راپۆرت

45 رۆژه‌ مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


45 رۆژه‌ مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌

مه‌ودا میدیا-

45 رۆژ به‌سه‌ر دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى یه‌كى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان تێده‌په‌ڕێت و تا ئێستاش دیار نییه‌ كه‌ى ده‌ست به‌دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى دوو ده‌كرێت.

ئه‌گه‌رچى ماوه‌ى شه‌ش رۆژه‌ به‌غدا زیاتر له‌ 530 ملیار دینارى بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ناردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه‌ و ئاماده‌ نییه‌ مووچه‌ دابه‌شبكات.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى پێشوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كۆبووه‌وه‌ و بڕیاردرا مووچه‌ى مانگى دوو به‌و پاره‌یه‌ى كه‌ به‌غدا ناردویه‌تى بۆ مووچه‌ دابه‌شنه‌كرێت.

شه‌وى رابردوو، ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایی هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند "ئه‌و سیاسه‌ته‌ى به‌غدا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌شى ته‌واوى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم پاره‌ى نه‌ناردووه‌ و به‌شى مووچه‌ى مانگێكی فه‌رمانبه‌رانیش ناكات".

قسه‌كانى وه‌زیرى دارایی هه‌رێم به‌ رونى دیاربوو كه‌ هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى دووى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، به‌و پێیه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌ى تر نه‌نێرێت مووچه‌ دابه‌شناكرێت.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌ دواخستنى دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، فشارى هاوڵاتییان دروستبكات له‌سه‌ر به‌غداو به‌ فه‌رمانبه‌ران بڵێت ئه‌وه‌ ئه‌و به‌غدایه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ داواتان ده‌كرد و ئه‌ویش هۆكارى نه‌دان و دواخستنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌.

هه‌رچى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، كه‌ حكومه‌تى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و بڕیاره‌كانى ئه‌و دوایه‌ى دادگاى فیدراڵیی دژى ئه‌و حزبه‌ بوون، نایه‌وێت له‌و كاته‌دا مووچه‌ دابه‌شبكرێت و ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ خه‌ڵك بكاته‌وه‌ و دواتریش هۆكارى خراپى دۆخه‌كه‌ش بخاته‌ ئه‌ستۆى به‌غدا.

فه‌رمانبه‌ران له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێرشیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و ده‌ڵێن "حكومه‌ت مووچه‌ى ده‌ستگیركردووه‌".

ئاسۆ سه‌ردار، شاره‌زاى ئابوورى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "نه‌دانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دواى 45 رۆژ و له‌ مانگى ره‌مه‌زان كه‌ خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ریش پێویستى به‌ پاره‌ هه‌یه‌ و خواستى له‌سه‌ر خۆراك و شمه‌ك زیاد ده‌بێت كارێكى ناڕه‌وایه‌ و فه‌رمانبه‌رانیش بێزاربوون".


Qaiwan
Qaiwan