کوردستانی

بۆ یەكەمجار رێنمایی تایبەت بە سەلامەتیی كرێكاران دەردەچێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ یەكەمجار رێنمایی تایبەت بە سەلامەتیی كرێكاران دەردەچێت

مەودا میدیا- 
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان رێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی كرێكاران دەردەكات.

رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، نووسراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی بڵاو كردووەتەوە كە كۆمەڵێك رێنمایی تایبەتن بە پاراستنی كرێكاران لەكاتی كاركردندا. 

بەپێی رێنماییەكانی نوسراوەكە، نابێت كرێكار بچێتە شوێنی كار ئەگەر لەژێر كاریگەریی ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكاندا بێت، پێویستە كرێكاران پاپەندبن بەو ئەركانەی كە پێیانسپێردراوە و ئەو كرێكارانەی لە كارگەكان كاردەكەن پێویستە هەر شەش مانگ جارێك لە یەكێك لە تاقیگە باوەڕپێكراوەكانی وەزارەتی تەندروستی پشكنینی پزیشكی بكەن.

لە بەرامبەریشدا پێویستە خاوەنكار كارئاسانیی و بەدواداچوونی ئەنجامدانی پشكنینەكانی پزیشكی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بكات و وێنەیەك لە ئەنجامی پشكنینەكان بپارێزرێت بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا بخرێتەڕوو. 

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریی و پێداویستییانەی دابیندەكرێن بۆ تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە شوێنی كار، بۆ كرێكاران بێبەرامبەر دەبێت. 

ئ پ


Qaiwan
Qaiwan