کوردستانی
وشكەسەرما هەرێم و بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی دەگرێتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەپێی وتەی شارەزایەكی بواری كەشناسی، سبەينێ یەك شەممە وشکە سەرمایەکی بەهێز روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆتایی هەفتەشدا پێشبینی بارانبارین و بەفربارین دەکرێت، بەتایبەت بارینی بەفر لەسەنتەری شاری سلێمانی، دەشڵێت" کاریگەری ئەم شەپۆلە کورت خایان دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە کۆتایی پێدێت .
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە بەرەبەیانی سبەینێ یەک شەممەوە 25ی شوباتی 2024ەوە لەئەنجامی کاریگەری بەھێزی بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیری لە سەر ناوچەکانی وڵاتی ئێران و باکوری ئێران، شەپۆلێکی وشکە سەرما ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەگەڵ چالاکبوونی بای باکوری رۆژھەڵات بەتایبەت لەناوچە شاخاوییە سنوریەکان و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر بەخێرای 20 تا 40کم و ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 50کم لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، وە پلەکانی گەرما لەم ناوچانەدا سبەینێ بەراورد بە ئەمڕۆ 4 تا 6 پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و ھەست بە سەرمایەکی زۆر دەکرێت لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی بۆ ژێر سفر و بەستن لەناوچە شاخاویەکاندا ، لەناوچەکانی دیکەی ھەرێمدا کاریگەری ئەم ئاراستە بایە کەمتر دەبێت بەخێرای 15 تا 25کم/ک و پلەکانی گەرماش 2 تا 3 پلە نزمدەبێتەوە ، ئاسمان ساماڵ و کەمێک پەڵە ھەوری دەبێت لەناوچە شاخاوییە سنورییەکانی ھەولێر کرێوە و بەفر دەبێت.
راشیگەیاند، کاریگەری بای بەھێز و وشکە سەرما بەچالاکی تا رۆژی سێ شەممە 27ی مانگ بەردەوامی دەبێت، لە رۆژی سێ شەممەوە کاریگەری کەمدەبێتەوە، بەڵام بەردەوامی دەبێت تا رۆژانی سەرەتای مانگی داھاتوو.
ئەو شارەزایەی كەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ بەردەوامی ئەم وشکە سەرمایەدا رۆژی سێ شەممە 27ی شوبات لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی سەرەوەی بەرگەھەوا لەدەریای ناوەراستەوە شەپۆلێکی لاوازی بارانبارینی پچر پچر ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوا و ناوەراستی عیراق دەگرێتەوە و کاریگەری ئەم شەپۆلە رۆژی چوارشەممە 28ی مانگ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفر بەرێژەی مامناوەند لەناوچە شاخاویەکاندا، وە پێشبینی بارینی بەفر لەسەنتەری شاری سلێمانیش دەکرێت و کاریگەری ئەم شەپۆلە کورت خایان دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 29ی مانگ کۆتای پێدێت.
پ ح ع