راپۆرت

وتەبێژەكەی حكومەت بۆچی ناماقووڵی كرد؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


وتەبێژەكەی حكومەت بۆچی ناماقووڵی كرد؟
وتەبێژەكەی حكومەت بۆچی ناماقووڵی كرد؟ 
ئەی ئەگەر ناماقووڵی نەبوو، بۆچی پۆستەكەی سڕییەوە؟ 

شەوی رابردوو كەسێك بەناوی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستێكی بەپەلە و هەڵكڕوزاوی بڵاوكردەوە و هەموو ئەوانەی بە خۆفرۆش وەسفكرد كە رووبەڕووی دەستبەسەراگرتنی مووچەی نێردراوی فەرمانبەران لەلایەن بەغدا و دزینی مووچەی چەند مانگێكی ساڵی رابردووش لە داهاتی حكومەت بوونەتەوە. 

ئەو كەسەی كە وەك وتەبێژی حكومەتی هەرێم ناماقووڵییەكەی كرد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بووە لەسەر فراكسیۆنی پارتی، ئێستاش هەر بۆ خۆبردنەپێشەوە لە سەرۆكی حكومەتەكەی كە هەر لە حزبەكەی خۆیەتی و بە سێ‌ مانگ جارێك ناتوانێت بیبینێت، دێت و جار جارە قسەیەك فڕی دەدات كە نەیكوڵاندووە و نازانێت واتاكەی چییە.

ئەو وتەبێژەی حكومەت، ئەمجارەشیان بە مەبەستی خۆبیرخستنەوەی لای سەرۆكی حكومەت، هات و لەخۆیەوە، بەبێ‌ پرسی كەس قسەیەكی فڕیدا، بەڵام نەیزانی كە ئەوەی وتوویەتی و پۆستی كردووە، ناماقووڵییەكی زۆر گەورەیە و دەبێتە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕە رەش و كەڕووكردووەكانی حزبەكەی، بۆیە دوای ئەوەی هەر خۆیان لە رێگەی یەكێك لە پاسەوانەكانیانەوە لە دوورەوە بە تەلەفۆنێك ستۆپیان لێكرد، یەكسەر پۆستەكەی سڕییەوە. 
 
جا خۆش لەوەدایە كە وتەبێژی جێگری سەرۆكی ئەو حكومەتەی كە ئەو خۆی بە وتەبێژی دەناسینێت وتی، ئێمە لە كابینەی نۆیەم كەسێكمان نەبووە و نییە وەك وتەبێژ، بەڵكو ئەوە رای تیمە وەزارییەكەیەتی كە پارتییە. 

ئەو بەناو وتەبێژە كە بەرگریكردن لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و پشتگیرییلێكردنیان بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەكانیان بە خۆفرۆشیی دەزانێت، بیری چووە كە حزبەكەی هەر بە تەنها لە ساڵی 2023 دا مووچەی سێ‌ مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی خواردووە كە دەكاتە نزیكەی 3 ترلیۆن دینار و ئەوەتا ئەمساڵیش وا دەچینە مانگی چوارەوە بەڵام هێشتا مووچەی مانگی دوویان نەداوە لە كاتێكدا پارەكەش لەلایەن بەغداوە نێردراوە. 

ئەرێ‌ خۆفرۆشیی ئەبێ‌ چ واتایەك لەوە روونتری هەبێت كە دەبابەی دوژمن بەویستی خۆت بێنیتە ناو پایتەختی هەرێمەكەت و سەر بینای پەرلەمانەكەت؟ 

جا لە هەمووی سەیرتر، ئەو وتەبێژەی حكومەت بە نازناوەكەی بەشێكی زۆری هەورامییە عەزیزەكانی توڕە و نیگەران كردووە، چونكە لایان روونە كە لە ژێر ناوی ئەو هەورامانە گەورە و شیرینە چی دەكات و چی دەڵێت و چۆن بەهۆی نازناوەكەی ئەوەوە خەڵكی لە هەورامییەكانیش توڕە و نیگەران كردووە. 
 
ئەرسەلان پەرۆش 
Qaiwan
Qaiwan