نەرمین عوسمان
رێککەوتننامەی سینیکا فۆلز
لە 19 و 20ی تەمووزی 1848، لە شاری سینیکا فۆلز لە ویلایەتی نیویۆرک، یەکەم کۆنفرانسی تایبەت بە مافەکانی ژن لە مێژوودا، کە بە (رێککەوتننامەی سینیکا فۆلز - Seneca Falls Convention) ناسراوە، بەڕێوە چوو و تێیدا (بارودۆخی کۆمەڵایەتی، مەدەنی و ئایینیی ژنان و مافەکانیان) تاوتوێ کران. ئەم کۆنفرانسە، لەسەر ئاستێکی فراوان گرنگییەکی زۆری پێ درا و بەزوویی چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی دیکەی تایبەت بە مافەکانی ژنی بەدوادا هات.
لە حوزەیرانی 1840، لە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا، لە میانەی کۆنفرانسی گشتیی نەهێشتنی کۆیلایەتی، کە بە کۆنفرانسی جیهانیی نەهێشتنی کۆیلایەتی ناسراوە، هەردوو کەسایەتی ئەمەریکی (لوکریتیا مۆت و ئیلیزابێس کادی ستانتۆن) چاویان بەیەک دەکەوێت، کە هاوشانی هاوسەرەکانیان لەو کۆنفرانسەدا ئامادە بوون. لە کۆنفرانسەکەدا لیژنەی ئامادەکار بڕیاریان دابوو نابێت ژنان تێکەڵی پیاوان بن و قسە بکەن و دەنگ بدەن، بۆیە ژنانیان بە پەردەیەک لە لایەک جیا کردبووەوە.
ئیلیزابێس و مۆت بوونە هاوڕێ و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەمەریکا، بیرۆکەی بەستنی کۆبوونەوەیەکی گشتییان تاووتوێ کرد، دەربارەی چارەسەرکردنی مافەکانی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی دەمکوتکردنی ژنان.
پاشان لوکریتیا مۆت و خوشکەکەی (مارتا) لە کۆنگرەی ساڵانەی کویکەر بەشدار بوون و لەوێ رێککەوتنی مافەکانی ژنان بوو بە پلان و سینیکا فۆلز بوو بە واقیع و مافی دەنگدانی ژنان بوو بە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی مافەکان. هەروەها کاریان دەکرد بۆ رێککەوتننامەیەک دژ بە کۆیلایەتی و مافەکانی ژن، بۆ ئەو مەبەستە کۆنگرەیەک بەسترا. ئەو دوو خوشکە، لەو کۆنگرەیەدا پەیوەندییان بە سێ ژنی ترەوە کرد، کە ئەوانیش دژی کۆیلایەتی کاریان دەکرد و بەیەکەوە کەوتنە کاری جدی و کۆڵیان نەدا، هەرچەندە چەندین تەگەرە هەبوو لەبەردەمیان، بەڵام بەردەوام بوون.
بەهۆی رێککەوتننامەی سینیکا فۆلز، مێگەرایی لیبراڵەکان بەگشتی و مێگەرایی یەکسانیخواز بەتایبەتی، لەسەر چەند خاڵێک رێک کەوتن، وەک:
1- مرۆڤەکان لە خەسڵەتە نەژادییە تایبەتەکانیان هاوبەشن، کە بریتین لە: توانای هزری، هێزی مۆراڵی و خۆسەلماندن...
2- ئەم توانایانە دەکرێت بە شێوەی پارێزراو پیادە بکرێن لە رێگەی دانپێدانانی یاسایی بەوەی هەموو تاکەکان هەمان مافیان هەیە.
3- ئەو جیاوازیانەی لەسەر بنەمای رەگەزیی لە نێوان پیاو و ژن هەیە؛ تەنیا هەڵکەوتەیەکی کۆمەڵایەتییە و هیچ بنەمایەکی راستیی نییە.
4- گۆڕانکاریی جێندەری لەپێناو یەکسانیدا، لە رێگەی داواکردن و خۆڕێکخستن و خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکرێت بەمەبەستی رەخساندنی بوارێکی گشتگیری ئەقڵانی و داوای هاوکاری لە دەوڵەت و دامودەزگاکانی بکرێت بە گرتنەبەری رێگەچارە بۆ ئەو گۆڕانکارییانە.
لایەنگرانی مێگەرایی یەکسانیخواز ئامانجی سەرەکییان نەهێشتنی جێندەر بوو، چونکە پێیان وابوو دابەشبوونێکی نایەکسانی کۆمەڵگەیە شایستەیی و شەرعیەتی ئەوەی نییە پشک و بەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ دابەش بکات، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە، پێویستە بەرنامە و پەیڕەوی هەمەلایەنە و تۆکمە دابنرێت بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی، هەروەها ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکی دیاریکراو لە رێگەی دامەزراوەکانی یاسادانان و دادوەرییەوە، بەمەرجێک ئەم خاڵانە بگرێتە خۆی:
1- گۆڕانکاری لە یاساکاندا بەمەبەست دابینکردنی یەکسانی لە خوێندن و نەهێشتنی جیاکاری لە شوێنی کار بەهۆی رەگەزەوە، هەروەها رێنوێنیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چاودێریکردنیان لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا.
2- هەوڵدان بۆ پەیداکردنی لۆبییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دژ بە دەستدرێژی سێکسی، بەتایبەتیش لە شوێنی کار، هەروەها ئەژمارکردنی ئەو کردەیە بە جیاکاریی رەگەزی بەپێی یاسا.
3- پیادەکردنی یەکسانی لە مووچە و کرێ بۆ هەردوو رەگەز بۆ هەمان کار.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.