نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کارکردنی ژن و کەرتی تایبەت و گشتی

دیدگای لاوازی و نیوەیی بەرانبەر بە ژن، هێشتا گەورەترین بەشی ئەو کێشانە پێک دەهێنێت کە ژنان تا ئێستاش بەدەستیانەوە دەناڵێنن. سەرباری ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەو کێشانەی دەبنە رێگر و و پەراوێزخستنیان، بەڵام توانیویانە لەو بوارانەدا کە کاریان تێدا کردووە، سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن.

چەندین سەدەیە، لەگەڵ هاتنی چەندین نەوەی جیاواز، ئایدیا و ئایدۆلۆژیای جیاوا، کولتووری جیاواز، هێشتا ئەم دیدگایە بەسەر بە هەموو پایەکانی کۆمەڵگەدا زاڵە، هەیە ژنی کردووە بە کاڵایەکی بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکات، هەشە دەیەوێت ژن نابینا و نابیست بێت و لە ماڵەوە قەتیس بکرێت لەژێر ناوی پاراستنی، هەشیانە بێبەرانبەر کاری کرێکاری و جووتیارییان پێ دەکەن. پیاویش هەیە خۆی وا لە قەڵەم دەدات کە باوەڕی بە یەکسانیی ژن و پیاو هەیە، بەڵام لە کرداردا بە پێچەوانەوە رەفتار دەکات و دووڕووە؛ ئەمانە لە کەسە دژەکان مەترسیدارترن. کەسانێکیش هەن بە ناوی ئایین و شەریعەتەوە بە هەڵە لێکدانەوە بۆ دەق و فەرموودەکان دەکەن و خۆیان دەکەن بە موشەریع و فەتوا دەردەکەن و هەمووشی بۆ چەوساندنەوەی ژنە.

لەگەڵ ئەم هەموو کێشانەی کە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە، هێشتا زۆرانبازی لەگەڵ ئەم دیدگا کۆنەپەرستانەیە دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و بیچەسپێنن، یەکێکیش لەو بوارانەی کە شەڕی بۆ دەکەن، ئابوورییەکی سەربەخۆیە. تێڕوانینی کۆمەڵگە وایە کە ژن لە کەرتی گشتیدا کار بکەن باشترە لە کەرتی تایبەت، ئەمەش بەهۆی چەندین فاکتەرەوەیە کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژەیان بۆ دەکەین:
- نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی وەک ئەوەی لە کەرتی گشتی و یاساکانی کاردا هەیە، هەروەها زۆر جار و لە زۆر شوێن دەرماڵەی مەترسییان پێ نادرێت ئەگەر کارەکانیان مەترسیدار و زیانبەخش بێت، وەک ئامرازێک و ئامێرێک کاریان پێ دەکەن، ئەگەر بە هەر هۆکارێکیش کەمێک لە کار بوەستن، بەبێ هیچ قەرەبوویەک و پاداشتێک دووریان دەخەنەوە.
- زۆر جار بەهۆی نەبوونی کار لە جۆری پسپۆڕییەکان، ناچار دەبن لە بوارێکدا کار بکەن کە پەیوەندی بە پسپۆڕییەکانیانەوە نییە، ئەمە کاریگەری لەسەر ئەدای کارەکەیان دەبێت و ناتوانن داهێنەر بن، ئەمە جگە لەوەی کەسەکە باری دەروونیی ئارام نابێت، دوای ماوەیەکیش ئەو زانستەی فێری بووە، بیری دەچێتەوە. 
- بێبەش دەبن لەو ئیمتیازاتانەی کە لە کەرتی گشتیدا هەیە، وەک: پلەبەرزکردنەوە، زیادکردنی مووچە، ئیفاد، خانەنشینی و بەخشینی زەوی...
- مۆڵەتی منداڵبوون و نەخۆشیی زۆر کەمترە بەراورد لە کەرتی گشتی.
- کاتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت زیاترە لە کەرتی گشتی.
- لە کەرتی گشتیدا ئەگەری گەیشتن بە ناوەندی بڕیار زیاترە لە کەرتی تایبەت و پلەبەندی هەیە.
- یاساکانی بیمەی کۆمەڵایەتی کەموکوڕی تێدایە و جێگەی باوەڕیش نین و جاری واش هەیە لە لایەن خاوەنکارەوە بیمەی بۆ ناکرێت و بەدواداچوونیش نییە لە لایەن سەندیکا پەیوەندیدارەکان و حکومەتەوە.
- خاوەنکار مافی ئەوە دەدات بە خۆی هەر کات و بە هەر بیانوویەک بێت کرێکار، یاخود کارمەند لەسەر کارەکەی لابدات، بەبێ بوونی هیچ قەرەبوویەک.
- زۆر جار دیدگای کۆمەڵگە بۆ ژنی کرێکار یاخود خاوەن پیشە لە کەرتی گشتیدا تەندروستترە.
- ئەو ژنانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، لە هاوسەرگیری و منداڵبوون دەترسن، نەوەکوو ببێتە هۆی دەرکردنیان لە کار.

لەگەڵ ئەم هەموو ئاڵنگارییانەش، ژنان بەناچاری و بەهۆی ئەو بارە ئابوورییەی ناوچەکە و جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، پەنا دەبەنە بەر کار بۆ پەیداکردنی بژێوی.

ئەگەر کەرتی تایبەت وەک کەرتی گشتی مافەکانی تاک فەراهەم بکات، ئەوا قورسایی لەسەر کەرتی گشتی زۆر کەمتر دەبێتەوە.

خ.غ 


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan