راپۆرت

ئەشکەوتی شانەدەر و مێژووی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەشکەوتی شانەدەر و مێژووی کوردستان
مەودا میدیا- نەزیرە حارس

ئێمە وەکوو کورد، لەمێژە زانیاریمان هەیە (ئەگەر بەپێی پێویستیش نەبێت) لەسەر ئەوەی کوردستان شوێنی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان و لانکەی سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی بووە، بەهۆی بوونی چەندین شوێنەوار و پاشماوەی ژیان و شارستانییەتەکان کە بۆمان بەجێماون و کەم تا زۆر کەسانێک هەبوون و هەن لەناو کورددا؛ لەسەر ئاستی کەسیی گرنگی بەم بابەتە دەدەن و دەگەڕێن بە دوای سەرچاوە و نووسینە کۆنەکاندا، کە لەلایەن خەڵکانی دەرەکی و لە شوێنی تایبەت پارێزراوەن. بەڵام هیچ کاتێک وەکوو ئێستا ئەو بڕوا و دڵنیاییەمان لە لا دروست نەبووە، کە ئەویش بەهۆی دۆزینەوەی (شانەدەر- Z)ەوەیە.

(شانەدەر- Z)، ئەو مرۆڤە نیاندەرتاڵەیە کە تیمی کنە و پشکنینی زانکۆی کامبریدج بە دۆزینەوەی دوو سەد پارچە ئێسکوپروسکی ژنێک لە تەمەنی چلەکانیدا، کە حەفتا و پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر لە زنجیرەچیای زاگرۆسدا ژیاوە و دواتر کە مردووە، لە ئەشکەوتەکەدا بە گوڵ و گیا داپۆشراوە و نێژراوە. 

لە ئێستادا (شانەدەر- Z) بووەتە باسوخواسی هەموو جیهان و دوای دۆزینەوەی ئەو 10 مرۆڤە نیاندەرتاڵە دێت کە لە ساڵانی پەنجاکان بۆ شەستەکان لە لایەن شارەزای مێژوو و زانستی شوێنەوار (پرۆفیسۆر رالف سۆلیک) دۆزرانەوە، بەڵام بەداخەوە، ئەو کاتە بەهۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردەوە و بوونی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بەسەر ناوچەکەدا، نەتوانرا دۆزینەوەکە بگاتە ئەنجام. لە لایەکی تریشەوە، ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە، بە هەموو هێز و توانای سیاسی، ئابووری، مرۆیی و ئەو رەگەزپەرستییەی کە هەیانبووە، هەوڵیان داوە کە مێژووی کورد وەکوو نەتەوە و وەکوو ناوچەی کوردستان بشێوێنن و بیسڕنەوە. هەروەکوو چۆن کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر خۆیاندا، بە هەمان شێوە مێژووەکەشیان دزیوە و دابەشیان کردووە یان لە باشترین دۆخدا، شاردوویانەتەوە.

 خۆشبەختانە، لەدوای گەڕانەوەی کەمێک ئارامیی بۆ کوردستان و ناوچەکە، تیمێکی پسپۆڕی مێژوو و شوێنەوارناس لە زانکۆی کامبریدج، بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر گرایم بارکر و پرۆفیسۆر ئێمی پۆمیرۆی، بەهۆی شارەزایی زانستی و وردیی لە کارەکەیان و ئیشکردنی بێلایەنانە، توانییان بۆ گشت جیهانی بسەلمێنن کە کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی (مرۆڤی نیاندەرتاڵ) تێیدا ژیاوە لەدوای کیشوەری ئەفریقاوە. هەر ئەوەندەش نا، بەڵکوو جیاواز لە هەموو شوێنەکانی تر، نیاندەرتاڵەکانی کوردستان، بەهۆی لەباریی جوگرافیای کوردستانەوە، جۆرێک لە دانەوێڵە و گژوگیایان تێکەڵ کردووە و هەویریان لێ دروست کردووە و ئاگریان بەکار هێناوە بۆ ئامادەکردنی هەویرەکە و بۆ خۆگەرمکردنەوە و رووناکییش. هەروەها مردووەکانیان بە گوڵ و گیا داپۆشیوە وەکوو پارێزگاریکردن لێیان، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو راستییەی کە نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر، کێویی نەبوون (وەحشی نەبوون) وەکوو ئەوەی کە پێشتر دەوترا. لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر بارکر دەڵێت: بەکارهێنانی ئاگر و خواردن ئامادەکردن و ژیانی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە مردووەکان، جۆرێکە لە رۆشنبیری. 

