کوردستانی
بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی هەمیشە پشت و پەنای ژنان بووە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە شانازی بەوەوە دەكات كە لە ئێستا و رابردووشدا هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە.
بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ژنانی كورد هەمیشە ئازا و رچەشكێن بوون لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەكان و قوربانیی زۆریشیان بەخشیوە لەپێناو یەكسانیی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاكاریی رەگەزیی.
ئاماژە بەوەشدەكات، مێژووی ژنانی كوردستان لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەكانی گەلی كورددا هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە بۆ هەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لەئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین.
باس لەوەشدەكات، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ژنان رۆڵێكی كاریگەر لە بوارەجیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردا.
سەرۆكی یەكێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە یەكێتی چۆن لە رابردوودا پارێزەر و بەدیهێنەری مافەكانی ژنان بووە، لەداهاتووشدا زیاتر جەختیلێدەكەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕوویاندا دەكەینەوە تاوەكو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاكانەیان لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت.
ئ پ