راپۆرت

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سەروەختی "یەکێتییەکی گەمارۆدراو"دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سەروەختی "یەکێتییەکی گەمارۆدراو"دا
 مەودا میدیا-

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێدەنێتە تەمەنی ٤٩ ساڵەی خۆیەوە، زۆر هەوراز و نشێوی بینیوە، هەندێکجاریش تامی شکستی کردووە، بەڵام هەڵساوەتەوە و مەیدانی کاری سیاسی و بەرخودانی نیشتمانی بۆ هیچ هێزێکی دیکە چۆڵ نەکردووە، بەوەش تاکە هێزە پیلانگێڕیی دۆست و نەیارانی نەیانتوانیوە کۆتایی پێ بهێنن، بەڵکو دەمی ئێستا کە دەمی هەڵسانەوەی دوای گەمارۆدانی چەند ساڵەیەتی لە هەموو کات بەهێزترە.

(١)

یەکێتیی خەڵک و قۆناغی رێبەرایەتیی تاڵەبانی

دەمی دامەزراندنی یەکێتی، دەمی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بوو، خەڵک تەواو لەنێو لێڵیی ئاسەوارەکانی نسکۆی شۆڕشدا بوون، بەعس مژدانەی کۆتایی و دڵنیابوون لە هەڵنەسانەوەی شۆڕشی دەبەخشییەوە، بەڵام بارودۆخەکە پێچەوانە بووەوە، مام جەلال دەرکەوتەوە و بووە هیوای خەڵک.

دامەزراندنی یەکێتی لەو دۆخی بێ هیواییەدا، ئیرادەی خەڵکی دەمەزەردکردەوە، بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە شامەوە و کەوتنەوە جموجووڵی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان، بوونە سەرەتای هەڵگیرسانەوە، بەڵام جیاوازتر لە پێشوو: یەکێتیی خەڵک و شۆڕشی نوێ جاڕی بەرگرییان لێدا، قۆناغی رێبەرایەتیی راستەقینەی تاڵەبانی دەستیپێکرد.

(٢)

شاخ بۆ بەرگری و دۆڵ بۆ پیلانگێڕی

هێزی یەکێتی لە خەباتی شاخ بوونە تۆمارچیی داستان و نەبەردی، داربەڕووەکان بوونە قەڵای قایمی شۆڕش، تیپ و هەرێم و پێشمەرگە لە یەک و دوو و سێوە بوونە شەش و حەوت و هەشت، جەماوەر بوونە هەزاران و خوێنی شەهیدان بەرد و دار و کانیاوەکانیان سوورکرد، وەلێ رێبەر هەر مام جەلال و قیادە هەمیشەیی بوو نەک موەقەتە، بۆیە سەنگەری خەباتیان فراوانکرد و بۆ "مقاوەمەت"ی تا سەرکەوتن سەنگەریان لێدا نەک بە "موەقەت" بگەڕێنەوە شاخ و نیوەی سەنگەریان لەم دیو و نیوەکەی دیکەش لەو دیو بێ و رێی یەدەکیش بۆ راکردن دەستنیشان کرابێت.

یەکێتی؛ شاخی کردە کوانووی خەبات و بەرگری و سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد، ئەوانی دیکەش لە "دۆڵ"ەوە کەوتنە پیلانگێڕی لە خەڵک و شۆڕش و یەکێتی.

(٣)

شڕەخۆریی راپەڕین و ئاگری نەورۆزی کەرکوک

خەڵک و پێشمەرگە سەرقاڵی راپەڕینن، یەکێتی لە رانیەوە دەستیکرد بە کێوماڵکردنی بەعس و بست بە بست خاکی کوردستانی لە بەعس پاکدەکردەوە، پلانی رزگارکردنی کەرکوک دانرا و پێشمەرگە بە ورەوە بەرەو لەئامێزگرتنی ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ کەوتنە رێ، هێزی سیاسیش هەبوون دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی جاش و پاشماوەکانی بەعس لە دەوری خۆیان، یەکێتی کەرکوکی ئازادکرد و ئەوانیش ئۆتۆمبێل و نەفلی رەبییەکانی بەعس، یەکێتی بەڵگەنامەی کۆدەکردەوە، ئەوانیش شۆفڵ و حەفارە، کاروانی پێشمەرگەی یەکێتی بەرەو بەدرە و جەسان و قزڕابات و خانەقین، کاروانی ئەوانیش بەرەو سنوور بۆ فرۆشتنی شتومەکە جێماوەکانی بەعس، ئەو کاتەی یەکێتی بۆ یەکەمین جار و دوای ئازدکردنی ئاگری نەورۆزی لە کەرکوک کردەوە، حزب هەبوو سەقاڵی فرۆشتنی نەفلی شەڕ بوو لەسەر سنوور.

