کوردستانی

توركیا ژمارەیەك ناوچەی لە سنووری هەرێم بۆردوومانكرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


توركیا ژمارەیەك ناوچەی لە سنووری هەرێم بۆردوومانكرد
مەودا میدیا-

پاش ئەوەی هەڕەشەی كرد بە هێرشكردنە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، ئەمشەو هێزە ئاسمانییەكانی توركیا سەرلەنوێ بۆردوومانی ناوچە شاخاوییەكانی ماوەتیان كرد.

ئەمشەو 4ی تشرینی یەكەمی 2023، هێزە ئاسمانییەكانی توركیا بۆردوومانی هەریەك لە گوندی گەڵاڵە، شینكایەتیی و شاخی باسكەقەلیان كرد، ئەوەش پاش هەڕەشەكانی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا دێت كە رایگەیاند، هێرشدەكەنە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كە ئەو بە (باكوری عیراق و باكوری رۆژهەڵاتی سوریا) ناوی بردن. 

بەپێی زانیارییەكانی مەودا میدیا، بەشێك لە هێرشە ئاسمانییەكان كە لە رێگەی فڕۆكەوە ئەنجامدراون، لە نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانی مەدەنی بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە.

هێرشەكان لەكاتێكدایە، توركیا تەقینەوەكەی ئەنقەرە وەك پاساوێك بەكاردێنێت كە بەپێی وتەی بەرپرسانی وڵاتەكە لەلایەن گەریلاكانی رۆژئاوای كوردستانەوە ئەنجامدراوە و بەوهۆیەوە دەیەوێت دەست بە پەلاماردانی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بكات لە سنوورەكانی هەرێم و رۆژئاڤا.

هەر زوو مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاڤای كوردستان ئەمشەو چوارشەممە 4ی تشرینی یەكەمی 2023 لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند "ئەنجامدەرانی هێرشەكەی ئەنقەرە بە ناوچەكانی ئێمەدا تێنەپەڕیون و ئێمە بەشێك نین لە ململانێ ناوخۆییەكانی توركیا".

1ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، تەقینەوەیەك لە بنكەیەكی پۆلیس لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بووە هۆی برینداربوونی دوو پۆلیسی توركیا و شەهید بوونی دوو گەریلا، كە فەوجی (نەمران)ی هێزێكی كوردی بە ناوی (ناوەندی بەرگریی خەڵك) ئەنجامدانی كردەوەكەیان گرتە ئەستۆ.



ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan