کوردستانی
نرخى به‌نزین بۆ پاس و تاكسى هه‌رزان ده‌كرێت؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین له هه‌رێمى كوردستان و دواكه‌وتنى مووچه‌وه، گرفتێكى به‌رده‌وامى له نێوان شۆفێرانى پاس و تاكسى و سه‌رنشینان دروستكردووه به‌وه‌ى كرێى هاتوچۆ زیادى كردووه، به‌رێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاڵپشتى نه‌كردنى سووته‌مه‌نى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه.
له‌ماوه‌كانى رابردوودا به‌مه‌به‌ستى زیادنه‌كردنى كرێى هاتوچۆ، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له چه‌ند وێستگه‌یه‌كى سووته‌مه‌نیدا بڕێك به‌نزینى بۆ ئۆتۆمبیلى پاس و تاكسى دابینكردبوو، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و پاڵپشتییه‌ى حكومه‌ت نه‌ماوه و ئه‌مه‌ش بووه‌ته گرفت له نێوان شۆفێرانى پاس و تاكسى و سه‌رنشینان به‌وه‌ى كرێى هاتوچۆ زیادى كردووه، شۆفێرانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌و نرخه به‌رزه‌ى به‌نزین ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه سدیق محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند، له ماوه‌كانى پێشووتردا ئێمه داوامان كرد ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ى له به‌غداوه دێت به‌شێكى به نرخى هه‌رزان بدرێت به ئۆتۆمبیلى پاس و تاكسى چونكه زۆرترین خه‌ڵك سوود له هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه ده‌بینن، ئه‌وكاته حكومه‌ت به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه هاتن و خه‌ڵكێكى زۆر سوودى بینى.
وتیشى، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشتى سووته‌مه‌نى ناكات و دیاریش نییه له ئێستادا ئه‌و بڕیاره‌ى پێشووتر جێبه‌جێبكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش واى كردووه كرێى هاتوچۆ زیاد بكات.
ناوبراو باسى له‌وه‌كرد، شۆفێران ته‌نها فشارى گرانى نرخى به‌نزینیان له‌سه‌ر نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك خه‌رجى تریان له‌سه‌ره وه‌ك پاترى و رۆن و پێداویستییه‌كانى تر‌ى ئۆتۆمبیل كه له‌م كاته‌دا به هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلاریشه‌وه هه‌موو ئه‌وانه نرخه‌كانیان به‌رز بووه‌ته‌وه.
پ ح ع