(٤)

یەکێتیی زۆر شتی دیکەیشی کرد، بۆ خۆی نا بۆ خەڵک..

ئەوانیش زۆر شتیان دەستکەوت، بۆ خەڵک نا بۆ خۆیان..

(٥)

پیلانگێڕیی لە مام جەلال، خەونی کوشتنی یەکێتی

سەرۆک مام جەلال خەونی گەورەی بۆ کوردستان هەبوو، چەسپاندنی فیدراڵی، چەسپاندنی هەرێمی کوردستان لە دەستووری هەمیشەیی، بنیاتنانی ئاشتی هەمیشەیی و پێشخستنی ئەزموونی فەرمانڕەوایی لە عیراق، گرەنتی دووبارە جینۆساید نەکردنەوەی خەڵکی کوردستان، دروستکردنی هاوپەیمانێتیی کوردی- سوننی- شیعی بۆ بنیاتنانی عیراقێکی فیدراڵی و جێگیرکردنی سیستمی دیموکراسی، بۆ ئەوەش هەموو تواناکانی لەسەر ئاستی عیراق خستەگەڕ تا ئەو کاتەی نەخۆشی بووە بەربەست لە جووڵە و چالاکییە سیاسییەکانی.

ئیتر پیلان لەدوای پیلان لە یەکێتی کران، نەیاران بە دنەدانی هێزی سواوی ناوخۆیی یەکێتییان بەرەو لێواری مەرگ دەبرد، هەبوو لەژێر ناوی دڵسۆزی و هەشبوو هەر ئاشکرا بە دەنگی ناسازی "فاتیحە"ی بۆ یەکێتی دەخوێند، جا هەشبوو لەژێر ناوی رێبازی مام جەلال دەیویست ببێتە دەمڕاستی دەنگ ناساز، ساڵانێک وا رۆیشت، ئیتر نهێنی مەتەڵی کوشتنی یەکێتی ئاشکرابوو، بەڵام ریسی نەیاران کرانەوە بە خوری.

(٦)

بافڵ تاڵەبانی درەنگ دەرکەوت؟

بافڵ جەلال تاڵەبانی نەدەبوو لەوە زیاتر بێدەنگ بێت، ئەو دەیدی گورز لەدوای گورز بەر یەکێتی و مام جەلال دەکەوێ، کەچی هەر بێدەنگ بوو، ئێ ئیتر یەکێتی تینی بەرگری تیا نەما، بۆچی دووری گرتووە و فوویەک بە بووقی هەڵسانەوەدا ناکات؟

ئەفسانە و چیرۆک و مەیدانی شەڕە راستەقینەکانیش دەیسەلمێنن کەوا هەر گورزێ لە کاتی خۆیدا نەیوەشێنی، کاریگەریی تەواوەتی نابێت، ئەوە نهێنیی بێدەنگییەکەی تاڵەبانیی کوڕ بوو، بۆیە کە دێتە مەیدان دەبینین لە یەکەم گورزدا زۆر نەیار وەلا دەخات، زۆر چیرۆک و پیلانگێڕی کۆتایی پێ دێنێت و دەباشان دەکاتەوە مەرجەع، ئەرکی قۆناغی رێبەرایەتیکردنی راستەقینەی یەکێتی دەگرێتە دەست و هەزاران ریس دەکاتەوە بە خوری.

(٧)

بەڵێ بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی
تەمەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٤٩ ساڵە، قۆناغی مت بوون، بەڵێ بۆ ناحەق، بێدەنگی بەڕووی قۆرخکاری و غروری سیاسی، تاکڕەویی لە حوکمڕانی، فرە هێزی و کوێخایی، بزنس و چاوبرێستی بەرپرسەکان، سەرانە و گیرفان پڕکردن، بەرپرسیارێتی پشت مێز و سامان کۆکردنەوە، پشتکردنە دۆست و براکان، بەڵێی یەکێتی بەرژەوەندیخوازانەی تەسک کۆتاییان هات و یەکێتیی نوێکرایەوە، ئێستا یەکێتی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلالە.

کەواتە بەڵێ بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی.

 
Qaiwan
Qaiwan