چاوپێكەوتن

نەرمین عەبدولڕەحمان: بەردەوام ماڵمان بەکۆڵمانەوە بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەرمین عەبدولڕەحمان: بەردەوام ماڵمان بەکۆڵمانەوە بوو
مەودا میدیا-

 
هەر مرۆڤێک خاوەنی چیرۆکێکی تایبەت بە خۆیەتی، جا ئەگەر ئەم مرۆڤە، ژن بێت و لە ناوچەیەکی وەکوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کوردستاندا بێت، ئەوا چیرۆکەکەی سەرنجڕاکێشتر و پڕ لە هەست و سۆزتر دەبێت، وەک کەسێک لە کێڵگەیەکی میندا بژی، کە پڕیەتی لە مین؛ مینی کۆمەڵایەتی، مینی ئایینی، مینی داگیرکاری و بەرەنگاریی ژێردەستەیی... بەردەوام لەم مین بۆ ئەو مین، ئیتر ژیان خۆی دەبێتە جۆرێک لە ئاڵنگاری. 
لەمیانەی بەردەوامیی چاوپێکەوتنەکان و نووسینەوەی مێژووی ژناندا، دوو خاتوونی ئازیز بوونە میوانمان (خاتوو نەرمین عەبدولڕەحمان) و (خاتوو سروە نوری ئەزیز)، کە هەم خاڵۆزا و پوورزای یەکترن، هەمیش لە کار و خەباتی سیاسی و نهێنیدا پێکەوە چالاکییان ئەنجام داوە. هەردوو خاتوون پێیان باش بوو خۆیان بەوردی تیشک بخەنە سەر مێژووی ژیان و چالاکییەکانیان و بۆمان بنێرن، ئێمەش داواکەمان خستنە سەر چاوان و دڵمان نەشکاندن.
 
خێزانەکەم
ناوم نەرمین عەبدولڕەحمان عەبدولکەریمە، لە رۆژی 18ی مایسی 1963، سێ هەفتە پێش (مەنعی تەجەول)ە شوومەکەی سلێمانی لە سەردەمی زەعیم سدیقدا، لە گەڕەکی دێرینی سەرشەقام، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و ناسراوی شاری سلێمانی لەدایک بووم. من بەسەر پرسە و ناخۆشیدا هاتمە دنیاوە، چونکە لەو مەنعی تەجەولەدا خاڵەکانم (حاجی ساڵح، مەلا نوری) دەستگیر کران و ماوەی دوو مانگێک دەستبەسەر بوون، هەروەها خاڵە رەزاشم (بە عەریف رەزا ناسرابوو) بەدوای دەبابەدا راکێشرا و هێشتا رۆحی تێدا مابوو کە لەگەڵ ژمارەیەک تێکۆشەری شاردا خستیاننە چاڵەوە. ئەم چیرۆکە ناخۆشەم زۆر جار لە دایکم بیستووە کە بەدەم فرمێسکەوە بۆی دەگێڕاینەوە. دەتوانم بڵێم لە یەکەمین رۆژی ژیانمەوە بەسەر کێشە و زەحمەت و ناڕەحەتیدا کەوتووم، ژیانێکی زۆر سەختم گوزەراندووە. ئێستا کە سەیری رابردووم دەکەم، هەست بە شانازیی دەکەم، چونکە هەرگیز ژیان نەیتوانیوە چۆکم پێ دابدات.
باوکم (مەلا ئەوڕەحمانی کۆڵ)، زاتێکی خوێندەوار بوو، لە ساڵی 1914 لەدایک بووە، کەسێکی باڵا مامناوەندیی سوورکار بوو، چاوەکانی شینی پیرۆزەیی بوون، پێستێکی سپیی خانەدانی هەبوو. بەردەوام بەهێمنی دادەنیشت و کتێبی دەخوێندەوە، لە میسر و لوبنان و وڵاتانی دیکەوە کتێب و بڵاوکراوەی بۆ دەهات.
کەسێکی زۆر نەرمونیان و لەسەرخۆ بوو، زیاتر هاوڕێمان بوو، لە هەموو کارێکدا راوێژی پێ دەکردین و هەرگیز کەسمانی ناچار نەدەکرد شتێک بکەین کە خۆمان حەزمان لێی نەبێت. 
دایکم ژنی ماڵ بوو، خانمێکی خانەدان و لەسەرخۆ بوو، دایکێکی هەتا بڵێی خوێنشیرین و لەسەرخۆ بوو، زۆر بەدەممانەوە بوو و خەمخۆری هەموو لایەک بوو.
وەکوو خێزانیش خێزانێکی گەورە بووین، حەوت خوشک و سێ برا بووین، لەگەڵ ئەوەش زۆر بێکێشە و گونجاو و پێکەوە بووین. 
باوکم، بەمنداڵی ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە و لای چەندین مەلای شارەزا وانەی خوێندووە. دەتوانم بڵێم باوکم کە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرت، هەر زوو درەوشایەوە و مامۆستاکانی هاوڕێی بە شافیعیی زەمان ناویان دەبرد. 
ماوەی 65 ساڵ (1940 - 2005) وتاربێژ و ئیمام و مودەڕیس بووە لە مزگەوتی شێخ حسێنی قازی، کە تەنیا پەنجا مەترێک لە ماڵی خۆمانەوە دوور بوو، لەسەر رووکنی چوخمەکەی سەرشەقام کە ماڵی خوالێخۆشبوو نامیق ئاغای لێ بوو (نامیق ئاغا و ژمارەیەک تێکۆشەری دیکە، لەگەڵ خاڵە رەزامدا لە یەک رۆژدا زیندەبەچاڵ کران).
باوکم، مامۆستا و پەروەردەکار بوو، هەزاران فەقێ هاتوونەتە لای و زانستە شەرعییەکانیان خوێندووە. رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم بەشی هەرە زۆری مەلاکانی سلێمانی و دەوروبەری، یان خوێندکاری باوکم بوون، یاخود خوێندکاری خوێندکارەکانی بوون. دوای دامەزراندنی خوێندنگە میرییە ئایینییەکان، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار دەهاتنە لای باوکم و وانەیان دەخوێند و لە ئامادەکردنی تێز و لێکۆڵینەوەکانیاندا سوودیان لێ وەردەگرت. لە دوای ساڵی 1991ەوە ماوەی چەند ساڵێک سەرۆکی لیژنەی فەتوا بووە و دواتریش هەر بۆ پرس و راوێژی ئایینی سەردانیان دەکرد و خەڵکانێکی زۆر دەهاتنە لای و نامەی مەلا و ئیمامەکانی کوردستانیان بۆ دەهێنا و پرسیاری شەرعییان لێ دەکرد، ئەویش بە نووسراو وەڵامی دەدانەوە.
لە هەموو شارەکانی کوردستانی باشوور و خۆرهەڵاتەوە فەقێ و مەلا دەهاتنە حزووری باوکم بۆ بەهرەمەندبوون لە زانست و زانینە شەرعییەکانی. لە ساڵی 2009دا کە ئەمری خوای بەجێ هێنا و لەم جیهانە دەرچوو، مەلا گەورەکانی کورد دەیانناڵاند و دەیانوت "ئیبن حەجەری کورد فەوتی کرد".
لەسەر وەسێتی خۆی، کتێبخانەکەی کە پڕ بوو لە کتێب و دەستنووسی دەگمەن، وەک دیاری بەخشیمان بە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی. هەر لەسەر داوای خۆی، بەپێی گونجان کتێخانەیەکی دارینی جوانیشمان لەگەڵیدا رەوانە کرد.
دایکم و باوکم تەمەنێکی درێژیان بەسەربرد، هەردووکیان نزیکی سەد ساڵ بوونەوە بەرلەوەی لە دنیا دەربچن. یادیان بەخێر و رۆحیان شاد.
 بەحوکمی ئەوەی هەردوو براکەم (سەلام) و (سەڵاح) خەریکی سیاسەت بوون و چەندین جار دووچاری گرتن و حوکمدان بوونەوە، کێشە و ناخۆشیمان زۆر بوو. بەهۆی ناڕەحەتیی دەروونییەوە، دایکم یەک دوو منداڵی لەبار چوو، خوشکێکیشم کە ناوی بەدیعە بوو، هەر بەمنداڵی مرد. 
ئەو باوک و دایکە میهرەبانە هەرگیز نەیاندەهێشت کاریگەریی ئەوە بکەوێتە سەر ژیانمان و جگە لە سێ خوشکە گەورەکەم، کە هەر زوو هاوسەرگیرییان کرد و چوونە ماڵی خۆیان، چوار کچەکەی تر هەموومان چووینە بەر خوێندن و هەموومان خوێندنمان تەواو کرد و بڕوانامەی زانستیمان بەدەست هێنا.
 
خوێندن
ساڵی 1970 لە خوێندنگەی نزار لە خوار گەڕەکی خۆمانەوە لە سەرەتای گەڕەکی جوولەکان، چوومە بەر خوێندن. لەناو مامۆستاکاندا، ناوی دووانم لەیاد ماوە: مامۆستا دولبەر بیرکاری و مامۆستا زوهرە (هاوسەری شاعیری ناسراو ع. ع. شەونم) وانەی وەرزشی پێ دەوتین. 
دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی، ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکی سەرکارێز، کۆڵانی مەخفەرەکە. لەوێ چوومە ئامادەیی کوردستان و بە کۆنمرەی 70 ناوەندیم تەواو کرد و لە ئامادەیی پیشەسازیی 17ی تەمووز لە گەڕەکی شێخ محێدین وەرگیرام. لە ساڵی 1982 – 1983 ئامادەییشم تەواو کرد. 
ماوەی خوێندنم زۆر ئاسوودە بووم، هەرگیز باوکم کەسمانی ناچار نەدەکرد بەوەی پۆشاکێکی دیاریکراو لەبەر بکەین، بیرم نایەت رۆژێک لە رۆژان لێپرسینەوەی لە کەسمان کردبێت؛ ئەو متمانەی خۆی بەخشیبوو بە ئێمە و ئێمەش رێزی ئەومان دەپاراست.
رووداوەکان زۆر بەخێرایی تێپەڕین، راستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستای عەمەلی لە ئامادەییەکەی خۆم دامەزرام، هەر لەو ماوەیەشدا هاوسەرگیریم کرد و بەرلەوەی بەکردەوە دەوامی مامۆستایەتی بکەم، رووم کردە شاخ بۆ لای هاوسەرەکەم کە چەند ساڵێک بوو پێشمەرگە بوو.
 
سەرەتای ژیانی سیاسی
زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەمان خەریکی سیاسەت بوون، بەردەوام کەسانی سیاسی و رێکخستنەکان هاتوچۆیان دەکردین، یەکێک لەوانە جەباری حاجی رەشید، بەرپرسی رێکخستنە نهێنییەکانی سلێمانیی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوو (لە ساڵی 1989 بەعس دەستگیری کرد و ساڵێکی پێ نەچوو لەسێدارە درا)، بەردەوام دەهاتە ماڵمان بۆ لای کاک سەلامی برام، چونکە بەیەکەوە لە رێکخستندا کاریان دەکرد، هەروەها دکتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد و چەند کەسێکی دیکەش بە هەمان شێوە.
کاکە سەلام هاندەری سەرەکیم بوو، چەند ساڵێک پێش ئەوەی پەیوەندی بکەم، نامە و پێداویستی پێدا دەناردم بۆ ئەندامانی دیکەی رێکخستن. بۆ تێکەڵاوبوون بە کاری رێکخستن، ئەوەندە منداڵ بووم کە بەباشی تێنەدەگەیشتم کاکم و ئەوانی تر خەریکی چین. من هەروا داواکانی کاکمم جێبەجێ دەکرد تا ئەو کاتەی سروەی خاڵۆزام (ماڵیان دوو خانوو لە خوار خۆمانەوە بوو) لەناو شانەیەکی نهێنیدا رێکی خستم لەگەڵ خۆی و بورهانی شێخ مستەفا (لە ساڵی 1980 بە بۆردوومانی فڕۆکە لە گوندی تووژەڵە شەهید بوو).
ئیتر بەتەواوەتی چالاکیی رێکخراوەیی من دەستی پێ کرد و کاکە سەلامیشم ئاگاداری هەموو جووڵەیەکم بوو. بورهان و سروە و من زیاتر لە دوکانی چاویلکەسازێک کۆ دەبووینەوە لە شەقامی سابونکەران، ناوی بەهادین بوو، لە رێگەی ئەوەوە بەیاننامە و پێداویستییەکانی دیکەمان پێ دەگەیشت.
ئەوکات لە پۆلی سێی ناوەندی بووم، کە بەیاننامەکان دەهاتن، بەیانیان کاتژمێر شەش یان زووتر رووم دەکردە ناوچەی ریعایە و کارەباکە (ئەم دوو ناوچەیە بۆ من دیاری کرابوو)، لەژێر دەرگای ماڵانەوە دەمخستنە حەوشەکانەوە.
 
