر لە بەیتێکى شیعریدا کەرکوکى بە (قودس) شوبهاندووە و دەڵێت، "خودایە موبارەک بکەیت کۆ وەک کەرکوکى موقەدەس. مەککە و قودسى کوردانن ئەم دوو شارەمان". خاڵسى لێرەدا بەمانا پیرۆزییەکەى شارى کۆیەى بە (مەککە) و کەرکوکیشی بە (قودس) چوواندووە. دواى زیاتر لە 100 ساڵ مام جەلال بەرگێکى سیاسى بەسەر ناوەڕۆکى ئەم شیعرەدا پێچایەوە و کردى بە درووشمى قۆناغێکى خەبات لەژێر ناوى (کەرکوک قودسى کوردستانە)، بەڵام بە درێژایى ئەو سەدە و نیوەى رابردوو هیچ کات کەرکوک وەکو دوێنێ لە قودس نەدەچوو.

 ئەوەى دوێنێ لە کەرکوک روویدا، لە پەلامار و هەڵکوتانى پۆلیس و هەمەرى سەربازى بۆ سەر خۆپێشاندەرى کورد، لە گەمارۆدانى گەڕەکە کوردییەکان و تەقەى بە ئەنقەست و نیشانەگرتنى سەربازەکان لە دڵى گەنجانى کورد، تەنانەت شەوى سەر قەبرانى رەحیماواش هەر بەڕاستى لە قودس دەچوو.

 ئەو جیاکارییەى دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان بۆ چاوپۆشین لە گردبوونەوە و ئاژاوەگێڕییەکانى هەفتەى رابردووى بەشێک لە عەرەب و تورکمان کردیان، بەراورد بەو رەفتارەى دوێنێ دژ بە ناڕەزایەتى ژمارەیەک هاوڵاتیى گەڕەکى رەحیماوا گرتیانەبەر، هەر بەڕاستى لە دیمەنى رەفتارى سەربازەکانى ئیسرائیل دەچوو لە قودس.

پێویستە کورد هەڵوەستە لە ئاستى ئەم رووداوانەى کەرکوک بکات، هەرچەندە ئەوەى دەگوزەرێت لەلایەک دەرئەنجامە، بەڵام دەبێت ئەوەش ببینێت لەلایەکى دیکەوە دەستپێکە. بەدیاریکراوی دەرئەنجامى حوکمى رەهاى نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017یە، دەرئەنجامى ناکۆکیی نێو ماڵى کوردە. دەستپێکیشە بۆ چوونە نێو قۆناخێکى مەترسیدارەوە کە بەرهەمى چاوپۆشینە لەو هەموو زووڵم و ستەمکارییەى لە دواى 16ـى ئۆکتۆبەرەوە لە گووندنشین و جووتیارانى کورد دەکرێت و هێز و دەسەڵاتدارانى کورد چاوى لێ دەپۆشن. ئەوەى چەند ساڵێکە بە گووندنشین و جووتیارانى کورد دەکرێت بۆ جێهێشتنى ماڵ و زەویوزاریان، هەروەها ئەو دیمەنانەى چەند رۆژى رابردوو هاتنى رەتڵى عەشیرەتەکانى حەویجە بە هوتافکێشانى دژ بە کورد بۆ شۆراو و رەحیماوا، رێک لە دیمەنى ساتەوەختى هاتنى حەرەس قەومییەکانى ساڵى 1963 دەچوو. کورد دەبێت بە ئاگابێتەوە لەبەردەم چى دۆخێکى مەترسیداردایە.

 بە درێژایى مێژوو، کورد لە نەتەوە و میللـەتانى ناوچەکە جیاواز بووە، رەفتارى، کولتوورى، دابونەریتى، تەنانەت مامەڵەى لەگەڵ ئەو داگیرکەرانەش واهاتوونەتە سەر شەرەف و نیشتمانەکەى، مرۆڤ دۆستانە بووە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ هەموو هەلومەرج و سەردەمێک باشبێت. بەتایبەت ئەگەر ئەم نەرمونیانى و لێبووردەییەى کورد لەبەرچاو نەگیرا بۆ گۆڕینى رەفتارى دەوروبەرەکەى و پێچەوانەوە کەوتەوە، بووە هۆکار بۆ زاڵکردنى دەستى نەیارەکانى، پێویستە کوردیش رەفتارى خۆى بگۆڕێت. نابێت لەناو ئەو کۆمەڵگە خێڵەکى و دواکەوتووەى ناوچەکەدا کورد نەرمونیانى (مەسیح)ى هەبێت، کاتێ زللـەیەکیان لە بناگوێیدا، لایەکەى دیکەی روومەتیشیان تێبکات بۆ ئەوەى زللـەیەکى دیکەشى لێبدەن. پێویستە لە بەرانبەر ستەمکاریى دەوروبەرەکەیدا ئەگەر بەشێوەیەکى کاتیش بووە بۆ دانانى سنوورێک بۆ ستەمکار، رەفتارى خۆى بگۆڕێت و فەرمانى ئیسلام پەیڕەو بکات، بکوژ دەبێت بکوژرێتەوە.

