راپۆرت

بۆ 21ی تشرینی دووەم بە رۆژی "شەهیدی یەكێتی" دیاریكرا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ 21ی تشرینی دووەم بە رۆژی "شەهیدی یەكێتی" دیاریكرا؟
مەودا میدیا-

47 ساڵ لەمەوبەر، ساڵێك پاش دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لە 21ی تشرینی دووەمی 1976، بە هەواڵی شەهیدبوونی سێ سەركردەی دیاری شۆڕشگێڕ، خەڵكی كوردستان رەشپۆش بوون و ماتەمینیی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشا.

هەریەك لە جەعفەر عەبدولواحید ناسراو بە (مامۆستا جەعفەر)، شیهاب شێخ نوری شێخ ساڵح ناسراو بە (خاڵە شیهاب) و ئەنوەر زۆراب، ئەو سێ شەهیدە سەركردەیە  بوون كە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە، بەمەبەستی كاڵكردنەوەی هەستی نەتەوایەتیی و شۆڕشی رەوای گەلی كورد، لە یەك رۆژدا لەسێدارەدران.

شەهید شیهاب لە گردی سەیوان و شەهید ئەنوەریش لە شاری كەركوك تەرمەكانیان ئەسپەردەی خاك كران، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەو سێ سەركردەیە باس لەوەدەكەن، لە كۆیە خەڵك لەگەڵ وتنەوەی سروودی شۆڕشگێران تەرمی شەهید جەعفەریان بە خاك سپاردووە.

هەرسێكیان، پاش ئەوەی كەوتنە داوی رژێمی شا-ی ئێران و رادەستی دەسەڵاتی خوێنمژی ئەوكاتەی بەعس كران، بەپێی دانپێدانانەكانی دەسەڵاتدارانی بەعس و شایەدحاڵان لە هاوڕێیانیان لە سەنگەر و لە زیندانیش، بەهۆی ئەوەی نموونە و سەرمەشق بوون بۆ هاوڕێیانیان، سەرانی بەعسی فاشیست پێیانوابوو دەتوانن لەرێگەی شەهیدكردنیانەوە هەستی شۆڕش و خەباتی رەوای گەلی كورد كاڵبكەنەوە.

بەڵام شەهیدكردنیان پلانی نەیارانی كوردی ئاوەژوو كردەوە و هاوەڵانیان لە شاخ و شار هێندەی دیكە رقئەستوور بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلی كورد بەتایبەت لە باشووری كوردستان.

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئەم دەمە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان شەهیدبوونی زیاتر لە 26 هەزار سەركردە و پێشمەرگەی لە ریزەكانی راگەیاندووە، بەهۆی زۆریی ژمارەی شەهیدەكانیشیەوە ناسناوی (حزبی شەهیدان)ی هەیە.

هەرچەندە مامۆستا جەعفەر و خاڵە شیهاب و ئەنوەر زۆراب یەكەمین شەهیدەكان نەبوون، بەڵام شەهیدكردنیان وێڕای هەوڵی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و پاش نسكۆی شۆڕشی 1975، بووە هۆی نوێبوونەوەی گیانی نیشتیمانپەروەری و بەردەوامیی شۆڕشی نوێ دژ بە نەیارانی كورد، بۆیە لە 20ی ئایاری 2013، ئەنجومەنی ئەوكاتەی سەركردایەتیی یەكێتیی، 21ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكی بە رۆژی شەهیدی یەكێتی دیاریكرد.


ژ.ع

Qaiwan
Qaiwan