راپۆرت

هاوڵاتییان و چاودێران: پارتى خیانه‌تى له‌ خوێنى كورد كرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوڵاتییان و چاودێران: پارتى خیانه‌تى له‌ خوێنى كورد كرد

مه‌ودا میدیا-

رازاندنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر كه‌ ره‌مزى كوردایه‌تى و هۆلاكۆ به‌زێنه‌، هاوكات پڕكردنى شار و شه‌قام و كوچه‌و كۆڵانه‌كانى شارى هه‌ولێر به‌ ئاڵاى توركیا، نیگه‌رانى و توڕه‌یی خه‌ڵك و چاودێرانى به‌دوادا هاتوو ده‌ڵێن، پارتى خیانه‌تى له‌ خوێنى كورد كرد.

ئاراز سابیر، هاوڵاتیی له‌و باره‌وه‌ به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "ئه‌و كاره‌ى كه‌ پارتى ده‌یكات بۆ ئه‌ردۆغان و رازاندنه‌وه‌ى شار به‌ئاڵاى توركیا، به‌ته‌واوى خیانه‌تبوو له‌ خوێنى ئه‌و كوردانه‌ى كه‌ به‌ ده‌ستى توركیا شه‌هیدكران".

باسى له‌وه‌شكرد "ئه‌ردۆغان له‌سه‌روبه‌ندى ریفراندۆم هێرشى توندى كرده‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و كورد، ره‌نگه‌ به‌ پیلانى ئه‌ویش هه‌رێمى كوردستان لاوازكرابێت، به‌ڵام پارتى هه‌ر زوو ئه‌وه‌ى له‌بیركرد و ئێستا قه‌ڵاى هه‌ولێرى بۆ رازاندووه‌ته‌وه‌".

عه‌باس جه‌لیل، چاودێرى سیاسى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "هه‌ر هه‌فته‌ى رابردووبوو دوو گه‌نجى كورد له‌ شارباژێر و له‌ سنورى ئامێدى به‌ بۆردوومانى توركیا شه‌هیدكران و هێشتا ئه‌و دوو خێزانه‌ پرسه‌دارن، به‌ڵام پارتى بێباكانه‌ له‌برى هه‌ڵوێست و مه‌ردایه‌تى، كارى نامه‌ردانه‌ى كرد".

"رۆژانه‌ توركیا هێرش و بۆردوومانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات حكوومه‌ت و به‌رپرساتى بچوكترین هه‌ڵوێستیان نه‌بووه‌، به‌ڵام خۆیان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌رۆدغان ئاماده‌كردووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ رووینه‌دابێت".

ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ولێرییه‌كان به‌و كاره‌ى پارتى نیگه‌ران و ناڕازین، به‌ڵام به‌رپرسانى پارتى و به‌رپرسانى پارتى كه‌ له‌ناو حكومه‌تى هه‌رێمن ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى تر نۆكه‌ریی خۆیان بۆ بێگانه‌ دوپاتكرده‌وه‌".


Qaiwan
Qaiwan