 لە بنەڕەتدا بەکاربردنى خەڵک لە ململانێى سیاسى و تائیفى کارێکى خراپە، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکانى ناو کایەى سیاسى ئەمە بەخراپ بزانن. ناکرێت دوو تەرەفى ناکۆک یەکێکیان بە هەموو جۆرێک خەڵک بکاتە ئامرازى ململانێ و کارتى گوشار بۆسەر بەرانبەرەکەى، بەڵام تەرەفى دووەم هەر بکڕوزێتەوە و بڵێت ئەوە کارێکى خراپە. ئەمەى لە کەرکوک روودەدات بەو جۆرەیە. بەشێک لە لایەنى سیاسى شۆڤێنى عەرەب و تورکمان ماف بەخۆیان دەدەن تەنانەت لە حەویجە و دەرەوەى کەرکوکیشەوە خەڵک بهێنن ژیان و گوزەرانى کوردى گەڕەکە کوردییەکان بشێوێنن، رێگەى کار و کەسابەتیان لەسەر دابخەن، بەڵام بۆ کورد رەوا نییە ئەگەر دانیشتووانى گەڕەکى شۆراو یان رەحیماواى کەرکوک داواى ئەوە بکەن ئەو رێگەیانەى لەسەریان دایانخستووە، بیکەنەوە.

پێویست بوو زووتریش کورد لە کەرکوک وەک بەرانبەرەکانى سیاسەتى بکردایە، کورد لەمێژە وتوویەتى مشت لە درەوشە دەگەڕێتەوە. دەبێت بۆ لەمەودوا ئەو رێگەیە بگرێتەبەر، لە بەرانبەر قوزەڵقورتدا سندانى هەبێت. ئەگەر ئەوە نەکات بەدڵنیاییەوە ئەمەى ئێستا لە کەرکوک دەگوزەرێت دەبێتە دەستپێک بۆ رووداوگەلى زۆر تراژیدى کە لە داهاتوودا رووبەڕووى کورد دەکرێتەوە.

 لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەى پێویستە کورد لە کەرکوک لەبەرچاوى بگرێت دوو شتن: یەکەمیان ئەوەیە لایەنە سیاسییەکانى کورد لە کەرکوک ناڵێم پێویستە یەکگرتوو یەکهەڵوێست بن، کە ناتوانن یەک بن، بەڵام لانى کەم ئەو رەفتار و ئەخلاقە سیاسییە تەرککەن کە هەرچى رووبدات ئۆباڵەکەى بخەنە ئەستۆى یەکدی و شان و شەوکەوتى شۆڤێنییەکانى عەرەب و تورکمانى لێ پاکبکەنەوە و هەر بڵێن خەتاى فڵان و فیسار لایەنى کوردییە. وەک ئەوەى لە دوێنێوە پارتى دەیخاتە ئەستۆى یەکێتی و یەکێتیش دەیخاتە ئەستۆى پارتى و نەوەى نوێش پارتى و یەکێتی پێ تۆمەتبار دەکات.

 دووەم شت گرنگە گەڕەکە کوردییەکان نەکەنە جوگرافیاى بەریەککەوتن، وەک چۆن عەرەب و تورکمان دێن لە دەروازەى کەرکوک بۆ هەولێر خێوەت هەڵدەدەن و لە شۆراو و رەحیماوا گرفت دروستدەکەن. پێویستە کوردیش بچێت لە بەردەم بارەگاى بەرەى تورکمانى خێوەت هەڵبدات و داواى دادگاییکردنى بکوژانى شەهیدانى 28ى تەممووز بکەن. بچن لە رێگەى بەغدا مان بگرن. پارێزگاى تەعریبچى جیاکارى لە پرۆژەى خزمەتگوزارى دەکات لەنێوان گەڕەکە عەرەبنشین و کوردییەکاندا، بچن خۆپێشاندانى هێمنانە لەسەر رێگەى بەغدا بکەن و رێى پایتەخت دابخەن، تا بەغدا دەنگتان ببیستێ. حەشدى شەعبى و سەربازى قەومى دێنە سەر جووتیارانى کورد لە ناوچەکانى داقووق و دوبز و پردێ، بچن رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا دابخەن.

 کوردى کەرکوک نابێت چارەنووسى خۆیان ببەستنەوە بە بەرژەوەندیی حزبى سیاسیی کوردییەوە کە لەپێناو زیادکردنى پشک و داهاتەکانیان لە دزین و دادۆشینى شارەکە، ئامادەى هەموو سازشێکن بە پرسە نەتەوەییەکان. ناشبێت رێگە بدەن بکرێنە ئامرازى دەستى حزبە سیاسییەکان بۆ ململانێ، بەڵام بێدەنگبوونیشیان لەوەى بەسەریان دەهێندرێت لە کەرکوک کارێکى مەترسیدارە. ئەگەر لە ئێستاوە سنوورێک بۆ زیادەڕۆی و ستەمکارییەکانى کە لەسەرین دانەنێت، دڵنیابن ساڵانى داهاتووى رەشتر و تاریکتر دەبن لە سەردەمى ستەمکارییەکانى سەدام.

 ئەوەى لە هەفتەى رابردووەوە لە کەرکوک دەگوزەرێت، ئەو گوتارانەى ئەرشەد ساڵحى بە نوێنەرایەتیی تورکمان و مونز عاسى، بە نوێنەرایەتیى عەرەبى حەویجە لە میدیاکان بڵاویان دەکردەوە، مەغزاى زۆر شاراوە و مەترسیداریان هەڵگرتووە دژ بە کورد. ئەگەر کورد خۆى گێل نەکات لە تێگەیشتنى.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan