کوردستانی

سەرۆکى یه‌كێتیی: گلەییەکان زۆرن و جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکى یه‌كێتیی: گلەییەکان زۆرن و جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت

مه‌ودا میدیا-

 بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سەرۆکى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و رایگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت، ده‌شڵێت، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى سەرۆکى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان:
ئەمڕۆ و هەموو رۆژەکانی ژیانمان شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین. 

بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و هەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.

دەبێت لای هەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەمووان بێت. كوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە.

دروود بۆ گیانی شەهیدان و سەرفرازی بۆ کەسوکاریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان