کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، “سەركەوتنی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم”.


دەقی پەیامەكە:

بەڕێز لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
هەڤاڵان و تێكۆشەرانی خەباتی رێكخراوەیی
سەركەوتنی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم
بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی (میتۆدێكی نوێ بۆ رێكخستنێكی سەردەمییانە) لە ماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەكێتییانە و هەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەكردنی راسپاردە و پێشنیازی نوێ بۆ خۆڕێكخستنەوەی كاری رێكخراوەییتان لەسەر ئاستی مەكتەب، مەڵبەند، كۆمیتە و ئۆرگانەكان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە

هەڤاڵانی خۆشەویست..
بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیازەكانتان هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەكرێت، وەك نەخشەڕێگایەكی نوێ بۆ كاری رێكخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەم هەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەكانمان بە رێگایەكی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە كاری رێكخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت هاونیشتمانیان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكاندا دەبن.

بەڕێزان
رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەك وزە و دیدگایەكی نوێ، روویەكی گەشتری بە كۆنفرانسەكەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی كارای ئەوان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێكۆشەرانمان، دەتوانین كارەكانمان لە هەموو ئاستەكاندا بەشێوەیەكی باشتر رێكبخەینەوە و كار و ئەركەكانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەكانی ئەمڕۆ بێت.

هەڤاڵانی یەكێتی
بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، پاشان كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن، سەرەتای قۆناغێكی نوێی كاری رێكخراوەییمانە. نوێكردنەوەی سەرجەم مەكتەب و دامەزراوەكانی ‌حزب، پێویستیی قۆناغەكەیە و دەبێت هەموولایەك بە رۆحێكی یەكێتییانە و بەرپرسیارانە هەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پڕۆژەكانتان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانكارییەكان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.


شاد و سەرفرازبن


بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان




Qaiwan
Qaiwan