نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گرنگیی کاری ژن لەناو خێزان دا

کارکردنی ژن، یەکێکە لە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی ژیان و خاڵێکی جەوهەری بۆ هەردوو رەگەز پێکدەهێنێت و پێگەی کۆمەڵایەتیی زیاتر بە ژن دەبەخشێت، پرستیژێکە تاک دەتوانێت ئارەزوو و پێداویستییەکانی خۆی دابینبکات و لە رێگەیەوە توانا و بەهرە و ئاواتەکانی جێبەجێبکات و پەرەیان پێبدات.

هەروەها دووری دەخاتەوە لەو کێشە رووەکەشانەی کە بەهۆی بەتاڵی و تەنهایی و گۆشەگیرییی ماڵەوە بۆی دروستدەبن، لەبری ئەوە بیر لە بابەتی گرنگ و داڕشتنی پلانی داهاتووی دەکاتەوە، یارمەتی دەدات زاڵ بێت بەسەر بۆچوونی جیاوازی نێوان ژن و پیاو.

ئەو ژنانەی کاردەکەن زیاتر گرنگیی بە پرسە مرۆییەکان و دامەزراوە خێرخوازییەکان دەدەن و هاوکاریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەن، هەروەها توانای رادەربڕین و گواستنەوە و گەیاندنی زانیارییە ئاڵۆزەکانیان بەشێوەیەکی سادە و ئاسانتر هەیە، ئەمەش رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندیی نێوان خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

ژنی خاوەن کار کەسایەتییەکی هاوسەنگی دەبێت و کاریگەریی گرنگ دروستدەکات لەسەر هۆشیاریی منداڵەکانی، کەسایەتیی سەربەخۆ بونیاددەنێت و ئیتر ئەوەندە وابەستەی دایکیان نابن.

کاتێ ژن کاردەکات لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ دەبێت و رۆڵی سەرەکی لە بەرزکردنەوەی داهاتی خێزان وازی دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان لەوانە؛ باشترکردنی خۆراک و فەراهەمکردنی خوێندنی باش بۆ منداڵەکانیان و بەدەستهێنانی دواڕۆژێکی پرشنگدارتر، دەتوانن سوڕی هەژاریی خێزان تێکبشکێنن، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیان ببنەوە، چونکە ساڵانی رابردوو بەهۆی شەڕە دژوارەکان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا؛ هەڵاوسانی ئابووری دروستبوو و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵا و سووتەمەنی، هەروەها هەموو خێزانێک هەوڵدەدات ژیانێکی شایستە و بەرزتر لە ئاستی ناوەند پەیدابکەن وەکو ئەوەی ببنە خاوەن ماڵێکی باش و دابینکردنی خوێندنی ئاستبەرز بۆ منداڵەکانیان و خۆیان و ژیانێکی شایستە، ئەوەش بە یەک کەس و یەک مووچە و داهات ئەستەمە دابین بکرێن.

ئەو ژنانەی کاریان هەیە دەتوانن ئاسانتر رووبەڕووی کێشە نائاسایی و نەخۆزراوەکان ببنەوە و بکەونەوە سەرپێی خۆیان و ژیانیان بەردەوامی پێبدەن.

ئەگەر پیاو بەتەنها بژێوی خێزان دابینبکات، تووشی دڵەڕاوکێی زۆر دەبێت لەکاتی روودانی کێشە کوتوپڕەکان، لەوانە دەرکردنی لەکار، نەخۆشکەوتنیان، بۆیە گرنگە ژنەکەشی کاری هەبێت یاخود بە پێچەوانەوەش هەر گرنگە.

ئەگەر ژن خاوەنکار بێت هەست بە بەرپرسیارێتییەکی زیاتر دەکات و مۆراڵی بەرزتر دەبێت و پشت بەخۆی دەبەستێ لە زۆر لایەنەوە، ئەمەش وادەکات توانی رووبەڕووبوونەوەی کێشە و فشارەکانی ژیانیان بە متمانەیەکی زۆرەوە هەبێت، بەڵام ئەو ژنانەی بێکارن و پشت بە کەسانی تر دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، ئەگەری کاردانەوەی خراپی دەبێت بەسەر باری دەروونییان و هەستی لاوازی و بێ دەسەڵاتییان لا زیاتر گەشەدەکات و بە ناچاری دەبنە پاشکۆی ئەو یارمەتیدەرەی کەوا پشتی پێ دەبەستن و لە دەرەوەی ئەو کەسە ناتوانن خاوەن بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆیان بن.

کارکردنی ژنان هاوکات دەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ کچانی گەنجتر لە خۆیان و هاندەری خواستی کارکردنیان و هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە ئابووریی خۆیان کاتێ گەورە دەبن بەتایبەت ئەگەر ژنەکە لە کارەکەی سەرکەوتووبێت.

سەلمێندراویشە کەوا ژنان لەو پارەی کارکردنەی دەستیان دەکەوێت ٦٠٪ی بۆ خێزانەکانیان خەرج دەکەن، بەڵام پیاوان ٤٠٪.

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan