راپۆرت
مەهدی زانا كێیە و بەرهەمی بۆ كورد چییە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لەوانەیە زۆرینەمان ناوی لەیلا زانامان بیستبێت، ئەو خانمە سیاسەتوانەی بەهۆی بە كوردی دوانی لە پەرلەمانی توركیا، دە ساڵ زیندانیكرا، بەڵام كەم كەس مەهدی زانا دەناسێت، ئەو قەڵایەی هاوسەنگەر و پاڵپشت و هاوژینی لەیلا زانایە.
مەهدی زانا كەسایەتییەكی دیاری كوردە و خاوەنی بەرهەمی سیاسی و ئەدەبییە بۆ كورد دۆزە رەواكەی كە چەندین ساڵە بەهۆیەوە لە پارچە جیاوازەكانی خاكەكە خوێنی گەلەكەی دەڕژێت.
لەو شوێنی كارەی وەك بەرگدروو كاری تێداكردووە، تێكەڵ بە زانیاریی سیاسی بووە
زانا ساڵی 1940 لە ناوچەی سیلڤان – لە ئامەدی پایتەختی كوردستانی گەورە چاوی بە دنیا هەڵهێنا و پێشئەوەی ئامادەیی تەواوبكات وەك شاگردی بەرگدروو دەستی بە كار كرد. لەو كاتەدا لای نییازی تاتڵیجی، كەسایەتیی دیاری باكوری كوردستان كاریكردووە و چەندین كەسایەتیی ناوداری كورد ئەو كاتە لە شوێنكارەكەی ئەو كۆبوونەتەوە، زانا لە پەرتووكەكەیدا بەناوی (چاوەڕێكە دیاربەكر) دەڵێت لەو شوێنی كارەی وەك بەرگدروو كاری تێداكردووە، تێكەڵ بە زانیاریی سیاسی بووە.
ناسناوی خانەوادەكەی گۆڕی بۆ (زانا) كە هاوواتای وشە توركییەكەیە
ناسناوی خانەوادەی زانا لە بنەڕەتدا (بیلیجی) بووە، بەڵام دواتر ئەو وشە توركییەی كردووەتە كوردی و ناسناوی خانەوادەكەی گۆڕی بۆ (زانا) كە هاوواتای وشە توركییەكەیە، ساڵی 1963 بووە ئەندامی هەریەك لە پارتی كرێكارانی توركیا و چراكانی شۆڕشی كەلتووری رۆژهەڵات، پاشان بووە بەڕێوەبەری ناوچەی سیلڤان-ی پارتی كرێكارانی توركیا.
وەك یەكەمین سەرۆكی شارەوانیی سەربەخۆ لە دیاربەكر هەڵبژێردرا
ئابی 1977 خۆی بەربژێركرد بۆ بوون بە سەرۆك شارەوانیی دیاربەكر، ساڵی 1978 وەك یەكەمین سەرۆكی شارەوانیی سەربەخۆ لە دیاربەكر هەڵبژێردرا و 12ی ئەیلولی 1980 بەهۆی كودەتای سەربازییەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، پاشان بۆ ماوەی 10 ساڵ دەستگیركرا و لەنێوان چەندین بەندیخانە شوێنی دەگۆڕدرا.
لە ساڵانی 1967، 1971 بۆ 1974، 1980 هەتا 1991 و لە 1994 بۆ 1995 تێكڕا 16 ساڵی تەمەنی لە تاریكیی زیندانەكاندا بەسەربردووە، كاتێك لە ساڵی 1996 لە زیندان ئازادكرا، لەیلای هاوژینی لە زیندان بوو، بووە براوەی خەڵاتی ساخارۆڤ، لەبری هاوژینەكەی خەڵاتەكەی وەرگرت.
دواتر مەهدی زانا دوورخرایەوە لە نیشتیمانەكەی، نزیكەی هەشت ساڵ لە سوید ژیانی بەڕێكرد، لە رێكەوتی 15ی تشرینی یەكەمی 2004 گەڕایەوە توركیا، بەهۆی ئەو سكاڵایانەی لەسەری هەبوون دەستبەسەركرا، بەڵام دواتر ئازادكرا.
زانا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی لەمێژەوە خزمەتیان بە دۆزی كورد كردووە
مەهدی زانا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی لەمێژەوە خزمەتیان بە دۆزی كورد كردووە، لە 1975ەوە لەگەڵ خانمە سیاسەتوانی دیاری كورد لەیلا زانا هاوژینن و خاوەنی دوو منداڵن، شوكران زانا، كە لەسەر لیستی پارتی دیموكراسیی لە توركیا پەرلەمانتار بوو، خوشكی مەهدی زانایە.
بەدەر لە هەموو ئەوانەش، خاوەنی چەندین پەرتووك و نووسراوە و خزمەتێكی بێئەندازەی بە مێژوو، ئەدەب و دۆزی گەلی كورد كردووە، زانا خاوەنی نۆ بەرهەمی نووسراوە، سەرجەمیانی لەنێوان ساڵەكانی 1996 هەتا 2000 چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
شادان ع.ع