دەستگیرکردنی کاکە سەلام
لە زستانی ساڵی 1979، کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەم، نیوەشەوێکیان تەقەتەق و دەنگەدەنگێکی زۆر لە ماڵەکەماندا دەستی پێ کرد، کاکە سەلامم خەبەری بووەوە و بوو بە قسەکردن و مشتومڕ و هەموومان لە خەو راچڵەکین، بینیمان ژمارەیەکی زۆر چەکداری سەر بە رژێم لەناو ژوورەکاندان و تەقەتەقی پۆستاڵەکانیان و گەڕان و پشکنینی ماڵەکە، هەموومانی ترساند. ئەمانە لە دیوی دەرەوە پەیژەیان دانابوو بە سەرباندا هاتبوونە ژوورەوە. خانووەکەمان دوو دەستە بوو، ئەمبەر و ئەوبەر و ناوەڕاستەکەشی حەوشە بوو، لەوێوە هاتبوونە ژوورەوە.
ئەو شەوە زۆر شتیان بەردەست کەوت: کۆمەڵێک نامەی نهێنی، دەمانچەیەک و هەندێک فیشەک. تەلەفۆنێکی زەمینیمان هەبوو، سەماعەکەیان لێ کردەوە و فڕێیاندایە کۆڵان و شکا. کاکە سەلامیان قۆڵبەست کرد و پەڕۆیەکیان بەست بە چاوەکانییەوە و هەر بە بیجامەوە خستیانە ناو پیکابێکەوە و رۆیشتن. دوایی زانیمان کە ئەوانە مولازم موحسین و هێزەکەی بوون، کە بە خوێنڕێژ و پیاوکوژ ناسرابوون.
دایکم تەندروستیی تێک چوو، باوکم ماتەم دایگرت، منداڵەکان چاوبەفرمێسک، نەماندەزانی چی بکەین. نەماندەزانی کاکمیان بۆ کوێ بردووە. کاکم 11 مانگی تەواو بێسەروشوێن بوو، لە هیچ لایەکەوە هەواڵمان نەدەزانی. باوکم هەرچی پارەیەکی هەبوو لە واستەکردن و دەمچەورکردنی پیاوانی سەر بە رژێمدا سەرفی کرد، کەس هیچی دڵنیاکەری پێ نەوتین. ناوبەناو هەواڵی جەرگبڕیان بۆ دەهێناین؛ یەکێک دەیوت لەژێر ئەشکەنجەدا مردووە، یەکێکی تر دەیوت قاچیان بڕیوەتەوە، یان دەیانوت گوللەبارانیان کردووە... هەریەک لەوانەی واستەمان پێ دەکردن، شتێکی جیاوازی دەوت.
لە ناوەڕاستی ساڵی 1980دا ژمارەیەکی تەلەفۆنمان دەست کەوت کە راستەوخۆ هیی سەدام حسێن بوو، بۆ ئەوە بڵاوکرابووەوە کە خەڵک راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکەن. من لەو کاتەدا کارم نەما جگە لەوەی رۆژانە سەدان جار هەوڵ بدەم ئەو ژمارەیە وەربگرم، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک زۆر پەیوەندی دەکرد، وەرنەدەگیرا. رۆژی دواتر لای تەلەفۆنەوە دادەنیشتم و دەستم پێ دەکردەوە، بەڵام بێ ئەنجام. 
نزیکەی پێنج مانگ بەردەوام ئەوە ئیشی من بوو، تا رۆژێکیان دەنگێک هاتە بەر گوێم:
- الو...
راچڵەکیم، شڵەژام، هەر ئەوەندەم پێ کرا پرسیم: "سەدام حسێن مەوجودە؟" 
دەنگەکە وەڵامی دایەوە: "ئانی سەدام حسێن".
بەشڵەژاوییەوە هەر بە زمانی خۆمان وتم: "من کوردم، لە سلێمانییەوە قسە دەکەم، عەرەبی نازانم." 
دەنگەکە وتی: "ئیحچی مایخالف".
وتم: "کێشەیەکی زۆر گەورەمان هەیە، دەمانەوێت مواجهەت بکەین". 
وتی: "ئیکتوب". 
وتم: "قەڵەم و وەرەقەم پێ نییە".
لەسەرم وەستا تا کاغەز و قەڵەمم هێنا، ئینجا وتی "یەوم خەمیس، ساعە خامیسە، مەجلیس وەتەنی".
ئەوەم نووسی، ئینجا پرسی: "بیئیسم مەن؟"
وتم: "حەلاوە عەزیز".
زۆر دڵخۆش بووم، پرسیارەکان زۆر ئاسان بوون، بەشی ئەوە عەرەبییەکەم بەکەڵک هات.
 
دایکم و سەدام حسێن!
پێنجشەممە سێ چوار رۆژێکی مابوو، باوکم بەپەلە و بە راوێژی مەلاکانی هاوڕێی دەستی کرد بە ئامادەکردنی راپۆرتێک بە زمانی عەرەبی و هەمووشیان واژۆیان کرد. دایکیشم حەپەسا بوو، نەیدەزانی چی بکات. لە لایەکەوە دەترسا و لە لایەکی تریشەوە جەرگی داخ بووبوو.
مەوعیدەکە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بوو، سەرلەبەیانی پێنجشەممە هیوای خاڵۆزام (برای سروە) بە ئۆتۆمبێلی خۆی دایکمی گەیاندە مەجلیسی وەتەنی، بە دەستێک جلی کوردی و سەروبەست و دەسماڵەوە لە مەجلیسەکە دادەنیشێت. زۆری پێ ناچێت سەباح میرزا (پاسەوانی تایبەتی سەدام، بە ئەسڵ کوردێکی ئەردەڵانی بوو، لە ساڵی 2005دا مرد) دەچێت و لەگەڵ خۆی دەیانبات بۆ لای سەدام لە کۆشکی کۆماری.
لە کۆشک دەبینێت فەرشی گرانبەها راخراون، پێڵاوەکانی دادەکەنێت، سەدام بە ئاماژە سەباح تێدەگەیەنێت و ئەویش بە دایکم دەڵێت پێڵاوەکانی لە پێ بکاتەوە. سەدام لەبەر دایکم هەڵدەستێت و بەرەوپیری دێت و دەست دەکاتە ملی و لای خۆیەوە دایدەنیشێنێت. لە کاتێکدا کە دەیەوێت نامەکە بداتە دەستی سەدام، خۆی پێ ناگیرێت و دەست دەکات بە گریان. ئەویش دڵی دەداتەوە و دەڵێت "خەمت نەبێت، بڕۆرەوە بۆ ماڵی خۆت، چاوەڕێ بکە".
هەفتەیەک یان کەمێک زیاتری پێ چوو، پەیوەندیمان پێوە کرا تا بچین بۆ زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا بۆ بینینی کاکە سەلام. پاسێکی هەژدەنەفەریمان بەکرێ گرت و خۆمان و کەسوکار روومان کردە بەغدا. لەوێ کاربەدەستانی زیندان بۆیان روون کردینەوە کە کاکم سزای لەسێدارەدانی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو نامەیەوە سەدام بڕیاری تایبەتی بۆ دەرکردووە و حوکمەکە گۆڕاوە بە زیندانی هەتاهەتایی.
هەمووی دوو ساڵی پێ نەچوو، بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرا. هەمووی مانگێک لە ماڵەوە نەبوو، یەکسەر رووی کردە شاخ و بوو بە پێشمەرگە. زۆری پێ نەچوو ژنی هێنا و ئێستا دوو کوڕ و کچێکی هەیە و خاوەنی ماڵ و خێزانی خۆیانن.
 
هاتوچۆی شاخ
ئینجا هاتوچۆی شاخ بوو بە رێگەی کانی بۆ ئێمە. لانی کەم مانگی جارێک یان زیاتر، دایکم خواردنێکی زۆری دروست دەکرد و بەیانیی زوو لەگەڵ کەلوپەلی تەندروستی و دەرمان و پارە و پۆشاک و پێڵاو و زۆر شتی تردا بەناو خاڵەکانی پشکنینی رژێمدا دەمانبرد و هەر جارەی لە گوندێکی ناوچەی شارباژێر کاکم و پێشمەرگەکانمان دەبینی، لای ئێوارە بە ژمارەیەک نامە و راسپاردەوە دەگەڕاینەوە بۆ شار و بۆ رۆژی دواتر من راسپاردە و نامەکانم دەگەیاندە شوێنی خۆیان. دەمەوێت بڵێم زۆرێک لە شۆفێرەکان دەیانزانی خێزانەکان هاتوچۆی کوڕەکانیان دەکەن، لە هەڵگرتن و شاردنەوەی کەلوپەلدا زۆر هاوکارییان دەکردین.
 
شار دەورووژێت
لە ساڵی 1983 ژمارەیەکی زۆر لە کوڕانی گەنجی سلێمانی، هونەرمەند و کەسانی ناسراو دەستگیر کران و شەپۆلێکی ناڕەزایی و خۆپیشاندان دەستی پێ کرد، لە هەموو قوتابخانەکانەوە خوێندکار دەڕژانە سەر شەقامەکان و کاسبکاران و خەڵکی شار دوکانەکانیان دادەخست. پیاوانی سەر بە رژێم و بەتایبەتی کوردەکانیان بە کێبڵەوە دەهاتنە سەرمان و بە کێبڵ لێیان دەداین و بڵاوەیان پێ دەکردین.
ئەو کاتە خێزانەکانی شار هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەرییان زۆر بوو، بە دەیان جار رێکەوتی کردووە خۆمان کردووە بە ماڵاندا، یەکسەر ماکسی و جلی ناوماڵیان پێ داوین و کردویانین بە یەکێک لە خێزانی خۆیان تا رەوشەکە هێمن بووەتەوە.
بەحوکمی شوێنی ئامادەییەکەمان، زۆربەی خۆپیشاندانەکانمان بەرەو گەڕەکی چوارباخ و کۆڵانەکانی شێخ محێدین وەردەچەرخان. من یان یەکێکی دیکە لە هاوڕێیانی رێکخستن دەرفەتمان دەست دەکەوت و لەسەر تەختەڕەشی قوتابخانە دەماننووسی: "کاتژمێر (11) وەرنە دەرێ خۆپیشاندانە". لە کاتی دیاریکراودا قوتابخانە یەک کەسی تێدا نەدەما.
 
رۆیشتن بەرەو شاخ
کۆتا ساڵی خوێندنم، سروەیەکی ترم ناسی، ئەمیان بەتەواوەتی ژیانی گۆڕیم. ئەم خاتوونە هاوتەمەنی خۆم بوو، لە هەمان ئامادەیی و لە هەمان پۆلدا پێکەوە دەمانخوێند. ئەم سروەیە خوشکەزای شۆڕش ئیسماعیل بوو کە دواتر بوو بە هاوسەری من. رۆژێکیان هاتە لام و بردمیە پەنایەکەوە و باسی شۆڕشی بۆ کردم. منیش لەگەڵ ماڵی خۆمان قسەم کرد و هەواڵیشمان نارد بۆ کاکە سەلام و ئەویش کارەکەی بە دڵ بوو. 
داوام کرد بیبینم. رۆژێکیان بەنهێنی هاتە ناوشار و لە ماڵی پەروینی خوشکم یەکتریمان بینی. باسی ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ کردم و بۆی روون کردمەوە کە ژیانی شاخ ئاسان نابێت و رووبەڕووی زەحمەت و ناخۆشیی زۆر دەبینەوە. بیرم ماوە کە وتی: "جاری وا هەیە کڵۆ شەکرێک لە برسێتی رزگارمان دەکات." یان "ئەوەندە بە رێگەدا دەڕۆین کە پاڵ دەکەوین وەک ئەوە وایە لە هۆش خۆمان بچین". بۆی شی کردمەوە کە ژیانی پێشمەرگایەتی مەترسیی زۆری تێدایە و ئەگەری ئەوەی لەناکاو بکوژرێین یان جەستەمان پەکی بکەوێت، زۆرە.
قسەکانی شۆڕش نەک هەر ساردیان نەکردمەوە، بەڵکوو بەوپەڕی دڵنیاییەوە وتم: "ئەمە بۆ من شانازییەکی گەورەیە، بۆ من چیم لە تۆ زیاترە؟" ئیتر ماڵی باوکی هاتن و باوکم لە یەکتری مارە کردین و مانگێکی نەخایاند خۆم لە گوندی چنگیانی ناحیەی سیتەک بینییەوە (ئەوکات دەرەوەی شەقامی شەستی لە سلێمانی هەمووی چۆڵەوانی بوو، سلێمانی بەجۆرێک گەمارۆی خرابووە سەر، کە هەموو شارەکە لەناو چوارچێوەی شەقامی شەستیدا زیندانی کرابوو؛ بۆیە گوندی چنگیان لەو سەردەمەدا بەڕاستی لە شارەوە دوور بوو).
خاوەنی چوار منداڵم، دوو کچە گەورەکەم لە شاخ هاتوونەتە دنیاوە، هانا لە بزەینیان و هۆنیا لە دۆڵێکی سەختی نێوان هەردوو گوندی چۆخماخ و مالومەدا لەدایک بوون. هێشتا هۆنیا نەهاتبووە دنیاوە کە هەواڵم بۆ هات سەڵاحی برام دەستگیر کراوە، ئەو لەگەڵ رێکخستنە نهێنییەکان کاری دەکرد. لەو دوورەوە جگە لەوەی خەفەتی بۆ بخۆم، هیچی ترم لەدەست نەدەهات. دوای خۆڕاگرییەکی قارەمانانە لەبەردەم ئەشکەنجەدا، بە حەوت ساڵ زیندانی حوکم درا و دوای چەند ساڵێک بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرا و ئێستا لە هەندەران دەژی.
 
خێزانێکی لادێیی
کە چوومە لای شۆڕش، جێگری سەرتیپی تیپی 33ی سلێمانی بوو، دوو ساڵ دواتر (1985) بوو بە سەرتیپی تیپی 47ی پیرەمەگروون و لەو کاتەوە بە شۆڕشی سەرتیپ دەناسرێت. 
رەنگە لەگەڵ هاوسەرەکەمدا زیاتر لە بیست جار لەم گوند بۆ ئەو گوند ماڵمان گوێزابێتەوە، بەڵام بەوەی باش بوو کەلوپەلی زۆرمان نەبوو، تەنیا پێداویستییە زۆر سەرەکییەکانمان هەبوو.
منێکی شاریی، شارەزای ژیانی لادێ نەبووم، گەرچی پێشتر چەند جارێک لەگەڵ کەسوکاردا سەردانی برا و کەسوکاری پێشمەرگەمان کردبوو، بەڵام سەردان شتێکە و نیشتەجێبوون لە لادێ شتێکی دیکەیە. دوای ئەوەی یەکتریمان بینی و رەزامەندیم نیشاندا کە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، ئەو گەڕایەوە بۆ شاخ و دایک و کەسوکارەکەی رێوشوێنە عادەتییەکانیان تەواو کرد و بەفەرمی بووم بە هاوژینی شۆڕش. 
دوو هەفتەی پێ نەچوو بە شۆفێرێکی هێڵی چنگیاندا کە باوەڕپێکراوی پێشمەرگە بوو، نامەیەکی بۆ ناردم تا خۆم ئامادە بکەم و خەڵک دەنێرێت بە دوامدا تا بمبەن بۆ لای ئەو. رۆحم پڕ بوو لە نیشتمانپەروەریی، حەزم دەکرد زوو بگەمە لای هاوسەرەکەم و ببم بە پێشمەرگە. لەگەڵ ئەوەش، جارجار بیرم لێ دەکردەوە کە ئیتر بەتەواوەتی لە کەسوکار و دەستەخوشک و شار دادەبڕێم، ئەو شوێنەی چاوم تێیدا هەڵهێناوە، رەنگە جارێکی تر نەیبینمەوە. خەمێک دایدەگرتم، بەڵام زۆری پێ نەدەچوو دڵی خۆمم دەدایەوە و دەموت "خەبات سەختە، ژیانی پێشمەرگایەتی چەند قورس بێت، شکۆداری و سەربەرزییە". خۆم کۆ کردەوە. شۆڕش بۆی روونکردبوومەوە کە گرنگترین شت لەگەڵ خۆم بیبەم؛ رانکوچۆغەی پیاوانە، بەزوویی ئەوەم پەیدا کرد و ئامادە بووم بۆ رۆیشتن. 
رۆژێکیان وەستا ئەحمەدی براگەورەی شۆڕش (ئێستا لە سلێمانی دەژی و هیوای تەندروستیی بۆ دەخوازم) لەگەڵ شۆفێرەکەدا هات و لەگەڵ خۆی بردمی و چووین بۆ چنگیان.
کە گەیشتم، پەیژەیەکی شکاوی لێ بوو، لەسەر پەیژەکە دانیشتم، شۆڕش چایەکی کەمڕەنگی بۆ هێنام و لێی پرسیم: "تۆ دڵنیایت دەتوانیت لێرە بژیت؟" من بڕیاری خۆمم دابوو، یەک تۆزقاڵ ترس و پەشیمانی لە دڵمدا نەبوو. ئیتر لە ژوورێکی گڵدا نیشتەجێ بووین، بەیانیان دەچوو بۆ مقەڕ و شەو دەهاتەوە. 
هەمووی دوو سێ مانگی پێ نەچوو دەنگۆی مفاوەزات بڵاو بووەوە، خەڵک زیاتر هاتوچۆی شاریان دەکرد و هەواڵی زیاترمان پێ دەگەیشت. رۆژێکیان شۆڕش وتی: "خۆت کۆ بکەرەوە دەچین بۆ سیتەک". زۆری پێ نەچوو مفاوەزات سەری نەگرت و ناچار سیتەکمان جێهێشت و چووینە گەڕەدێ و پاشان بزەینیان، لەوێ بارگە و بنەمان خست. لەوێ شۆڕش بوو بە سەرتیپی تیپی 47ی پیرەمەگروون و زۆری پێ نەچوو کچێکمان بوو ناومان لێ نا "هانا".
رۆژانە سوپای عیراق بۆردوومانی ناوچەکانی دەکرد، زۆربەی کاتەکان خۆمان لە کونەتەیارە و دامێنی شاخەکاندا دەشاردەوە. بەحوکمی گەڕان و جەولەی هاوسەرەکەم، دێ بە دێمان زۆر دەکرد، لە جێگەیەک نەدەماینەوە. هانا وردە وردە زمانی پاک دەبووەوە، یەکەمین وشە کە فێری بوو "کونەکە" بوو، واتە کونەتەیارەکە.
ژیانێکی سەختمان هەبوو، بەردەوام لەم گوند بۆ ئەو گوند، لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ، مەترسیی بۆردوومانی بەردەوامی تۆپ و تەیارە، برسێتی، کەمخەوی و ترس و لەرز بەشێکی گرنگی ژیانمان بوون.
بەردەوام ماڵمان بەکۆڵمانەوە بوو، ماوەیەک لە چۆخماخ و ئینجا قزلەر، کە بەشی زۆری دانیشتوانەکەی پێشمەرگە بوون، لە کۆتاییدا لە گاپیڵۆن گیرساینەوە. لەم گەڕان و هاتوچۆیەدا چیمەنی ژنی دانای ئەحمەد مەجید و مریەمی هاوسەری سەڵاح چاوشینم ناسی. ئەم دوو خاتوونە ئاشنای بارودۆخەکان بوون و زۆر هاوکارییان کردم، زۆر شتیان فێر کردم و پشتیوانێکی گەورەم بوون. دۆستایەتیمان تا ئێستاش بەردەوامە؛ هەردووکیان لە سلێمانی نیشتەجێن و ناوبەناو پێکەوە کۆ دەبینەوە و یادەوەرییەکان بەسەر دەکەینەوە.
 
