کوردستانی
بافڵ تاڵهبانى: مژدهى داهاتوویهكى رووناكتان به كوردستان بهخشى
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
بافڵ تاڵهبانى، سهرۆكى یهكێیی نیشتمانیی كوردستان له ساڵیادى راپهڕینه مهزنهكهى كوردستان دهڵێت، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.
هاونیشتمانییانی خۆشەویست
جەماوەری خۆشەویستی رانیە و دەڤەری راپەڕین
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد و جوامێری و ئازایەتیی ئێوە دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئێوە چ مێژوویەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەتان تۆمارکردووە و چەند رۆڵەی قارەمانتان بەم خاکە بەخشیوە، لە یادمانە چەند ئازارتان چەشت و لە چ دەربەدەرییەکدا ژیان، بۆ ئەمەش یەکێتی هەمیشە قەرزاری ئێوە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکانمانە.
دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو. بەڵام وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.
لەماوەی رابردوودا بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان ناوە و ئەنجامەکەشی لای هەموولایەک روونە، بێگومان هەر کارێکیش کە کردوومانە و دەیکەین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان دەبێت و هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە.
دروود بۆ رۆحی شەهیدان و سەربەرزیی بۆ کەسوکارە خۆڕاگرەکەیان
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان