کوردستانی
رووفاتی 172 ئەنفالكراو بەخاك دەسپێردرێن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەئامادەبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوان و بەرپرسان، لە مەراسیمێكدا رووفاتی 172 ئەنفالكراو لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاك دەسپێردرێن.
مەراسیمەكە بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم و سەرۆككۆماری عیراق و خانمی یەكەمی عیراق و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی و كەسوكاری ئەنفالكراوان و چەندین بەرپرسی دیكە بەڕێوە دەچێت.
هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ راگەیاند، ئەمڕۆ رووفاتی 172 ئەنفالكراو لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاك دەسپێردرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكارییەكان بۆ بەخاكسپاردنی رووفاتەكان كۆتایی هاتووە.
وتیشی، ماوەی پێنج رۆژە هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەستیپێكردووە و لە رێگەی تیمێكی پزیشكییەوە بەپێی پشكنینی (دی ئێن ئەی) لەگەڵ رووفاتەكاندا بەراورد دەكرێت و رووفاتەكان دەناسرێنەوە.
دۆزینەوەی ئەم رووفاتانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 3ی ساڵی 2019 لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی بیابانەكانی سەماوە كە زۆربەیان ژن و منداڵن، هاوكات لەسەر راسپاردەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە پزیشكی دادوەریی بەغدادەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
مەراسیمەكە ئیستا لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە و دەست بە ناشتنی رووفاتی ئەنفالكراوان كراوە.
ئ پ