کوردستانی
یەكێتی و گۆڕان: هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و كات بەفیڕۆ نەدرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ یەكشەممە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان کۆبوونەوەو لە کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن دوانەخرێت.
شاندی گۆڕان بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم سەردانی یەکێتی کرد و لە لایەن، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت كاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و چیتر دوانەخرێت، هەروەها هەموو لایەنەکان هاوكاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكرێت.
كۆبوونەوەكە رۆژی (یەك شەمە، 11ی شوباتی 2024) لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ یەكخستن و لێكنزیككردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابورییەكانی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بەستنی كۆنفڕاسی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. دواتر پاش تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێكەوەكاركردنی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەكان.
لە تەوەرێكی دیكەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت كاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بكرێت.
لەبەشێكی كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنەكان هاوكاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكرێت و لەگەڵ بەغداد بگەنە رێككەوتنێكی ریشەیی و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.
هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بكرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێك كە خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بكرێت.
ه.ع