لەدایکبوونی هۆنیا
سکم پێنج مانگ بوو بە کچی دووەمم، کە دواتر ناومان نا هۆنیا. بۆردوومانێکی چڕ بەسەرمانەوە بوو، رۆژانە تۆپ و تەیارە هەموو ناوچەکەی دەکوتا. شەوێکی درەنگی پایز بۆردوومان دەستی پێ کردەوە و لە راکردندا بەرەو کونەتەیارەکە، کەوتم و بریندار بووم، تەندروستیم بەتەواوەتی تێک چوو.
کاک دانا و چیمەن خان لە ماڵێکدا دەژیان لە خوار خۆمانەوە، ئافتاو خانی دایکی کاک داناش لەگەڵیان بوو، ژنێکی بەئەزموون و شارەزا بوو. شۆڕش دەچێتە لایان و دایکی دانا لەگەڵ خۆی دەهێنێت. سەیری کردم و وتی: "بە هەر جۆرێک بێت دەبێت بیگەیەننە لای پزیشک"، بەڵام پزیشکی چی؟ رێگەکان هەموویان گیرابوون، دزەکردن بۆ ناو شار زۆر زەحمەت بوو. پیکابێکیان هێنا و بردیانم بۆ سەرگەڵوو، لەوێشەوە بۆ بەرگەڵوو بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە. من لەتاو ئازار ئاگام لە خۆم نەبوو؛ خوێنێکی زۆرم لێ رۆیشتبوو، سارد بووبوومەوە، دڵم خاو دەبووەوە، ناوبەناو تەوژمێکی ئازار هەموو گیانمی دەکرۆشت. لەوێ دوو سێ یاریدەدەری پزیشک لەدەورم کۆ بوونەوە و هەندێک پشکنینیان بۆ کردم و دوایی بە شۆڕشیان وت: "حاڵەتەکەی زۆر مەترسیدارە، لێرە هیچ ناکرێت، هەرچۆنێک بێت بیگەیەننە سلێمانی".
بە هەزار فەلاکەت و چەرمەسەری، بە سواری تراکتۆر و بزنەڕێ و هەڵبەزودابەزدا، بە ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆر، لەگەڵ ژنی پێشمەرگەیەکدا کە ناوی ناسک بوو، لە دۆڵەڕووتەوە گەیشتینە کەناری شار و تراکتۆرمان ئیزن دا. خەریک بوو رۆژ دەبووەوە. دوو ژن بە ترس و لەرزەوە لە جێگەیەکدا هەڵکوڕماین؛ دوای کاتژمێرێک یان زیاتر، کەمێک بە پێ رۆیشتین تا گەیشتینە سەر شەقامێک و سواری تاکسییەک بووین بۆ ماڵی باوکم، ئەو کاتە گواستبوویانەوە بۆ تووی مەلیک.
پاشنیوەڕۆ فەیمی براژنم لەگەڵم هات و چووین بۆ نۆرینگەی دکتۆر ناهیدە. دوای پشکنین وتی: "حاڵەتەکەت زۆر مەترسیدارە، دەبێت لە نەخۆشخانە بکەویت تا منداڵەکەت دەبێت". ئەمە بۆ من زۆر قورس بوو، زۆریش مەترسیدار بوو، نەمدەتوانی جێبەجێی بکەم، بۆیە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە و دوای یەک دوو کاتژمێر بەپەلە شارمان جێهێشت و گەڕاینەوە بۆ قزلەر.
فەیمی براژنم سەردانی دکتۆر نەسرین ئەتروشی کردبوو، ئەو منی دەناسی و لە کاتی لەدایکبوونی هاناشدا دەرمانی بۆ ناردبووم. دیسانەوە کۆمەڵێک دەرمانی دیکەی بۆ دابین کردم و لە رێگەی رێکخستنەکانەوە گەیشتە دەستم. ئەم خاتوونە زۆر هاوکاریی ژنانی پێشمەرگەی دەکرد، بەڕاستی قارەمان و چاونەترس بوو، ژیانی زۆر ژنی رزگار کرد. بەداخەوە، لە ساڵی 2021 کۆچی دوایی کرد.
دوو مانگ بەو ئازارەوە مامەوە، مەترسی لەسەر ژیانی خۆم و منداڵەکەم هەبوو، لە نێوان ژیان و مردندا دەهاتم و دەچووم. کەوتمە سەر ژان، سکچوون و رشانەوە و خوێنبەربوون بڕستیان لێ بڕیبووم. شۆڕش و ئەوان بیریان کردەوە پیشانی برادەرانی کۆمەڵەی ئێرانم بدەن، ئەوان نەخۆشخانەیەکی باشتریان هەبوو. ماڵی کاک کەمال عەلی لە سەرگەڵوو بوو، کۆمەڵەی ئێرانیش بنکەکەیان لە دۆڵێکدا بوو لە نێوان چۆخماخ و مالوومەدا. شەوێکی سەختی زستان، بەفرێکی ئەستوور ئەو ناوەی داپۆشیبوو، گەیشتینە بنکەی کۆمەڵەی ئێران. لەوێ دکتۆر شاکری و دکتۆر ئەحمەدی بانەیی پشکنینیان بۆ کردم و بە شۆڕشیان وت: "ئەگەری مردنی خۆی و منداڵەکەی زۆرە؛ خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتووە، جگە لەوەش ئێمە زۆر شارەزای کاروباری منداڵبوون نین".
چاری ترمان نەبوو، دەبوو خۆمان بدەینە دەست قەدەر. دکتۆر ئەحمەدی بانەیی نەشتەرگەری بۆ کردم. من ماوەیەک بێهۆش بووم، ئاگام لە هیچ نەبوو، کاتێک چاوم کردەوە وامزانی منداڵەکەم مردووە، بەڵام هەواڵیان دامێ کە لەگەڵ ژنەپێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی ئێراندا بردوویانەتەوە بۆ شار.
 
توبا خان و کاک نەجمەدین
ژنەپێشمەرگەکە دەگاتە بەر دەرگای ماڵی کاک نەجمەدینی حاجی رەشید و لە دەرگا دەدات، توبا خان دەیکاتەوە، مەلۆتکەکە دەبینێت و دەڵێت: "ئێوە کێن؟ ئەم پارچە گۆشتە چییە؟" ژنەکە دەڵێت: "من پێشمەرگەی کۆمەڵەم". توبا خان زۆر دەترسێت، چونکە ئەگەر هەواڵیان لێ بدرایە، ماڵەکەیان بەسەردا خاپوور دەکرا. ژنەپێشمەرگەکە ورەی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت: "مەترسە! ئێمە لای شۆڕش ئیسماعیلەوە هاتووین". ماڵی کاک نەجمەدین لە تووی مەلیک هەروا پێنج خولەکێک بە پێ لە ماڵی باوکمەوە دوور بوو.
منداڵەکە دەبەنە ژوورەوە، دەیپێچنەوە و ژنەکە دەیباتە ماڵی باوکم. دایکم کە ئەوە دەبینێت، بەتەواوی دەشڵەژێت و دەڵێت: "ئەوە چییە؟ نەرمین مردووە وا منداڵەکەتان هێناوەتەوە؟" کە بۆی روون دەکەنەوە، کەمێک هێور دەبێتەوە. هۆنیا کە رۆژی پێشووتر لەدایک بووبوو، لەبەر زەحمەت و ترس شیری پێ نەدرابوو، زۆری برسی بوو، ئەو شەوە ژنێکی دراوسێیان تێری دەکات و بۆ بەیانی کەلوپەل و پێداویستیی بۆ دەکڕن.
 
ئەنفال و بینینەوەی هۆنیا
لەدایکبوونی هۆنیا کەوتە ئەو ماوەیەوە کە هەڵمەتەکانی ئەنفال و راگوێزانی گوندەکان لە گەرمەیدا بوو. لە قزلەر مابوومەوە، وامدەزانی منداڵەکەم مردووە. هێواش هێواش گوڕم تێ گەڕایەوە و حاڵم باشتر بوو. رۆژێکیان شۆڕش وتی: "منداڵەکەمان ناردووەتەوە بۆ شار و لە ماڵی خۆتانە و تەندروستیشی زۆر باشە". دوای چەند رۆژێک بە هەمان رێگە و لە رێگەی پێشمەرگەکانی دیموکراتەوە چوومەوە بۆ شار و بۆ یەکەمین جار منداڵەکەم لە ئامێز گرت، کە تا ئەو کاتە ناوێکیان بۆ نەدۆزیبووەوە.
 
