کوردستانی

پرسى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت كێشه‌ى گه‌وره‌ى له ناو گۆڕان دروستكردووه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرسى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت كێشه‌ى گه‌وره‌ى له ناو گۆڕان دروستكردووه‌

مه‌ودا میدیا-

مانگى رابردوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆنفرانسى ناوخۆیی به‌ست، له‌و كۆنفرانسه‌دا بڕیاردرا له‌ ناو حكومه‌ت بكێشته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا رێكاره‌كانى كشانه‌وه‌ نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى به‌ مه‌ودا میدیا دراون "پرسى كشانه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو حكومه‌ت كێشه‌كانى بزووتنه‌وه‌كه‌ى قوڵتر كردوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و به‌رپرسانه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌تن ئاماده‌نین راسپاره‌ى كۆنفرانس جێبه‌جێ بكه‌ن و له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ بابه‌تى كشانه‌وه‌ رابگیرێت".

به‌رپرسێكى باڵاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌و باوه‌ به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "كشانه‌وه‌ى یان نه‌كشانه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو حكومه‌ت هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت و ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ به‌رده‌وام بووه‌ باشتره‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ش پڕبكاته‌وه‌".

وتیشى" به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى دروستبووه‌، قورسه‌ ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر پشكى گۆڕان له‌ پۆستى حكومین هه‌موویان پابه‌ندبن، به‌تایبه‌ت ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پابه‌ندى بڕیارى كشانه‌وه‌ نابێت، له‌ كاتى كۆنفرانسه‌كه‌ى گۆڕانیش وه‌زیرى دارایی زۆر نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ستاوه‌ و رۆشتووه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "پێویسته‌ گۆڕان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات و هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ پشكى گۆڕان پۆستى هه‌یه‌ و پابه‌ندى كشانه‌وه‌ نابێت به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات و له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌ریبكات".

هه‌روه‌ها وتى "پێویستبوو گۆڕان پێش چه‌ند ساڵێك ئه‌وه‌ى بكردایه‌، ئه‌وانه‌ى له‌ پشكى گۆڕان له‌ حكومه‌تن، ئه‌گه‌ر ئه‌داو كارى باشیان نییه‌ و خزمه‌ت ناكه‌ن، بیگۆڕینایه‌ و لایبردنایه‌، كه‌سانى شایسته‌ى بخستایه‌ته‌ شوێنیان".

بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها خواستى چه‌ند كه‌سێك بوو له‌ناو گۆڕان و جه‌ماوه‌ر و هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان به‌شداریی كردنى گۆڕانیان پێ باش نه‌بوو.

له‌ ماوه‌ى  كابینه‌ى هه‌شت و نۆ كه‌ گۆڕان به‌شدارى حكومه‌تى كردووه‌، له‌و دوو خوله‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ته‌واوى متمانه‌ى ده‌نگده‌رو جه‌ماوه‌رى له‌ ده‌ستداوه‌ و له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانیان وازیان له‌ حزبه‌كه‌ هێنا، هه‌روه‌ها له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق هیچ كورسییه‌كیان به‌ده‌ستنه‌هێنا.

به‌ گوته‌ى به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ش، بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ته‌واوى متمانه‌ى ده‌نگده‌رى له‌ ده‌ستداوه‌ و جارێكى تر ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌قام.

پێشتر گۆڕان پرۆژه‌ى ئاشته‌وایی هه‌بوو بۆ قسه‌كردن و ئاشتكردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ گۆڕان زویر و نیگه‌رانبوون و دانیشتوون، به‌ڵام دوای چه‌ندین سه‌ردان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى دانیشتوون و وازیان هێناوه‌، پرۆژه‌كه‌ فه‌شه‌لى هێناو هیچ كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو بگه‌ڕێته‌وه‌بۆ ناو گۆڕان.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، ئێستا كێشه‌ى هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنى رێكخه‌رى گشتى گۆڕان كێشه‌یه‌كى ترى ناو گۆڕانه‌ و هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو 25ى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو رێكخه‌ر و خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو خۆى كاندید بكات پرسى رێكخه‌ر هه‌ڵپه‌سێردراوه‌.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان