کوردستانی
بۆ مانگی رەمەزان چوار ماددە بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتییان زیاد دەكرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
دابەشكردنی یەكەم بەشەخۆراكی ئەمساڵ دەستی پێكرد، كە وەك ساڵی رابردوو لە شەش ماددە پێكهاتووە و بریارە بۆ مانگی رەمەزان چوار ماددەی دیكەش زیاد بكرێت و بەبۆنەی ئەو مانگە پیرۆزەوە 10 ماددەی خۆراكی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت.
وەزارەتی بازرگانیی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر راسپاردەی ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی سەرجەم كارمەندانی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك لە پارێزگاكان دەستیان كردووە بە دابەشكردنی یەكەمین سەبەتەی بەشەخۆراكی ئەمساڵ 2024 و لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 14ی شوباتی 2024دەستی پێكردووە.
راشیگەیاندووە، ماددەكانی بەشەخۆراك بە كوالێتی باش ئامادەكراون و پشكنینیان بۆ كراوە و پێكهاتوون لە (برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان لە جۆری نیسك و لەتكەنۆك).
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز هاوشێوەی ساڵی رابردوو ماددەی خۆراكی بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتییان زیاد دەكرێت، ئەمە جگە لە چەند ماددەیەكی دیكەی وەك (گۆشت و مریشك و هێلكە) كە لە نرخی هەرزان دەخرێتە بازاڕەكانەوە.
لای خۆشیەوە، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری خۆراکی سلێمانی رایگەیاندووە، "بۆ بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان چوار ماددەی خۆراكی زیاد دەکرێت، كە بریتین لە ئاردی سفر و نیشاستە و مەعکەرۆنی و شەعریە”.