بەرەو ئێران
نزیکەی دوو مانگێک لە ماڵی باوکم مامەوە، نامەیەکی شۆڕشم بۆ هات و تێیدا نووسرابوو: "مریەمی هاوسەری سەڵاح چاوشینیش لە شارە، پێکەوە لەگەڵ ئەودا خۆتان بگەیەننە بەستەستێن لە ناوچەی پشدەر (130 کیلۆمەترێک باکووری خۆرئاوای سلێمانی) و لەوێ ئامر سریەیەکی عیراقی هەیە، کوردە، دۆستی خۆمانە، ئەو بەڕێتان دەکات بەرەو قەڵاتووکانی بناری قەندیل".
ناوەڕاستی بەهار بوو، دنیا ناوبەناو تەڕ و ناوبەناو هەتاو بوو، دوای خوێندنەوەی نامەکە، چووم بۆ ماڵی نەجات خانی خوشکی گەورەی مریەم و لەوێ یەکتریمان بینی و باسی چۆنێتی رۆیشتنمان کرد، چەند رۆژێک خەریکی خۆئامادەکردن بووین تا رۆژێکیان بڕیارمان دانا سبەینێ بەیانیی زوو بکەوینە رێ. نەجات خان ژنی بۆ کوڕەکەی خۆی دیاری کردبوو، کە ئەویش پێشمەرگە بوو و لەگەڵ کاک سەڵاحدا بوو. دەمەوێت بڵێم شۆڕش و سەڵاح هەردووکیان پێکەوە لە سەقز (خۆرهەڵاتی کوردستان) گیرسابوونەوە. پلانەکەش وابوو بێنە قەڵاتووکان و ئێمە بچینە لایان و پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ سەقز. نەجات خان ئامادەکاریی کرد و بۆ بەیانی هەموومان لای ئەو کۆبووینەوە و ئۆتۆمبێلێک هات بەدواماندا و هەر حەوتمان (من و دوو کچەکەم، مریەم و کوڕەکەی، نەجات خان و بووکەکەی) کەوتینە رێ بەرەو بەستەستێن. رێگە پڕ بوو لە خاڵی پشکنین. بەردەوام نەجات خان وەڵامی سەربازەکانی دەدایەوە کە "بووکمان پێیە".
لای نیوەڕۆ گەیشتینە بەستەستێن و ئامر سریەکەمان بینی، ناوی مینە شێخە بوو، بردینی بۆ ماڵی خۆیان و چوار شەو لای خۆی گلی داینەوە. نەجات خان دوو رۆژ لامان مایەوە و پاشان گەڕایەوە بۆ سلێمانی. مینە شێخە رۆژانە دەچوو چاودێریی رێگەی دەکرد بۆ ئەوەی دەرفەتی دەربازکردنمان بدۆزێتەوە. ئێمەش لە ماڵەوە لەگەڵ دوو هاوسەرەکەیدا چاوەڕێمان دەکرد. شەوانیش ماڵەکە پڕ دەبوو لە ئیستیخبارات و بەعسی و قوات خاسە، هەر خەریک بوو زیڕەمان دەکرد. دوای چوار رۆژ و دوای دڵنیابوونی لە پارێزراویی رێگە، بە ئۆتۆمبێل بردینی بۆ قەڵاتووکان لە بناری قەندیل و رادەستی بارەگای پێشمەرگەی کردین و خۆی گەڕایەوە.
ناوچەیەکی چۆڵوهۆڵ، خەڵکەکەی لە ترسی تۆپباران و فڕۆکە هەمووی رۆیشتبوون، تەنیا پێشمەرگە و وڵاخداری لێ بوو. لە بارەگاکە زانیمان شۆڕش و سەڵاح هاتوون و یەک هەفتەی تەواو چاوەڕوانی ئێمە بوون، دواجار بەنائومێدیی گەڕاونەتەوە. بەرپرسی بارەگای یەکێتی، ناوی شوان بوو، وڵاخی بۆ دابین کردین بۆ ئەوەی شەو بکەوینە رێ. لەسەر وڵاخەکە من و هانایان بە گوریس بەستەوە بۆ ئەوەی نەکەوین و وڵاخێکی تایبەتیشیان بۆ هۆنیای چوار مانگان دابین کردبوو. مریەم و کوڕەکەشی بە هەمان شێوە لەسەر وڵاخ جێگیر کران. ئیتر بێ سرتە و بە پشتی رەبایەکاندا دەڕۆیشتین، گوێمان لە سەربازەکان دەبوو بەعەرەبی قسەیان دەکرد. رەوشێکی زۆر سامناک بوو، زۆریش سارد بوو، شاخەکە هەمووی سەهۆڵ بوو، ناوبەناو تەرزەش دەباری و لە دەنکەنۆکێک گەورەتر بوو، لە ئاسمانەوە هەموو لەشمانی دەکوتایەوە.
لە رێگە هۆنیای ساوا لە ئەسپەکە دەکەوێتە خوارەوە، هەناسەی لێ دەبڕێت. مریەم و کابرای وڵاخدار لە منی دەشارنەوە، تا لە رەبایەکان دوور دەکەوینەوە. ئەوان وایاندەزانی مردووە و نەیاندەویست من تووشی شڵەژان بکەن. بۆ وچان ئەشکەوتێکمان دۆزییەوە و چووینە ناوی، لەوێ ئاگاداریان کردم. بە ترس و تۆقینەوە پەلاماری کچەم دا، سەیرم کرد هەناسە دەدات، هەستم بە ئارامی و شادییەکی زۆر کرد.
بەردەوام تۆپباران لە سەرمان بوو، دوای کاتژمێرێک کەوتینەوە رێ و هەفتەیەکی تەواومان پێ چوو تا گەیشتینە سەقز. ئیتر کوردستانمان نەبینییەوە تا ساڵی 1991 و روودانی راپەڕینەکەی ئازار. 
لە دۆخێکی خراپدا دەژیاین. بەردەوام هەواڵی ناخۆشمان بۆ دەهات؛ گوندەکان رادەگوێزران، ئەنفال بوو، کیمیاباران بوو، ئەمنەکان دەچوونە سەر ماڵی کەسوکارمان، باری دارایی و ئابووریمان زۆر خراپ بوو، کەلوپەل و پێداویستیمان نەبوو... ئیتر چی بڵێم، هەروا گوزەرانمان دەکرد و بەڕێمان دەکرد.
 
یەكێتی ژنان
لە ساڵی 1989 یەکێتیی ژنانی کوردستان دامەزرێنرا، هەر لە سەقز کۆنفراسێکمان بەست و ژنانی پێشمەرگە بەشدارییان کرد، هێرۆ خان خۆی سەرپەرشتی دەکرد. دوای دوو سێ رۆژێک کارەکان تەواو کرا و رێکخراوەکە دامەزرێنرا. زیاتر مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە و خێزانەکانیان بوو، تا بتوانن بەرگەی ناخۆشییەکانی دووریی لە زێد و کەسوکار بگرن. 
دوای ساڵێک شۆڕش بوو بە بەرپرسی سەربازیی لە بلەکێ و ماڵمان بردە بانە بۆ ئەوەی نزیک بین لێوەی. ئەندامانی یەکێتیی ژنان رۆژانە سەردانی ماڵە پێشمەرگەمان دەکرد و ورەی ژن و منداڵەکانمان بەرز دەکردەوە و قسەمان بۆ دەکردن، بەپێی توانا پێداویستیی ژیان و چارەسەری پزیشکیمان بۆ دابین دەکردن.
دوای راپەڕینیش هەر لە یەکێتیی ژناندا بەردەوام بووم لە چالاکی و دوایی چوومە کۆمیتەی رێکخستنی ناو مەڵبەندی یەک و پاشان چوومەوە سەر کارە بنەڕەتییەکەی خۆم لە قوتابخانەی قەدەم خێری بنەڕەتی و بووم بە مامۆستا. پاش ماوەیەک خوا کوڕێکی پێ بەخشین و ناومان لێ نا "سان".
 
هەندەران و گەڕانەوە
لە ساڵی 1997 چووینە دەرەوەی وڵات و لە بەریتانیا نیشتەجێ بووین. لە ساڵی 2004 گەڕامەوە بۆ کوردستان و دەستم کردەوە بە خوێندن لە زانکۆی سلێمانی، لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشی کۆمەڵناسی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم بەدەست هێنا و وەک توێژەری کۆمەڵایەتی چوومەوە قوتابخانەی قەدەم خێر. ئێستاش فەرمانبەرم لە پەیمانگەی تەکنیکیی سلێمانی لە بەختیاری.
لە ساڵی 2010شدا ئەندامی کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووم.
 
هیوای ئایندە
ئێمە ناڕەحەتی و چەرمەسەریی دنیامان بینی، بەڵام ئەم ئەنجامەی پێی گەیشتووین، ئەم رەوشەی ئێستا هەموو هەرێمی کوردستانی تێدا دەژی، دڵخۆشکەر نییە. تەمەنی لاویی خۆمان لەپێناوی پرسێکی نیشتمانیدا بەخت کرد، ئێستا خەڵکانێک بازرگانیی پێوە دەکەن. من تەنیا یەک هیوام هەیە: بەرلەوەی لەم ژیانە بچمە دەرەوە، هەست بکەم ئەو رەنجەی داومانە بە فیڕۆ نەچووە.



خ.غ


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب