بەهێز  حسێن

بەهێز حسێن

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات


سەرنج بدەن بزانن و عەرەب چۆن سەرکردەکانی خۆیان دەپارێزن و رادەستی دوژمنەکانیان ناکەن!
ئیسماعیل هەنییە و خالید مەشعەل، دوو سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینن و شەڕ دژی ئیسرائیل دەکەن، لە وڵاتێکی بچووکی وەک قەتەر داڵدە دراون، ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆی و لۆبی کاریگەریی لەسەر ئەمەریکا و ئەوروپا، بەڵام ناتوانێت پێیان بگات، یان فشارە زۆرەکانی نەگەیشتوونەتە ئەو رادەیەی قەتەر و وڵاتانی تری عەرەب رادەستی ئیسرائیلیان بکەن !
بەپێچەوانەوە عەرەب بەرگرییان لێدەکەن و دەیانپارێزن و هۆشداریشیان بە ئیسرائیل داوە کە نەکەن لە وڵاتەکانیان هەوڵی تیرۆرکردن یان فڕاندنیان بدەن .
ئێمەی کورد لە رابردوودا چەندین سەرکردە و رابەری شۆڕشگێڕمان لەلایەن دوژمنانەوە لەسێدارە دراون یان تیرۆر کراون یان رفێنراون و لە کونجی زیندان خزێنراون، چونکە نەمانتوانیوە بیانپارێزین !
 کوردی دەیان ملیۆن کەس و دەیان حزب و چەندان زۆنی ئازاد نەیتوانیوە سەرکردەکانی خۆی بپارێزێت و بەرانبەر بە پاکتاوکردن و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ژیان لە دوژمنەکانی بکات بە دۆزەخ !
بۆ کورد بەرانبەر دەستگیرکردن و نەفیکردنی شێخ مەحمودی حەفید بۆ هیندستان نەیتوانی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن و بەرانبەر بەو هەنگاوەی داگیرکاران بوەستنەوە؟
بۆچی قازی محەمەد، کورد لە باشوور یان ڕۆژئاوا یان باکوور نەیانگرتە خۆ و بیپارێزن تا بەو ئاسانییە بە پەتدا نەکرێت؟ 
بۆچی مەلا مستەفا ناچاربوو بەرەو رووسیا هەڵبێت و لەوپەڕی دونیا بمرێت و پارچەیەکی کوردستان نەبوو گەرەنتی مانەوەی بداتێ؟
بۆ کورد نەیتوانی بەر بە رادەستکردنی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانی بگرێت و نەهێڵرێت لەسێدارە بدرێن؟
بۆ کورد لە چوار پارچە نەیانتوانی ئۆجەلان بگرتنەخۆ تا ناچار نەبێت وڵاتە و وڵات خۆی بشارێتەوە تا دوایی بفڕێنرێت؟ ئەی ئێستا بۆ ناتوانن فشار بکەن ئەو و دەمیرتاشیش ئازادکرێن؟
ئەی ئێستا کورد بۆ ناتوانێت سەرکردە خەباتکارەکانی ( پەکەکە و دیموکرات و کۆمەڵە) لەخۆبگرێت و ناچارنەبن ئاوارەی وڵاتانی تر ببن کە هیچ گەرەنتییەک نییە لە چرکەیەکدا رادەستی وڵاتە داگیرکارەکانیان نەکەنەوە؟
ئێمە گەلێکین نە خۆمان و نە سەرکردەکانمان  ناپارێزین  و گلەیی لە دوژمن دەکەین، دەبێت چاو لە گەلی ئەفغان بکەین کە مەلا محەمەد ئاخوندی رابەری تاڵیبانیان لە خۆگرت و لەسەردەمی داگیرکاریی ئەمەریکاشدا پشتیان لێنەکرد و نەتوانرا دەستگیربکرێت یان بکوژرێت، پەند لە عەرەب وەربگرین کە حەسەن نەسروڵڵا و هەنییە و مەشعەل و عەبدولمەلیک حوسی دەپارێزن و رێگە نادەن بە ئاسانی دوژمن دەستی پێیان بگات.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan