کوردستانی
هەرکەسێک ناوی بۆ حەج هاتووەتەوە، دەتوانێت کەسێکی تر لەجێی خۆی بنێرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ هاتووەتەوە و ناتوانن بچن، دەتوانن کەسێکی تر بخەنە شوێنی خۆیان، بەڵام بەچەند مەرجێک.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، وەزارەتەکەیان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڕیاریداوە بەلابردنی تەنازول، ئەو بڕیارەش بۆ بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییانە بۆئەوەی مافی کەس نەفەوتێت.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف، ئەو کەسەی کە ناوی بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ هاتووەتەوە دەتوانێت کەسێکی دیکە بخاتە شوێنی خۆی، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی کە وەزارەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کردووە.
- هەر هاوڵاتییەک کە ناوی دەرچووبێت لە گروپی پیاو بەتەنها و ژن بەتەنها، کۆچی دوایی کردبێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر گەشت نەکات، ئەوا یەکێک لە خانەوادەکەی کە پلەی یەکەمی خزمایەتی هەبێت شوێنی دەگرێتەوە.
- هەر هاوڵاتییەک ناوی دەرچووبێت لە گروپی ئافرەت لەگەڵ مەحرەم یان سیانی، کۆچی دوایی کردبێت یان بە هەر هۆکارێک گەشت نەکات، ئەوا یەکێک لە خانەوادەکەی کە پلەی یەکەمی خزمایەتی هەبێت شوێنی دەگرێتەوە.
- ئەگەر خوالێخۆشبوو وەک مەحرەم ناوی تۆمارکردبوو، دەتوانرێت مەحرەمێکی ئەبەدی ژنەکە شوێنی بگرێتەوە.
- لە گرووپی مەحرەمی حاجی، ئەگەر پیاو کۆچی دوایی کردبوو یان بە هەر هۆکارێک فەڕیزەی حەجی ئەنجام نەدا، دەکرێت تەنازول بکات بۆ مەحرەمێکی ئەبەدی ژنەکە.
- لە گروپی مەحرەمی حاجی، ئەگەر پیاو کۆچی دوایی کردبوو یان بە هەر هۆکارێک فەڕیزەی حەج ئەنجام نەدا بە هیچ شێوەیەک مەحرەمەکەی مافی ئەنجامدانی حەجی نابێت.
وە تەنیا لەم پەیوەندییە خزمایەتییانەی خوارەوە تەنازولەکە جێبەجێ دەکرێت بۆ سەرجەم خاڵەکانی سەرەوە:
1- ژن و مێرد بۆ یەکتری.
2- کوڕ و کچ بۆ دایک و باوکیان و بە پیچەوانەوە.
3- خوشک و برا بۆ یەکتری و هەروەها خوشک و برا لە دایکەوە.
4- خێزانی باوک دەتوانێت بۆ کوڕ و کچی پیاوەکەی تەنزاول بکات.
5- ئەگەر پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەی ناوی دەرچووبوو، بەڵام هاوسەرەکەی وەفاتی کردبوو، ئەگەر هاوسەری تری هەبوو دەتوانێت شوێنی بگرێتەوە.
6- لە گرووپی دوانی یان سیانی پیاوەکە یان ژنەکە دەتوانێت بۆ پلە یەکی هاوسەرەکەی تەنازول بکات، وەک خەزوور، خەسوو، “برا و خوشکی هاوسەرەکەی.
7- ئەو پشکەی لە لایەن ئێمەوە بۆ خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان تەرخان دەکرێت، گشت مامەڵەی ئاڵوگۆڕ و تەنازول لە لایەن فەرمانگەی تایبەتی خۆیان لە سنووری پارێزگاکەی ئەنجام دەدرێت و هیچ پەیوەندیی بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە نییە.
جگە لەو خاڵانەی سەرەوەش،
- نابێت تەنازولبۆکراو پێشتر فەڕیزەی حەجی ئەنجام دابێت.
- هەروەها ئەو هاوڵاتییەی پێشتر حەجی کردبێت مافی تەنازولکردنی لە پشکەکەی نامێنێت.