نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بەراوردکردن لە نێوان چەمکەکانی دادپەروەری و یەکسانی


گەنگەشەیەکی فراوان لە نێوان قوتابخانە هزری و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە دەربارەی چەمکی دادپەروەری و پێناسەکردنی، هەروەها بەراوردکردنی دادپەروەری لەگەڵ یەکسانی و ئایا کامیان ئەگەری زیاتر هەیە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟
بەدەگمەن بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە مێژوودا روویداوە کە لەگەڵ داواکارییەکانی ئازادی و یەکسانی، داوای دادپەروەریشی تێدا نەبووبێت؛ گەلان زۆر شۆڕش و قوربانییان لەو پێناوەدا داوە.
لە روانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، دادپەروەری وەک چەمکێک سەیر دەکرێت کە پێوەرێکە پەیوەندی بە چەمکەکانی ماف و شایستەکانەوە هەیە، واتا؛ کێ خاوەن مافە، یاخود کێ شایستەیە؟ "کێ" "چی" وەردەگرێت؟ 
لەگەڵ ئەمانەش، باس لە هۆکارە جیاکارییەکان ناکەن و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نادادپەروەری دانەڕشتووە، هەروەها پێناسەیەکی ورد بۆ خاوەن ماف و شایستەکان نەکراوە.
لە سەرەتای بزووتنەوەکانی مێگەراییەوە، ژنان هەوڵیان بۆ ئەوە داوە بەیەک ئاست لەگەڵ پیاوان رەفتاریان لەگەڵ بکرێت، بەڵام دوای چەندین ئەزموون و هەوڵ، بۆیان دەرکەوتووە کە پێوەرەکانی دادپەروەری هەرچەند بەیەکسانییش لەقەڵەم دەدرێن، لەگەڵ ئەوەش داواکارییەکان و پێویستییەکانی ژنان بەدی ناهێنن، چونکە دەڵێن یاساکان لەلایەن پیاوانەوە داڕێژراون و بەشێوەیەکی شاراوە ویستەکانی خۆیان تێدا تۆمار کردووە و بەپێی پێوەرەکان بەرژەوەندییەکانیان تێدا جێ کردووەتەوە. بەو پێیە، پێوەرەکانی دادپەروەری لەسەر بنەمای یەکسانی دانەڕێژراون و نموونەش زۆرن. 
مێگەراکان، بە هەموو رەوتە جیاوازەکانیانەوە، کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت چاو بە چەمکی دادپەروەرییە باوەکانی وڵاتان و چۆنیەتی جێبەجێکردنیدا بخشێنرێتەوە و خوێندنەوەیەکی تازەی بۆ بکەن؛ بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری زۆرێک لەو پرسانە بکات کە ژنان رووبەڕووی دەبنەوە، دەبێت تێڕوانینێکی ژنانەی تێدا بێت.
بەپێی بۆچوونی ئایریس ماریۆن یۆنگ (Iris Marion Young)، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ئەمەریکا، مێگەراکان لەگەڵ دادپەروەرین نەک یەکسانبوون. لەو بارەیەوە روونی کردووەتەوە و دەڵێت: بە ناوی لیبراڵیەت و یەکسانی لە شوێنی کار و جۆری کاردا، ژنان رووبەڕووی ناحەقی دەبنەوە، ژنان کاتێک یەکسانن، کە هەمان بواریان بۆ بڕەخسێت نەک هەمان کار. هەروەها تێبینی هەیە لەسەر چۆنیەتی دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دەڵێت: کاتێک دادپەروەری جێبەجێ دەکرێت، کە باوەڕ بە جیاوازییەکان هەبێت لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین، وەک جیاوازیی نێوان ژن و پیاو و پێداویستییەکانیان، یاخود جیاوازی نێوان ئایینەکان و نەتەوەکان، هەروەها لە نێوان گەنج و بەتەمەنەکان... نموونەی زۆریشی لەو بارەیەوە هێناوەتەوە. یۆنگ پێی وایە باوەڕکردن بەو جیاوازییانە، رێزگرتنە لە پێویستییە تایبەتەکان، هەر کۆمەڵگەیەک، یاخود دەوڵەتێک ئەو پێداویستییانە جێبەجێ نەکات؛ ئەوا ئەستەمە دادپەروەری لە نێوان تاکەکاندا فەراهەم بکرێت. لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر ژنان هەمان بواریان لەگەڵ پیاواندا بۆ بڕەخسێت، ئەوا هەڵەیە، چونکە ژنان بۆ نموونە؛ پێویستیان بە مۆڵەتی دوورودرێژی منداڵبوون هەیە و نابێت مووچەکەی ببڕدرێت وەک ئەوەی لە هەندێک کۆمپانیای ئەهلیدا، بەتابیەتیش لە ئەمەریکا پەیڕەو دەکرێت. هەروەها دەبێت دایەنگە لە شوێنەکانی کار و خوێندندا هەبێت بۆ مەبەستی شیردانی سروشتی بە منداڵان، بۆیە بەبێ تێگەیشتن و باوەڕهێنان بەو پێویستییە تایبەتییانە، ناتوانین بڵێین ژنان هەمان بواریان بۆ رەخساوە.
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتیش هەرچەندە تەشریع و یاساکان باشبوونێکی سنوورداریان بەخۆوە بینیوە، بەڵام نەیانتوانیوە دادپەروەری فەراهەم بکەن. یاسا و تەشریع رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ یەکسانبوون لە نێوان هەردوو رەگەز، بەڵام جێبەجێکردنی ئەستەمە و رێگر زۆرە و لە هیچ وڵاتێکی دنیادا تا ئێستا نەتوانراوە یەکسانیی فەراهەم بکرێت. 
یەکسانی، واتا؛ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو تاکێک بە هەمان ئاست و شێواز. لەکاتێکدا دادپەروەری مامەڵەکردنە لەگەڵ تاک بەپێی تایبەتمەندی و پێویستییەکان و مەرج نییە وەک یەک یەکسان بن. بۆ نموونە؛ دادپەروەری لە نێوان دوو کارمەند بەپێی توانا و کارەکانیان... دادپەروەری لە نێوان خێزان، دایک و باوک جیاوازی نەکەن لە نێوان منداڵەکانیان و هەمان بواریان بۆ بڕەخسێنن. سەبارەت بە یەکسانیش؛ تاکەکانی کۆمەڵ بەیەکسانی چاودێریی تەندروستییان بۆ فەراهەم بکرێت و لەسەر بنەمای هەژاری و دەوڵەمەندی نەبێت. هەروەها یەکسانیی لە بواری خوێندندا و خوێندکاران هەمان بواریان بۆ بڕەخسێنرێت، لەسەر بنەمای هەژاری، دەوڵەمەندی، رەنگ و ئایین... جیا نەکرێنەوە.
پێناسەی دادپەروەری؛ جێبەجێکردن و رەخساندنی بوارە بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان و پێویستییەکان، بەمەرجێک هەر تاکێک هەمان بواری هاوشێوەی کەسانی تری بۆ فەراهەم بکرێت. هەروەها دادپەروەری پارێزگاری لە مافە شارستانییەکانی تاک لەسەر بنەمای رەگەز و نەتەوە و ئایین دەکات؛ هەموو تاکێکیش بەهەمان چاو سەیر بکرێت لە بەرانبەر بەدەستهێنانی مافەکانیدا و رێزلێگرتنیان.
سەرەڕای بوونی جیاوازی لە نێوان چەمکەکانی دادپەروەری و یەکسانی، بەڵام تاک و کۆمەڵ پێویستیان بە هەردووکیان هەیە بۆ گەشەی کۆمەڵگە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan