راپۆرت

پارتى به‌ كیلۆمه‌تر خاكى كوردستان ده‌فرۆشێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتى به‌ كیلۆمه‌تر خاكى كوردستان ده‌فرۆشێت

مه‌ودا میدیا-

ماوه‌ى دوو رۆژه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان سوپاى توركیا له‌ سنورى دهۆك هاتووه‌ته‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان و تا ئێستاش حكومه‌تى هه‌رێم و پارتی دیموكراتى كوردستانیش هیچ قسه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌داوه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك سوپاى توركیا هاتونه‌ته‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان و ده‌چنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ دیاریكراوه‌ له‌ناو شوێنى نیشته‌جێبوونى هاوڵاتییانى گوندى كێسته‌ له‌ سنورى ئامێدى. 

پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و سنوره‌ى به‌ده‌سته‌ و به‌تایبه‌تیش حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێست و روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر هاتنى سوپاى توركیا بۆ ناو خاكى هه‌رێم نه‌داوه‌.

ره‌نگه‌ هاتنى سوپاى توركيا بۆ ناو خاكى هه‌رێم یه‌كێك بێت له‌ رێككه‌وتنى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى پارتى كاتێك مانگى رابردووتر هاته‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ باره‌ى هاتنى ئه‌و هێزه‌ى سوپاى توركیا و داگیركردنى به‌شێكى خاكى هه‌رێم ده‌ڵێن، پارتى بێده‌نگه‌ و سه‌رۆكى حكومه‌تیش كه‌ جێگرى سه‌رۆكى پارتییه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و داگیركارییه‌ هیچ قسه‌یه‌كى نییه‌.

كاوه‌ مورشید، چاودێرى سیاسى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "پارتى خۆى رێگاى داوه‌ به‌ هاتنى سوپاى توركیا بۆ ناو خاكى هه‌رێم و هیچ هه‌ڵوێستیشى نابێت، له‌ رابردوو به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان توركیا هاتونه‌ته‌ ناو خاكى هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ئاشكراو به‌ناو شوێنى نیشته‌جێبوون تێپه‌ڕیون".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، ئاژانسى رۆژنیوزى سه‌ر به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان نوسیویه‌تى "سوپاى توركیا به‌ هاوكارى و چاوساغى پارتى دیموكراتى كوردستان هاتونه‌ته‌ ناو هه‌رێمى كوردستان و به‌ قوڵایی چه‌ندان كیلۆمه‌تر خاكى هه‌رێمیان داگیركردووه‌".

هاوكات عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتارى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان باسى له‌وه‌كردووه‌ "سوپاى توركیا به‌شێوه‌یه‌كى فراوان هاتونه‌ته‌ ناو خاكى هه‌رێم و له‌ گوندى كێسته‌ تێپه‌ڕیوون، حكومه‌تى عیراق و هه‌رێمیش بێده‌نگن".



Qaiwan
Qaiwan