کوردستانی
مامۆستایانی ناڕازی هیوایان بە بەڵێنەكانی قوباد تاڵەبانییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، ئۆمێدمان هەیە و ناتوانین بڵێین باوەڕمان بە بەڵێنەكانی قوباد تاڵەبانی نییە، چونكە ئەگەر ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەكرێن دۆخەكە لە ئێستا زۆر قورستر دەبێت.
مامۆستا رێبوار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێكدا بۆ مەودا میدیا رایگەیاند، بایكۆتی ئەمساڵی مامۆستایان درێژترین ماوەی تۆمار كرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنەكانی جێبەجێنەكردووە، بەڵام ئێمە هیوامان هەیە كە بەڵێنەكانی ئەمجارەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها بەلێن نەبن، چونكە لە ئەگەری جێبەجێنەكردنیدا دۆخەكە لە ئێستا سەخت تر دەبێت.
وتیشی، ئێمە حكومەت و خەڵكی خۆمانمان خۆشدوێت و بەرژەوەندی و ئایندەمان یەكە، نامانەوێت سلێمانی بكەینە قوربانی ململانێی حزبی.
ئەو ئەندامەی مامۆستایانی ناڕازی باسی لەوەشكرد، ئێستا ئاڕاستەیەكی تر هاتووەتە كایەوە ئەویش ئاڕاستەی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی رەوای مامۆستایانە كە سەرجەم حزبەكان جگە لە پارتی تایبەتانەتر و خەمخۆرانەتر بۆ دەرئەنجامەكە دەڕوانن و هەوڵ دەدرێت دۆخەكە چارەسەر بكرێت.
دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، لەسەر بنەمای چەند بەڵێنێك وەك پلە بەرزكردنەوە و بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ لەدوای هەمواری یاسای بودجە، بریاری هەڵپساردنی بایكۆتیاندا.
ئ پ