رۆژی سێشەممە، رێکەوتی 14ی ئایاری 2024، سەردانی ئەشکەوتی شانەدەرمان کرد و چاومان کەوت بە تیمی زانکۆی کامبریدج و لەگەڵ پرۆفیسۆر گرایم بارکر گفتوگۆمان کرد، بەڵام بەداخەوە، پرۆفیسۆر ئێمیمان نەبینی، بەهۆی ئەوەی شەوی پێشوو گەڕابووەوە بۆ کوردستان و زۆر ماندوو بوو و نەیتوانیبوو بێت بۆ ئەشکەوتەکە. 

بەخۆشحاڵییەوە، پرۆفیسۆر بارکر کاتێکی باشی بۆ تەرخان کردین و بەبێ بێزاربوون، زانیارییەکانی بۆ باس کردین (هەرچەندە کاتی حەوانەیان بوو، بە خۆی و دەفرەکەی کە بە دەستییەوە بوو، هەندێک خواردنی سووکی تێدا بوو وەکوو ژەمی نیوەڕۆ، کە بریتیبوو لە کەمێک برنج و هێلکەیەکی کوڵاو و هەندێک سەوزە)، بەڵام بە روویەکی خۆشەوە لەگەڵمان دووا. داوامان لێ کرد کە پرۆفیسۆر ئێمی ببینین، بەڵام وەکوو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، وتی: "زۆر ماندووە و ناتوانێت بێت."

لەگەڵ پرۆفیسۆر بارکر، باسی ئەشکەوتی (هەزارمێرد)مان کرد لە ناوچەی سلێمانی، کە لە رووی گرنگیی مێژووییەوە هیچی کەمتر نییە لە ئەشکەوتی شانەدەر و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، مرۆڤی نیاندەرتاڵ و دانەوێڵەی تێدا دۆزراوەتەوە. پرۆفیسۆر بارکر زۆر خۆشحاڵ بوو بەو زانیارییانە، هەرچەندە پێ دەچوو کە پێشتر بیستبێتی. کاتێک ناو و ناونیشانی خۆمان و (ئینستتیوتی نارین)م دایە، پرۆفیسۆر بارکر پێی باش بوو کە سەردانیان بکەینەوە و پەیوەندی و هەماهەنگییان بۆ دروست بکەین لەگەڵ زانکۆی سلێمانی، بە مەبەستی  ئیشکردن لەسەر ئەشکەوتی هەزارمێرد و شوێنەوارە مێژووییەکانی تری پارێزگای سلیمانی. 

پرسیاری ئەوەشمان لێ کرد، کە ئێمە وەکوو کورد یان وەکوو کوردستان دەکەوینە کوێی ئەو دۆزینەوە گرنگەی (شانەدەر- Z)ەوە، ئەو وتی: "ئەم دۆزینەوەیە بۆ کورد وەکوو نەتەوە و بۆ کوردستان وەکوو نیشتمانی کورد، زۆر گرنگە و جێی بایەخی هەموو دنیایە، کورد مافی خۆیەتی شانازیی بە وڵاتەکەیانەوە بکەن و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکات."

 پرۆفیسۆر بارکر نیگەرانیی خۆی نەشاردەوە لە دوو بابەت، یەکەمیان؛ کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی کوردی و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ بواری مێژوو و زانستی شوێنەوارناسی. دووەمیان؛ گرنگینەدان بە پێگەیاندنی کادیری شارەزا لەو بوارەدا، هەم وەکوو دەسەڵات و هەم وەکوو نەتەوە، بۆ قووڵبوونەوە و ئامادەکردنی باس و لێکۆڵینەوەی زانستی، بەو پێیەی کوردستان شوێنێکی دێرینی مێژوویی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان و هەتا ئێستا ئیشی جدیی لەسەر نەکراوە. 

هەروەها وتی: "پێویستە کورد بۆ داهاتوو زیاتر بایەخ بە بواری مێژوو و زانستی شوێنەوارناسی بدەن، نەک هەر بە بواری ئەندازیاری و کۆمپیوتەر و...هتد."

ر.س

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رۆڵی ژنانی گوندنشین لە بواری کشتوکاڵیدا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئۆپەراسیۆن و شکانی شکۆ

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

پەکەکە و ژمارەکان و ئاسۆیەکی ناڕوون

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام…

لەلایەن رێبوار کەریم وەلی